کتێبی ''ڕێگەی کاوە'' نوێترین بەرهەمی ''جەلیل ئاهەنگەرنژاد''، شاعیر، نووسەر و ڕۆژنامەوانی کرماشانی چاپ کرا و خرایە بەر دیدی خوێنەرانەوە.
''جەلیل ئاهەنگەرنژاد'' لەبارەی پێویستیی ئەو بەرهەمەوە وتوویەتی: ''زۆرێک لە کتێبەکان بەپێی نیازەکانی کۆمەڵگا دەنووسرێن، کرماشان ئەمڕۆ بە دوای گەڕاندنەوەی شوناسی فەرهەنگی- مێژوویی خۆیەتی".
ناوبراو وتوویەتی: ''ناوچەی کرماشان کە بنزاراوە و زمانی خۆی هەیە، شێعر وەکوو یەکێک لە کۆڵەکە گرینگەکانی پاراستنی شوناسی فەرهەنگی، بە شێوەی جوان لە حاڵی ئافەراندندایە، چیرۆکیش ڕەوتی ژیانەوەی خۆی دەپێوێت. هەموو بوارەکان وەگەڕ خراون و ئێستا کاتی نواندنەوەی بەرهەمە ئەدەبییەکانە و پێویستییان بە پێداهاتنەوەی ئەم بەرهەمانەیە کە کتێبی ڕێگەی کاوە لەو ڕاستایەدا هەنگاوی هەڵگرتووە''.
''ئاهەنگەرنژاد'' هەروەها لەبارەی کتێبی ''ڕێگەی کاوە'' باسی لەوە کردووە، لەو کتێبەدا هەوڵ دراوە ڕەوتە ئەدەبییەکانی کوردیی ئەو ناوچەیە لێکۆڵینەوەیان لەسەر بکرێت و ببووژرێنەوە و بناسرێن و سەرەڕای ناساندنی پێوەرەکانی ئەدبیی ئەم بنزاراوە کوردییە، هەوڵ دراوە حەزی بەردەنگەکانی فەرهنگ و ئەدەبی کوردی وڵام بداتەوە.
''جەلیل ئاهەنگەرنژاد'' هەتا ئێستا چەندین بەرهەمی کوردیی وەکوو: ''نەرمە واران، تەم و ڕۆژ" و چەندین بەرهەمی دیکەی بە فارسی بە ناوەکانی: "تصحیح و پژوهش حماسه کُردی، طعم روزهای نیامده و خوابهای خانقین''، نووسیوە.