کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کرماشان بەردەوام لە بێکاریدا دەناڵێت

10:26 - 17 بەفرانبار 2718

کوردستان میدیا: بەپێی ئامارەکانی ڕێژیمی ئێران، بۆ جارێکی دیکەش پارێزگای کرماشان له کوردستانی ڕۆژهەڵات، پلەی یەکەمی بێکاریی لە ئاستی ئێراندا بەدەست هێنا.

ئەگەرچی بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران باس لەوە دەکەن، کە دەبێت هەلی کار بۆ خەڵک بڕەخسێت و ئیدعای ئەوە دەکەن کە چەندین هەزار هەلی کاریان بۆ خەڵک ڕەخساندووە، بەڵام ئامارەکانی ڕێژیمی ئێران لە بارەی بێکاری ئەو ئیدعایەی کاربەدەستانی ڕێژیم ڕەت دەکاتەوە.

بەپێی دوایین ئامارەکان، کە بەپێی هێزی کار لە ئاستی ئێراندا ئەنجام دراوە، پارێزگای کرماشان لە وەرزی پاییزی ئەمساڵدا، بە ١٨.٢ لەسەد زیاترین نرخی بێکاری هەبووە.

پارێزگای چوارمەحاڵ و بەختیاری بە ١٧ لەسەد دوای کرماشان پلەی دووهەمی هەبووە.

ناوەندی ئاماری ڕێژیم، ئەتڵەسی بیکاریی بەهاری ساڵی ١٣٩٧ی هەتاوی  بڵاو کردووە، کە بە ڕیزەوە، پارێزگاکانی: کرماشان، چوارمەحاڵ و بەختیاری، سیستان و بەلووچستان، خووزستان و لوڕستان، پێنج پارێزگان کە زۆرترین ڕێژەی بێکاریان لە ئاستی ئێراندا هەیە.

پارێزگاکانی: چوارمەحاڵ و بەختیاری، کرماشان و سیستان و بەلووچستان، بە بەردەوامی لە ڕیزەکانی یەکەمی بێکاری لە ئاستی ئێراندان و دەیان ساڵە کە خەڵکی ئەو شارانە، لەگەڵ قەیرانی بێکاری بەرەوڕوون و ڕێژیمیش بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی بێکاری هەوڵ نادات و لە پێناو سیاسەتە فاشیستی و دژە مرۆڤانەکانی، بە بەردەوامی هەوڵی ئەوە دەدات، کە شارە غەیرە فارسەکان، لە هەموو بوارێکدا لە قەیراندا بن.

مانگی سەرماوەزی ئەمساڵ، بەپێی ئامارە بڵاوکراوەکانی ڕێژیمی ئێران، بازاڕی کار لە ئێراندا، ڕۆژ بە ڕۆژ بەرەو خراپتربوون ڕۆیشتووە و لە مانگەکانی ڕابردوودا بەردەوام هەلی کار لە دەست چووە و ئاماری بێکاران زۆر لە ڕێژەی ئاساییی خۆی بەرزتر بووەتەوە.

مانگی خەرمانانی ئەمساڵیش، هەواڵدەرییەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، لە زاری "محەممەدڕەزا بادامچی" سەرۆکی فراکسیۆنی مەجلیسی ڕێژیمەوە بڵاویان کردەوە، کە ٢٠ میلیۆن لاو لە ئێراندا بێکارن کە تەمەنیان لە نێوان ١٥ هەتا ٢٩ ساڵه.

سەرەڕای بەرزبوونەوەی ئاماری بێکاران و پەیوەستبوونی ڕێژەیەکی بەرچاو لە حەشیمەتی ئێران بە بێکارانی وڵات، بەرپرسان، دەسەڵاتداران و ناوەندە پێوەندیدارەکانی رێژیمی ئێران سەبارەت بەو قەیرانە کۆمەڵایەتییە بێدەنگن.

بە باوەڕی کارناسان گەمارۆوە ئابوورییەکانی ئامریکا و وڵاتانی ڕۆژئاوا بۆ سەر ڕێژیمی ئێران و لە ئەنجامدا داخرانی زۆربەی یەکە پیشەیییەکان و کۆتاییهێنان بە وەبەرهێنان لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا، لە هۆکارە سەرەکییەکانی دروستبوونی قەیرانی ئابووری و نەمانی هەلی کار لە ئێراندا دێنە ئەژمار.