پارێزگای "کرماشان" لە ساڵی داهاتوودا تووشی کێشەی بێ ئاوی دەبێت و کاربەدەستەکانی ڕێژیم بەنیسبەت ئەو کێشەیە هۆشدارییان داوە.
"عەلیڕەزا کاکاوەند" بەڕێوەبەری گشتیی شیرکەتی ئاو و ئاوەڕۆی پارێزگای کرماشان وتوویەتی، ساڵی داهاتوو لەگەڵ قەیرانی بێ ئاوی بەڕەڕوو دەبینەوە.
بەپێی قسەکانی ناوبراو ئەمساڵ لە "کرماشان" باران کەم باریوە و سەرچاوەکانی ئاو لەو پارێزگایەش تووشی کەم ئاوی بوونە.
"کاکاوەند'' وتوویەتی، لەم پارێزگایە نزیکەی ٤٠٠ گوند کێشەی دابینکردنی ئاویان هەیە و بۆ گەیاندنی ئاو بۆ ئەم گوندانە ٢٦٠ میلیارد تمەن بودجە پێویستە.
کێشەی بێ ئاوی دانیشتووانی کرماشان و گوندەکانی، کێشەیەک نییە بە چاڵاو و گواستنەوەی ئاوی بەنداو و کانی چارەسەر بکرێت. بەشێکی زۆری کێشەی بێ ئاویی کرماشان دەگەڕێتەوە بۆ کۆنبوون و لەکارکەوتنی کەلوپەلی ڕاگواستنی ئاو و ئاوەڕۆی پارێزگاکە.
بۆ چارەسەرکردنی کێشەی بێ ئاویی گوندەکانی پارێزگای کرماشان، ٢٦٠ میلیارد تمەن بودجە پێویستە کە ڕوون نییە ئەو بودجەیە تەرخان دەکرێت یان نا.