کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کرماشان؛ چوار هێکتار سەوزی و شیناوردی پیسبوو لەنێو برا

11:01 - 26 خەزەڵوەر 2721

"ئیسماعیل پەرویزی فەڕ" بەڕێوەبەری "جەهادی کشاوەرزیـ"ـی کرماشان وتی: "ڕۆژی سێشەممە ٢٥ی خەزەڵوەر، لەلایەن چەند ئیدارەوە چوار هێکتار سەوزی و شیناوردی پیسبووی شاری کرماشان لە قەراخ ڕووباری خوەرەسوو لەنێو بران".

ئەو سەوزی و شیناوەردەی خەڵکی هەژار لە حاڵێکدا لەنێو چووە کە ٢٠ ساڵە پیسبوونی ڕووباری "خوەرەسوو" بەهۆی گەندەڵیی بەرپرسانی پەیوەندیدارەوە چارەسەر نەکراوە و خەڵک لەو ئاوە پیسە بۆ داهاتی ژیانیان کەڵکیان وەرگرتووە.

هەروەها بەهۆی ڕژانی زێراوەکان بۆ نێو ڕووباری "خوەرەسوو"، ٢٠ ساڵە بۆنی پیسی ئاوی ئەو ڕووبارە خەڵکی باکووری شاری "کرماشان" ئازار دەدات.

ئەگەر ئەو پیسایەتییە نەبووایەت، چۆمی "خوەرەسوو" دەیتوانی ببێتە هۆی پێشکەوتنی ژینگەی ئەو شارە و کاریگەری لەسەر بواری گەشتیاری دادەنا، بەڵام لە ئێستادا بۆنی ناخۆشی ئەو ئاوە دیمەنێکی ناحەزی بەو ناوچەیە بەخشیوە.