کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کرماشان بەردەوام پلەی یەکەمی لە بێکاریدا هەیە

13:30 - 25 خاکەلێوه 2719

کوردستان میدیا: پارێزگای کرماشان لە کوردستانی ڕۆژهەڵاتدا، لە بواری بێکاری و نەبوونی پیشە بۆ ڕەخساندنی هەلی کار بەردەوام پلەی یەکی لە ئاستی ئێراندا هەیە.

نوێنەری ڕێژیمی ئێران لە مەجلیسیدا دانی بەوەدا ناوە کە هیچ ئیرادەیەک بۆ یارمەتی بە بەرهەمهێنان و لابردنی بەربەرستەکان بۆ چارەسەریی کێشەی بێکاری لەو پارێزگایەدا نییە.

"قاسم جاسمی" یەکێک لە بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران لە پارێزگای کرماشان باسی لەوە کردووە، کرماشان پلەی یەکەمی لە بواری بێکاری لە ئاستی ئیراندا هەیە و ئێمە لە ماوەی سێ ساڵی ڕابردوودا نەمانتوانیوە تەنانەت بێکاری کەم بکەینەوە.

ئەو نوێنەرەی ڕێژیم باسی لەوەش کردووە تەنیا ٣٠ لەسەدی پیشەی پارێزگای کرماشان چالاکە.

بەپێی ئامارە بڵاوکراوەکانی ساڵی ٩٧ی هەتاوی، ڕێژەی بێکاری لە ئێراندا، لە پارێزگای چوارمەحاڵ و بەختیاری ٢٢/٨ % ، لە کرماشان ١٩/٤ % و لە پارێزگای سیستان و بەلووچستان ١٨/٦% ی نرخی بێکاریان لە وەرزی بەهاری هەمان ساڵدا هەبووه.

جێگەی ئاماژەیە، کە بەڕێوەبەری گشتیی تەعاون کار و خۆشبژێوی کۆمەڵایەتیی کرماشان، ڕایگەیاندبوو، پارێزگای کرماشان بە نیسبەت ئەو ئامارە کە بڵاو کراوەتەوە، ڕێژەی بێکاری زۆرترە و باسی لەوە کردووە، کە ٣٢ لەسەدی بێکارەکانی کرماشان، خوێندنی باڵایان تەواو کردووە.

پارێزگاکانی چوارمەحاڵ و بەختیاری، کرماشان و سیستان و بەلووچستان، بە بەردەوامی لە ڕێزەکانی یەکەمی بێکاری لە ئاستی ئێراندان و دەیان ساڵە کە خەڵکی ئەو شارانە، لەگەڵ قەیرانی بێکاری بەرەوڕوون و ڕێژیمیش بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی بێکاری هەوڵ نادات و لەپێناو سیاسەتە فاشیستی و دژە مرۆڤانەکانیدا، بە بەردەوامی هەوڵی ئەوە دەدات کە شارە غەیرە فارسەکان، لە هەموو بوارێکەوە لە قەیراندا بن.