محەممەد سلێمانی
پاش پێشکەشکردنی وتاری سیاسی و نەتەوەیی ڕێزدار "هیجری" لە کۆنفڕانسێكی پارلمانی ئورووپا کە سەبارەت بە پرسی نەتەوەیی لە ئێراندا ڕێک خرابوو، شرۆڤە و لێکدانەوەی جۆ بەجۆری لە میدیا و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بە دوای خۆیدا هێناوە و زۆرینەی ڕۆشنبیر و کەسایەتییە سیاسی و نەتەوەییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، پشتیوانیی خۆیان بۆ هەڵوێستی نەتەوەیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران دەربڕیوە و دەسخۆشییان لە حیزب کرد کە بە ڕوونی سەبارەت بە داهاتووی سیاسیی ئێران ڕوانینی جەوهەریی خستە بەر دیدی نوێنەری نەتەوەکانی ئێران. دیارە بەشێکی کەم هەبوون بە ڕێگای تردا هەوڵیان دا لە جەوهەر و کرۆکیی نەتەوەیی ئەو باسە گرینگە، کەم بکەنەوە لەژێر ناوی پەرۆشیان بۆ نیشاندانی ڕێژەی دروستی سەرژمێریی گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە بەراورد لەگەڵ نەتەوەکانی تری ئێران. لە ئێستادا زۆر دژوارە لەو بارەوە زانیاریی دروست بخرێتە ڕوو، چونکە نە ئیمکانی کارێکی ئەوتۆ هەیە و ئەو سەرچاوانەش کە ڕاگەیەندراون، دوژمن بڵاویان دەکاتەوە کە ناکرێ پشتیان پێ ببەسترێ.
دیارە ئەو مەسەلەیە بابەتێکی گرینگە و ناکرێ پەراوێز بخرێ و لازمە دڵسۆزانی کورد کاری لەسەر بکەن. هەر وەك لە قسەکانی لێپرسراوی گشتیی حیزبدا ئاماژەی پێدرابوو، بەدیهێنانی مافی گەلان لەسەر بنەمای سیاسی و نەتەوەیی و بە ڕەسمی ناسینی سنووری هەرێمی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بێگومان گرینگی و تایبەتمەندیی خۆی هەیە. ڕەنگە کەسانێك لەژێر ناوی پەرۆشیان بۆ دیاریکردنی سەرژمێریی خەڵکی کوردستان، نیگەرانی بابەتێك بن. دیارە ئەگەر بە وردی سەرنج بخەنە سەر نێوەڕۆکی وتار و قسە و وڵامی ڕێزدار "هیجری"، ڕەنگە کۆمەك بە کۆتایی دڵەڕاوکێکەیان بێت.
گرینگتر لە هەمووی ئەو پەرۆشیانە ئەوەیە کە وەختێك سنووری سیاسیی هەرێمی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە فەرمی بناسرێ، ئیدی گەلی کورد ڕێژەی لە هەر ئاستێكدا بێت بە بەراورد لەگەڵ نەتەوەکانی تری ئێران، هیچ لە جەوهەری مەسەلە ئەساسی و بنەڕەتیەکە ناگۆڕێ. هەر بۆیە سیاسەتی حیزب سەبارەت بە داهاتووی وڵات و دامەزراندنی حکوومەتێکی دێموکراتیکی فێدراڵ بەتەواوی ڕوونە و ئەو ڕوانگە نەتەوەییە، گۆڕانکاری گەورە لەسەر ئاستی ئێراندا بە دوای خۆیدا دێنێ و ئەو وشیارییە لە لای نەتەوەکانی تری دروست دەبێت کە سەر بنەمای جوگرافیای سیاسی و نەتەوەیی، پرسی خاك یەكلایی بکرێتەوە.
کرۆکیی قسەکانی ڕێزدار مستەفا هیجری، لێپرسراوی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە تەواوی نەتەوەیی و دێموکراتیک بوون و سیاسەتی حیزب ئەوەیە کە کورد داوای مافی سیاسی و نەتەوەیی دەکا و بوێرانەش لە پێناویدا خەبات دەکات. ئەو جار وەک ڕێبەرێکی سیاسیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە هەمبەر پرسی نەتەوەییدا ڕوانینی حیزبی خستە بەر دید و نەزەری دژبەرانی حکوومەتی تاران و بێگومان ئەو باسە کۆمەڵێك لێکدانەوە و خوێندنەوەی جیا جیای بە دوای خۆیدا هێنا و نێوەڕۆك و جەوهەری مەسەلەی نەتەوایەتیی بە دڵی هەموو نەیارەکانی تاران نییە. بەشێك لە دژبەرانی تاران بە دەلیلی ئەوەی دژی پارچە پارچەبوونی ئێرانی گەورەن، لەگەڵ ئەو باسەدا بە تەواوی ناتەباییان هەیە و بەڵام گرینگە گەلی کورد بە ڕاشکاوی بیروڕای خۆی لە هەمبەر داهاتووی سیاسیی وڵاتدا بخاتە ڕوو. پێكهاتەی سیاسی و نەتەوەیی ئێران جۆرە وتار و لێکدانەوانە دەتوانێ کۆمەڵێك دیوی تاریکی مەسەلەکان ڕوون بکاتەوە و ئەو هێزانەش کە باوەڕیان بە دێموکراسی و مافی نەتەوایەتیی گەلانی وڵات نییە، دەبێ ڕیزی خۆیان لە دژبەرانی ڕاستەقینەی حکوومەتی ئێران دوور بخەنەوە و بیر لە گۆڕینی ڕفتاری سیاسییان لە هەمبەر پرسی نەتەوەییدا بکەنەوە.
ڕووداوەکانی کە لەسەر ئاستی ناوچە و ئێراندا خەریکی ڕوودان،٫ بەتەواوی لە بەرژەوەندیی ئازادی و دێموکراسی و فەرزکرانی چەمکی فرەنەتەوەییە بەسەر ئەو وڵاتانەی کە زیاتر لە نەتەوەیەک بوونی خۆیان سەلماندووە و ئێرانیش یەکێك لەو وڵاتانەیە کە جگە لە نەتەوەی فەرمانڕەوای فارس، ٥ نەتەوەی تر دەژین و وڵاتی ئێران بە خاك و مێژوو و جوگرافیا، لە هەموو پێكهاتە سیاسی و نەتەوەییەکان پێك هاتووە۰
ئێرانی داهاتوو ئەو وڵاتە دەبێت کە بە ناچاری مل بۆ ویستی سیاسی و نەتەوەی گەلان دابنوێنێ و سروشتی سیاسی و مێژووی وڵات وەك هەیە قبووڵ بکرێ لەلایەن گەلانی ئەو وڵاتە و ئەگەر داڕشتنەوەی قەوارەی سیاسی و حوکمڕانی لە داهاتوودا مافی هەموولایەکی تێدا ڕەنگنەداتەوە، یەکپارچەیی ئێران لەگەڵ مەترسیی گەورەتر بەرەوڕوو دەبێتەوە و ناکرێ پێش بە دابەشبوونی بگیرێ.
وتاری سیاسی و نەتەوەیی ڕێزدار "هیجری" وەک ڕێبەری هێزێکی کاریگەر و نەتەوەیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، زۆر بە ڕوونی و بە بەرچاوی نوێنەری نەتەوەکانی ئێراندا، سووربوونی حیزبی لەسەر داکۆکیکردن لە بنەماکانی مافی نەتەوەیی گەلی کورد و گەلانی تری وڵاتی شیکردەوە و ڕایانگەیاند کە: "حکوومەتی ئێران بە درێژایی مێژووی حوکمڕانی بە تونترین شێوە سەرووتی گەلی کورد و گەلانی تری ئێرانی کردووە و هەموو لایەك دەبێ پابەندبوونی خۆیان بە سەلماندنی مافی نەتەوەکانی وڵات ڕابگەیەنن. ئیدی ناکرێ لەژێر پەرۆشی بۆ یەکپارچەیی خاکی ئێران، مافی گەلی کورد و گەلانی تر بۆ جارێکی تر پێشێل بکرێتەوە، چوونکە هەلومەرجی سیاسی و کۆمەڵایەتی ئاڵوگۆڕی گەورەی بەسەردا هاتووە و بێگومان دژایەتیی بیری نەتەوەپەرستی و هەستی فاشیستی دەکرێ.
هۆکارێک نییە کە لایەنەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەورەی نوێی هەڵبژاردنی مەجلیسی ئێران بایکۆت نەکەن و بە وریایی بڕواننە داهاتووی ئاڵوگۆڕەکان۰
حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بێگومان زۆر ژیرانە هەڵوێستی خۆی ڕادەگەیەنێ و لەو بڕوایەدایە کە ڕێژیمی ئاخوندی لە بەرنامەیدا نییە ڕفتاری سیاسیی خۆی سەبارەت بە کۆی کێشەکان بگۆڕێ و ئیدامەی سیاسەتی هەمیشەییان دەدەن و دەست لە ستەمی سیاسی و سەرکوتی گەلانی وڵات هەڵناگرێ و بە هێزی نیزامیی خۆی بەسەر ئیرادەی سیاسی و نەتەوەی گەلانی ئێراندا فەرز کردووە. ئەگەر بە ڕاپرسی و دەنگدانی ئازادانە بێت، بە دڵنیاییەوە کەس دەنگ بە حکوومەتی ئاخوندی و هاوبەشەکانیان نادات، هەر بۆیە غەدرێکی گەورەیە کە خەڵك بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردن هان بدرێ یان بە جۆرێك لەو بارەوە سیاسەت بکرێ کە زیان بە کۆدەنگی نەتەوەیی و یەكهەڵوێستی سیاسیی کورد سەبارەت بە ڕێژیمی تاران بگەیەنێت۰
ئەگەر سەرنج بخەینە سەر نێوەڕۆک و کرۆکیی قسەکانی ڕێزدار "هیجری"م لێپرسراوی گشتیی حدکا، بە ڕوونی ئاماژەیان بە هەڵوێستی سیاسیی حیزب داوە و کاتێک گەلانی وڵات ڕزگارییان دێ کە دێموکراسی لە ئێراندا سەقامگیر بکرێ و مافی نەتەوەکانی وڵات سەلمێنرابێت.
ئەو قسەیەی ڕێزدار "هیجری" کە دەڵێت: بۆ ئێمە تێکەوەپێچانی سیستمی کۆماری ئیسلامی ئامانجێکی جددییە"، دوو واتای گەورەی لە نێوەڕۆکدا هەیە، یەکیان سووربوونی حیزب لەسەر دروشمی ڕووخانی ڕێژیمی ئاخوندی و دووهەمیان بەو مانایە کە ئومێد بە گۆڕانکاری لە ڕەفتاری سیاسیی ڕێژیمدا بەدی ناکرێ و بە دروستی نازانێ ئومێد لەسەر دەورەی نوێی هەڵبژاردنی مەجلیس هەڵبچنێ و لە ئاکامدا بایکۆتکردن باشترین بژاردەی سیاسی و گونجاوە بەمەبستی ڕووبەڕووبوونەوە و گۆڕینی هاوکێشە سیاسییە نێوخۆییەکان.
هەر هێزێکی سیاسیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەڵوێستی ڕوون و بوێرانەی نەبێت و بە شێوەی شەمێونانە هەڵویست بگرێ، گەلی کورد بە نامۆیی ژینگەی سیاسی کوردستانی دەزانێ و بە واتایەکی تر هێزێك کە خۆی بە دژبەری ڕێژیمی تاران دابنێ، بێت و بڵێ خەڵك خۆیان لەو پەیوەندییەدا بڕیار بدەن، ئیدی ئەوە پێی دەڵێن داماویی سیاسی کە نەتوانێت بڕیار لەسەر ڕێبازی سیاسیی خۆی بدات، لە هەمبەر ڕێژیمێكدا کە بە درێژایی مێژووی سیاسی و دەسەڵاتدار، جگە لە سەرکوت و خوێنڕشتنی گەلی کورد، شتێکی تری نەبووە.
ناوەڕۆکی ئەم بابەتە ڕا و تێبینیی نووسەرە و ماڵپەڕی کوردستان میدیا لێی بەرپرسیار نییە.