کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کرافت: لە هەوڵەکانمان بۆ گەمارۆی چەکوچۆڵی ڕێژیمی ئێران بەردەوامین

13:48 - 5 خەرمانان 2720

باڵوێزی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکاندا جەختی کردووەتەوە کە ئامریکا سوورە لەسەر درێژکردنەوەی گەمارۆکانی سەر چەکوچۆڵی ڕێژیمی ئێران و لە پاڵ ئیسرائیل و وڵاتانی ڕۆژئاوایی دەمێنێتەوە.

"کێلی کرافت"، باڵوێزی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکاندا، ڕۆژی سێشەممە ٤ی خەرمانان، لە وتاربێژیی خۆی لەو ڕێکخراوەدا ڕایگەیاند: "لە حاڵێکدا کە ئەندامانی شورای تەناهی هەوڵێکیان بۆ ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ هەڕەشەی ڕۆژانە دژ بە ئاشتی و تەناهی ئەنجام نەداوە، ئامریکا لە هەوڵەکانی خۆی بۆ درێژکردنەوەی گەمارۆکانی سەر چەکوچۆڵی ڕێژیمی ئێران بەردەوامە".

باڵوێزی ئامریکا لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکاندا هەروەها وتوویەتی: "هاوکاریی ڕاستەوخۆی نیزامی لە ڕێگای بەرەوڕووبوونەوە لەگەڵ هەڕەشەی هەوڵە تێکدەرانەکانی ڕێژیمی ئێران لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و سەرووتر لەویش، بۆ هەموو ناوچەکە بەسوودە".

"کرافت" لە درێژەی قسەکانیدا ڕایگەیاندووە: "ڕێژیمی ئێران ساڵەهایە هەتا بە ئەوڕۆ بە پێشێلکردنی گەمارۆکانی سەر چەکوچۆڵ کە لەلایەن ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە دانراوە، یاسا نێونەتەوەییەکانی خستووەتە ژێر پێ و چەکوچۆڵێک بە میلیشیاکان و گرووپە تێرۆریستییەکان دەدات کە هێزی کوشندەی ئەو چەکانە بۆ کوشتن و لەنێوبردنی خەڵکی بێتاوان لە سەرتاسەری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بەکار دەبرێت".

ناوبراو هەروەها لە تویتێکدا ڕەخنەی لە هەڵوێستی شورای تەناهی گرتووە و وتوویەتی: "ئەندامانی شورای تەناهی کە پشتیوانییان لە هەوڵەکانی ئێمە نەکردووە، ئێستا لە پەنای تێرۆریستەکاندا ڕاوەستاون".

"کرافت" نووسیویەتی کە سەرجەم شورای تەناهی لە مافی ئێمە بۆ چالاککردنەوەی مێکانیزمی ماشە بەپێی پەیماننامەی شورای تەناهی ئاگادار بوون و ئێمە کاری خۆمانمان لە نەبوونی بوێری و ڕوونبوونی ئێخلاقیی ئەو شورایەدا ئەنجام دا.