کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کرێنشینەکانی کرماشان ناڕەزایەتییان دەربڕی

12:12 - 2 پووشپەڕ 2719

کوردستان میدیا: کۆمەڵێک لە کرێنشینەکانی پارێزگای کرماشان لەهەمبەر زۆربوونەوەی کرێی خانوو، لە بەرانبەر بینای فەرمانداریی ئەم پارێزگایەدا، کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان بەڕێوە برد.

بەپێی ڕاپۆرتی بڵاوکراو لە ڕۆژنامەی "باختەر"ی کرماشاندا، کۆمەڵێک لە کرێنشینەکانی ئەم پارێزگایە، بەتایبەت کرێنشینەکانی شاری قەسری شیرین، بە هۆی بەرزبوونەوەی ڕێژەی کرێی خانووەکانیان، دەستیان داوەتە ناڕەزایەتیدەربڕین لە بەرانبەر بینای فەرمانداریی ئەم پارێزگەیەدا؛ ژمارەیەک لەم ناڕازییانە ژنانێک بوون کە سەرپەرشتیی بنەماڵەکانیان لە ئەستۆیە و وتوویانە: "بە هۆی زۆربوونی تێچووەکان، توانای دابینکردنی کرێ خانوومان نییه."

هەر لەم پێوەندییەدا، لە ڕۆژانی ڕابردوودا، "فەزلوڵڵا ڕەنجبەر"، فەرمانداری پارێزگای کرماشان، وێڕای ئاماژه بە بەرزبوونەوەی ٤٠٠ لەسەدیی نرخی کرێ خانوو، باسی لەوە کردبوو کە خەڵکی هەژاری کرماشان بە هۆی گرانبوونی کرێی خانوو، ڕوویان لە چادرنشینی کردووە.

ناوەندی ئاماری ڕێژیمی ئێران، بەرزبوونەوەی نرخی کرێی خانووی لە ساڵی ڕابردوودا، ١٧ تا ٢٥ لەسەد ڕاگەیاندووە، بەڵام ڕاپۆرتە مەیدانییەکان نیشان دەدەن کە ئەم بەرزبوونەوەیە زیاتر لە سەد لەسەد بووە.

دەوڵەتی ڕووحانی ساڵی ڕابردوو، بە ڕاگرتنی گەڵاڵەی "مەسکەنی مێهر"، بە هۆی ناکارناسانەبوون و هەروەها تێچووی زۆرەوە، بەڵێنیی ئەوەی دا کە بە بەڕێوەبردنی گەڵاڵەی "مەسکەنی کۆمەڵایەتی" تێچووی خانوو بۆ بنەماڵەکان کەم بکاتەوە، بەڵام ئەوەی کە ڕوونە، گرینگینەدان بە دۆخی کرێنشینەکان و پشتگوێ خستنیانە.

بەپێی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان، بەرزبوونەوەی کرێی خانوو لە شارەکانی گیلان، تاران، ئیسفەهان و مەشهەدیش ڕووی داوە و بەرپرسانی ڕێژیم هیچ گرینگییەک بە دۆخی ئابووریی خەڵک و چۆنیەتیی تێپەڕکردنی ژیانیان نادەن.