کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کرماشان؛ گیانلەدەستدانی هاووڵاتییان بەهۆی ڕوودای کار زیادی کردووە

12:33 - 25 خەزەڵوەر 2721

"سەلیم خانی" بەڕێوەبەری پزیشکی یاسایی پارێزگای کرماشان وتوویەتی، ڕێژەی قوربانییانی ڕووداوی کار لەو پارێزگایە زیادی کردووە، بە جۆرێک کە لە ماوەی حەوت مانگی یەکەمی ئەمساڵدا ٢٤ کەس بەهۆی ڕووداوی کار گیانیان لەدەست داوە.

لەو ڕێژەیە ژنێک و ٢٣ پیاو گیانیان لەدەست داوە کە بەنیسبەت ئاماری هاوشێوەی ساڵی ڕابردوو کە ٢٣ کەس (ژنێک و ٢٢ پیاو) بوون، ئەو ڕێژەیە زیادی کردووە.

هەروەها وتوویەتی، لە ماوەی حەوت مانگی یەکەمی ئەمساڵدا ٣٤٧ ڕووداوی کار لەو پارێزگایە ڕووی داوە کە لەو نێوانەدا پێنج ژن و ٣٤٢ پیاو زیانیان بەرکەوتووە کە بەنیسبەت زیانبەرکەوتووانی ساڵی ١٣٩٩، لە سەرجەم ٣٩٢ ڕووداوی کار لەو پارێزگایە کە زیانبەرکەوتووان ١١ ژن و ٣٨١ پیاو بوونە، ئەو ڕێژەیە کەمی کردووە.

"خانی" وتوویەتی، کەوتن لە بەرزایی هۆکاری یەکەمی گیانلەدەستدانی ڕووداوی کار لەو پارێزگایەیە و  "وێکەوتنی شتی ڕەق، برق و سووتان" لە هۆکارەکانی دیکەی گیانلەدەستدانی هاووڵاتییان بەهۆی ڕووداوی کارن.

"عەلی حوسێن ڕەعیەتی فەر" جێگری وەزیری کار و خۆشبژێویی کۆمەڵایەتیی ڕێژیم وتوویەتی، ساڵانە سێزدە هەزار ڕووداوی کار لە ئێران ڕوو دەدات کە لەو نێوانەدا ٧٠٠ هەتا ٨٠٠ حاڵەتیان دەبێتە هۆی ئەوەیکە هاووڵاتییان لەو ڕووداوانەدا گیانیان لەدەست بدەن.

ڕێژیمی ئێران لە بواری ڕێوشوێنە ئیمنییەکانی کار، لەنێوان هەموو وڵاتانی جیهاندا پلەی ١٠٢ی هەیە و زۆرترین ئاماری قوربانییانی ڕووداوی کار، کرێکارانی بیناسازی لەخۆ دەگرێت.

وێڕای بێکاری و ڕووداوی کار کە بەردەوام هەڕەشە لە گیانی کرێکاران دەکات، سەدان هەزار کەسیشیان لە خزمەتگوزاریی دەرمانی و بیمەی دابینکردنی کۆمەڵایەتی بێبەشن.