کوردستان میدیا: کۆڕی پەردەلادان لەسەر کۆمەڵە شێعری گیرفانێک لە ئەرخەوانی ڕابردووم"، بە بەشداریی شاعیران و ڕۆشنبیرانی شارەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات، لە هۆڵی موجتەمەعی فەرهەنگی ـ هونەریی ئێرشادی شاری مەریواندا بەڕێوەچوو.
ڕۆژی چوارشەممە، ١٠ی ڕەزبەری ٩٨ی هەتاوی، بە بەشداریی شاعیران و ڕووناکبیرانی شارەکانی بانە، بۆکان، سنە، مەهاباد، سەردەشت و مەریوان، ڕێوڕەسمێک بە مەبەستی پەردەلادان لەسەر کۆمەڵە شێعری "گیرفانێک لە ئەرخەوانی ڕابردووم"، بەرهەمی "عوسمان شێرزاد"، لە شاری مەریوان بەڕێوەچوو و ئەم بەرهەمە کەوتە بە دیدی هۆگرانی شێعر و ئەدەبی کوردییەوە.
سەرەتای ئەم ڕێوڕەسمە بە وتار و شێعرەکانی مامۆستا "ئاسۆ" دەستی پێکرد و دواتر "ئەیووب حەقبین" بە تاوتوێکردنی شێعری کوردی و باسکردن لەو کەموکۆڕییانە کە لە شێعری کوردیدا هەیە، داوای وەگەڕخستنی هەوڵی زیاتری بۆ باشتربوونی ڕەوتی شێعری کوردی کرد.
پاشان "ئەمین گەردیگلانی"، بە وتارێک و "کەریم دافعی ئازاد"یش بە شێعرێکی نیشتمانی، کۆڕەکەیان ڕازاندەوە.
لە کۆتایی ڕێوڕەسمەکەدا، "عوسمان شێرزاد"، شاعیری ئەو کۆمەڵە شێعرە، بە پێشکەشکردنی وتارێک، ڕێوڕەسمی پەردەلادان لەسەر بەرهەمەکەی خۆی کۆتایی پێهێنا.