کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کرماشان یەکێک لە ڤایرۆساویترین شارەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵاتە

14:07 - 13 بانەمەڕ 2720

بەپێی ڕاگەیەندراوی کۆمیتەی زانیاری گەیاندنی ستادی بەڕێوبەریی کۆرۆنای زانکۆی زانستە پزیشکییەکان، پارێزگای کرماشان لە کوردستانی ڕۆژهەڵات، یەکێک لەو شارانەیە کە کۆرۆنا بە شێوەیەکی بەرچاو بڵاو بووەتەوە و دۆخی مەترسیدارە.

"مەهدی محەممەدی"، سەرۆکی کۆمیتەی زانیاری گەیاندنی ستادی بەڕێوبەریی کۆرۆنای زانکۆی زانستە پزیشکییەکان، ڕێژەی تووشبووان بە ڤایرۆسی کۆرۆنای لە پارێزگای کرماشان، هەزار و ٢٩٩ کەس ڕاگەیاندووە و وتوویەتی، لەو ڕێژەیە ٧٦٧ کەس گیانیان لەدەست داوە.

ناوبراو بەنیسبەت دوایین دۆخی ئاماری تووشبووان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لەو پارێزگایەدا ڕایگەیاندووە کە لە ٧٣ تووشبوو لە ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا، ١٩ حاڵەتی خەوێندراوە و ٥٤ حاڵەتیشی سەرپێیی بوونە.

"محەممەدی" هەروەها ئاماری ڕێژەی تووشبووان بەو ڤایرۆسەی لە شارە جیاوازەکانی پارێزگای کرماشاندا ئاوا ڕاگەیاندووە: "کرماشان ٨٥٨ کەس، سونقور و کولیایی ٨٤ کەس، شاباد ٦٠ کەس، کەنگاوەر ٥٥ کەس، هەرسین ٤٠ کەس، گێڵان ٣٧ کەس، سەحنە ٣٦ کەس، جوانڕۆ ٢٩ کەس، سەرپێڵ زەهاو ٢٩ کەس، داڵاهۆ ١٩ کەس، سەلاسی باوەجانی ١٧ کەس، پاوە ١٣کەس و قەسری شیرین ٤ کەس".

ئەم ئامارانە کە لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە بڵاو بووەتەوە، ئامارگەلێکی ڕاستی نین و دۆخەکە لەوەی کە نیشان دەدرێت مەترسیدارترە.

لە بابەت ئامارە ناڕاستەکانی ڕێژیمی ئێرانەوە، ماڵپەڕی ''٣١''  کە ئامارەکانی تایبەت بە کۆرۆنای بە شێوەی نموودار و پلاتفۆرم بڵاو دەکردەوە، لە ڕێکەوتی ٧ی بانەمەڕەوە، ئیتر ئاماری کۆرۆنا بڵاو ناکاتەوە و هۆکاری ئەو کارەی گەڕاندووەتەوە بۆ ئەوەی کە وەزارەتی تەندروستیی ڕێژیمی ئێران بە شێوەی سیستماتیک دەست لە ڕەقەمی تووشبووان بە کۆرۆنا وەردەدات.