کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کریس کۆچیرا: فەرمانی جیهادی خومەینی دوور لە واقعیەت و بیانوو بوو

13:06 - 28 گەلاوێژ 2718

کوردستان میدیا: ٢٨ی گەلاوێژ، ساڵڕۆژی فەرمانی ڕێبەری دیکتاتۆر و مەزهەبیی ڕێژیمی ئێران، بە دژی نەتەوەی کوردە، کە لەو فەرمانەدا کورد وەکوو کافر و کوردستان وەک گۆڕەپانی شەڕ دژی کافر پێناسە کرا.

ساڵی ١٣٥٨ی هەتاوی، لاپەرەیەک لە مێژووی خەباتی ڕزگاریخوازیی کوردە، کە ڕێژیمی داگیرکەری ئیسلامیی ئێران، کە چاوی بە ئازادیی کوردستان هەڵنەدەهات فەرمانی جیهاد دژی نەتەوەی کورد دەر دەکرێت، لەو کاتەوە هەتا ئێستا ٣٩ ساڵ بەسەر ئەو ڕۆژە تێپەڕ دەبێت.

دوای تێپەڕبوونی ٣٩ ساڵ بەسەر ئەو فەرمانە دژی نەتەوەی کورد، ئێستاش کوردستان سەنگەری خۆڕاگرییە و خەڵک بۆ ئازادی تێدەکۆشن و پێشمەرگە قایمتر و بەهێزتر لە هەر کاتێک کوردستانی کردووەتە گۆڕەپانی خەبات.

"کریس کۆچیرا" ڕۆژنامەنووسی بەناوبانگی فەڕانسەیی کە لە کوردستاندا ڕاپۆرتی لەسەر خەباتی کوردستانی ڕۆژهەڵات ئامادە دەکرد، بەم چەشنە باسی فەرمانی جیهادی خومەینی دژی کوردەکان دەکات.

"تێکچوونی نێوانی کاربەدەستان و کوردەکان بە ڕووداوەکانی پاوە کە شارێکی بچووکە و لە نزیک کرماشان هەڵکەوتووە و دانیشتووانی کوردی سونین دەست پێ دەکا. لە ڕاستیدا لە پاوە شەڕێکی بچووک بوو، بەڵام لە ڕاستیدا پێشەکیی هێرشێکی گەورەیە".

 کۆچیرا باس لەوە دەکات: "ئایا ئەوە کوردەکان بوون کە کاتێک ڕۆژی ١١ی ئووت (ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ٢٠ی گەلاوێژی ١٣٥٨ی هەتاوی،) هێرشیان بۆ سەر پاوە کرد و پادگانی پاسدارانی شۆڕشیان گەمارۆ دا و ئاگری شەڕیان هەڵایساند؟ یان وەک کوردەکان دەڵێن ئەوە تێکهەڵچوونێکی ئاسایی بوو، کە بیانووی دایە دەست "مستەفا چەمرانـ"ـی قین لە دڵ، بۆ ئەوەی یەکەیەکی پاسداران بە هێلیکۆپتێرەوە بێنێتە ئەوێ؟

ئەو ڕۆژنامەنووسە فەڕانسەوییە دەڵێت: "لەو شەڕەدا ٢١ کەس دەکوژرێن کە "مستەفا ئیناخی" بەرپرسی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئیران لە پاوە یەک لەو کەسانەیە".

ناوبراو لە درێژەدا باسی ئەوە دەکات: "سەیر ئەوەیە کە کاربەدەستانی تاران سەبارەت بەو ڕووداوانە دژکردەوەیەکی توندوتیژ لە خۆیان نیشان دەدەن، دژکردەوەیەک کە هیچ لەگەڵ واقعیەتی مەیدانی شەڕ یەک ناگرێتەوە.

کۆچیرا لەو بارەیەوە باس لەوە دەکات: " ١٧ی ئووت، (ڕۆژی ٢٦ی گەلاوێژی ١٣٥٨ی هەتاوی) خومەینی لە قوم یەکێک لە توندترین نوتقەکانی خۆی دەکا و دەڵێت: "ئێمە ڕێبەرانی حیزبی دێموکرات دەبەینە بەر دادگا و موحاکمەیان دەکەین. کوردەکان گەورەترین کافرەکانن، هەر بۆیە ئێمە وڵامی کوردەکان دەدەینەوە". خومەینی هەروەها دەڵێت: " حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران هێلانەی خرابکار و فاسیدانە. ئێمە چیدی ناتوانین لێی گەڕێین به کەیفی خۆی بکا. تەنیا ئامانجی ئەوان تێکدانی شۆڕشه. هەر بۆیە دەبێ ئەو حیزبە قەدەغە بکرێ".

ئەو ڕۆژنامەنووسە فەڕانسەوییە باس لەوە دەکات: "خومەینی فەرمانی بە ئەرتەش دا، لە ماوەی ٢٤ کاتژمێردا نەزم بگەڕێنێتەوە وڵات. ڕادەگەێنێت هەر کاربەدەستێک فەرمانەکانی جێبەجێ نەکات "سزای ئینقلابی" دەدرێت. لەو کەشە ئاڵۆزەدا خاڵخاڵی کە بە دادستانی گشتیی دادگا ئیسلامییەکان دیاری کرابوو، ڕۆژی ٢١ی ئووت فەرمان دەدات (٣٠ی گەلاوێژی ١٣٥٨ی هەتاوی)، کە ١٤ کوردی "دژی شۆڕش" کە یەکەمین قوربانییەکانی "کوشتاری کوردستان" دەبن، ئێعدام بکرێن".

کریس کۆچیرا دەنووسێت: " لە ڕاستیدا کوردەکان قوربانیی ئەو ململانییەن کە لە تاران لەسەر دەسەڵات لە ئارادا بوو. لەوێ ڕووداوەکانی کوردستان بەئەنقەست گەورە دەکرێنەوە، یان شکڵێکی دیکەیان پێ دەدرێت بۆ ئەوەی کە خومەینی هان بدەن، هەنگاوی نابەجێ دژی "میانەڕۆ"کانی  دەوڵەت، ئەرتەش و ئۆپۆزسیۆن هەڵ بنێتەوە.

لێکۆڵێنەوەکان و ڕاپۆرتی " کریس کۆچیرا" ڕۆژنامەنووسی فەڕانسەوی دەرخەری ئەوەیە، کە ئامانجی خومەینی شەڕ دژی کوردەکان بوو، کە بە فەرمانێکی وەک جیهاد بتوانێت کوردەکان سەرکوت بکات؛ ئەگەرچی خومەینی کوشتارێکی زۆری لە کوردستان دەست پێ کرد، بەڵام شکست بۆ خومەینی و دەسەڵاتەکەی بوو، چونکە کوردەکان لە ئێراندا لە قوربانیدان و خەبات بۆ ڕزگاریی وڵاتەکەیان دەست هەڵناگرن.