کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کرماشان و ئیلام پلەی یەکەمیان لە خۆکوژیدا هەیە

12:51 - 1 پووشپەڕ 2720

جێگری پزیشکی و تاقیکاریی ڕێکخراوی پزیشکی دادی ڕێژیمی ئێران لە ئامارێکدا بڵاوی کردووەتەوە ساڵی ڕابردوو ٥ هەزار و ١٤٣ کەس بەهۆی خۆکوژی گیانیان لەدەست داوە.

بەپێی ئەو ئامارە کە بڵاو کراوەتەوە ڕێژەی خۆکوژی لە ئاستی ئێران و کوردستاندا بەنیسبەت ساڵی ٩٧ی هەتاوی ٠.٨ لە سەد بەرز بووەتەوە.

لەو ئامارەدا  ١هەزار و ٥١٧ کەس ژن و ٣ هەزار و ٦٢٦ کەسیش پیاو بوونە. زۆربەی ئەو کەسانەی خۆیان کوشتووە لە ڕێگای خۆ‌هەڵواسینەوە بووه.

بەپێی حەشیمەتی پارێزگاکان زیاترین ئاماری خۆکوژی لە پارێزگاکانی کۆهگیلوویە و بۆیرئەحمەد، ئیلام و کرماشان ڕوو دەدات.

ئەو کەسانەی کە خۆیان کوشتووە ڕێژەی تەمەنیان ٣٠ هەتا ٣٩ ساڵ و ١٨ هەتا ٢٤ ساڵ بووە.

هاوکات ڕێژەی خوێندەواریی ئەو کەسانەی کە خۆیان کوشتووە ناوەندی، دیپلۆم، پێش دانشگاهی و سەرەتایی بووە.

دوای شەڕ و لەم سێ دەیەی دواییدا، هەوڵدان بۆ خۆکوشتن لە پارێزگای ئیلام بەرزبوونەوەی بەرچاوی بەخۆوە بینیوە و لەپاڵ پارێزگاکانی کرماشان و لوڕستان پلەی یەکەمی هەیە.

لێکۆڵینەوەکان ئەوە دەردەخەن کە خەڵک بەهۆی هەژاری، کەمڕەنگبوونەوەی بەها مرۆییەکان و گەندەڵی هەست بە نائەمنی دەکەن.