کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کرێ خانوو ٨٠%ی داهاتی خەڵکی ئێران دەبات

12:14 - 27 بەفرانبار 2718

کوردستان میدیا: نەبوونی خانووبەرەی پێویست و زۆربوونی حەشیمەت لە ئێراندا و کەمتەرخەمیی بەرپرسانی ئەو بەشە، خەڵکی ئێرانی تووشی کێشە و قەیران کردووە.

محەممەد ئیسلامی، وەزیری ڕێگاوبان و شارسازیی ڕێژیم، باسی لەوە کردووە، خواستی سەرەکیی خەڵک لە بواری خانوو و پەلە بۆ دابینکردنی خانوبەرە پێویستە و هەروەها وتوویەتی: "چینی کرێنشین زیاتر لە ٨٠%ی داهاتی مانگانەیان بۆ کرێ خانوو تەرخان دەکەن"، هەروەها وتوویەتیشی: سەرچاوەی هەژاریی خەڵک ئەم تێچووانەیە و هۆکاری بەدیهاتنی خەسارە کۆمەڵایەتییەکانن.

ئەو بەرپرسەی ڕێژیم لە بەشێک تر لە قسەکانیدا وتی: دوو دەزگای شارسازی و خانووبەرە، لەگەڵ نەبوونی سیستمێکی کارامە و بەکەڵک بەرەوڕوون و دابینکردنی خانوبەرە بۆ چینی کەمداهات ئەرکێکی یاسایییە و ئەم بابەتە پێویستی بە هاوکاریی ناوەند و دەزگاکانی دیکەشە.

دوو ساڵ پێش، "عەباس ئاخوندی"، وەزیری ڕێگاوبان و شارسازی ئەوکات، وتوویەتی: ٢٧ میلیۆن بەرکە خانوبەرە لە ئێراندا هەیە، لە کاتێکدا کە ڕێژەی حەشیمەتی بنەماڵەکان ٢٤میلیۆن کەس دەبن، واتا ٢میلیۆن و ٦٠٠ هەزار ماڵی چۆڵ لە تەواوی ئێراندا هەیە. لە بەرانبەریشدا ١٩ میلیۆن کەس لە حەشیمەتی شارنشینی لە ئێراندا، لە خانوبەرەی خراپدا دەژین و ئەمە دەرخەری دابەشکاریی نایەکەسانیی پێداویستییەکانی ژیان لەو وڵاتەیە.

ئەم بارودۆخە لە کاتێکدایە، کە دابینکردنی خانوبەرە لە هەر وڵاتێکدا بۆ خەڵکی ئەو وڵاتە ئەرکێکی سەرەکییە و لە ڕێژیمی ئێراندا هیچ یاسا و هەوڵێک بۆ چارەسەریی ئەم کێشانە نادرێت.