کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کرێنشینەکانی ئێران، دەبنە ئاوارەی شەقامەکان

16:59 - 14 جۆزەردان 2719

کوردستان میدیا: دۆخی نالەباری ئابووری و گرانیی کرێی ماڵ، کرێنشینەکانی ئاوارەی شەقامەکان کردووە کە دۆخیکی دڵتەزێنیان بەخشیوەتە سیمای شارەکان.

لە ماوەی ڕابردوودا، کۆمەڵێک وێنە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاو بووەتەوە کە نیشان دەدات خەڵکی ئێران، ژیان و نێوماڵیان کەوتوەتە سەر شەقامەکان و ئەمەش ئاکامی چل ساڵ سیاسەتی کاولکارانەی ئەو ڕێژیمە و بێ بەرنامەیی ئەو دەسەڵاتە سەرەڕۆیەیە لە بەرانبەر دابینکردنی مافە سەرەتاییەکانی هەر تاکێکی دانیشووی ئەو وڵاتەیەدا.

بەپێی ئاماری فەرمیی بانکی ناوەندیی ڕێژیمی ئێران، نرخی خانووبەرە تا بانەمەڕی ساڵی ٩٨، نزیک بە ٥٠٠ لەسەد هەڵاوسانی بەخۆوە بینیوە، کە ١٠ میلیۆن تمەن بە نرخی هەر میتر خانووبەرە لە تاراندا ئیزافە بووە و ئەمە بووەتە هۆی بەدیهاتنی کێشەگەلێکی بەرچاو، لەوانە ئاوارەبوونی کرێنشینەکان.

ئەم دۆخە دڵتەزێنەی خەڵکی دۆشداماوی ئەم وڵاتە، بووەتە هۆی نیگەرانیی زۆرێک لە خەڵک و لە بەرانبەردا، ڕێژیم هیچ ئاوڕێک لەو بێدەرەتانییەی خەڵک ناداتەوە و بە ئاسانی بەسەر ئەم ڕووداوانەدا تێدەپەڕێت.

ئابووریی وڵاتی ئێران پاش گەمارۆکانی ئامریکا بۆ سەر ئەو وڵاتە، تووشی دۆخێکی ناجێگیر بووە کە لە خراپترین حاڵەتدا بەرۆکی خەڵکی ئەو وڵاتەی گرتووەتەوە.