کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کرماشان؛ هێزەکانی ڕێژیمی ئێران دەستیان بەسەر ١٣٨ ئاسەواری مێژووییدا گرت

17:24 - 23 سەرماوەز 2721

"حوسێن مێهری" فەرماندەی یەکەی پاراستنی وەزارەتی ئاسەوارە میژووییەکانی ئێران وتوویەتی: "دەستمان بەسەر ١٣٨ ئاسەواری مێژوویی لە پارێزگای کرماشاندا گرتووە کە بۆ هەزار ساڵ پێش زایین، سەردەمەکانی ساسانی و ئیسلام دەگەڕێنەوە".

ئەو بەرپرسەی ڕێژیم هەروەها باسی لەوە کردووە: "لەلایەن پارێزەرانی ئاسەوارە مێژووییەکانەوە و لە  کاتی کڕین و فرۆشتنیان لە دووکانێکدا ئاگادار کراینەوە و کەسانی پەیوەندیدارمان دەسبەسەر کردووە".

"مێهری" لە درێژەدا زیادی کردووە کە ئەو ئاسەوارانە پێکهاتبوون لە ١٣٨ دانە، لەوانە "سکە، دەرزیلە، ملوانکە و ئەنگوستیلە".

لە ماوەی چەند دەیەی ڕابردوودا، ھێزەکانی ڕێژیم بە ھاوکاریی دەستوپەیوەندییەکانیان لە کوردستان کە زۆرینەیان سەر بە سپای تێرۆریستی پاسدارانن، بە بیانووگەلی جۆراوجۆر، سەرقاڵی دزین و دەرھێنانی ئاسەوارە مێژووییەکانی کوردستانن.

ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، بە شێوەیەکی سیستماتیک، هاوشێوەی دزینی هەموو سەرچاوەکانی داهات لە کوردستاندا، سەرقاڵی بەتاڵانبردنی ئاسەوارە مێژووییەکانیشە و تا ئێستا چەندین هەزار پارچەی گرانبەها لەم ئاسەوارانە کە نوێنگەی کولتوور و شارستانییەتی کوردستانە، بە تاڵان براون.