کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کرێنشینانی کرماشان ڕوو لە چادرنشینی دەکەن

12:50 - 26 جۆزەردان 2719

کوردستان میدیا: کرێنشینانی پارێزگاکانی کرماشان و کرمان، لە بەر گرانیی نرخی کرێی خانوو، ڕوو لە چادرنشینی دەکەن.

خەڵکی هەژاری پارێزگای کرماشان و کرمان، بەهۆی گرانبوونی نرخی خانووبەرە و نەبوونی توانایی بۆ دابینکردنی کرێی خانوو، ناچار دەبن لە نێو کانێکس و چادردا ژیان بگوزەرێنن.

"مێهرداد سالاری"، جێگری ئاوەدانیی پارێزگای کرماشان، لەمبارەوە ڕایگەیاندبوو: "لە هەندێک لە ناوچەکانی پارێزگای کرماشان، نرخی کرێی خانووبەرە بە ڕێژەی ٤٠٠ لەسەد بەرز بووەتەوە."

"فەزلوڵڵا ڕەنجبەر"، فەرمانداری پارێزگای کرماشان، باسی لە پەنابردنە بەر چادرنشینیی خەڵکی هەژار کردبوو و وتبووی: "لەگەڵ گرانبوونی نرخی کرێی خانوو، شاهیدی چادرنشینیی هەندێک لە کرێنشینەکانین."

هەروەها لە پارێزگای کرمانیشدا، "عەلی گۆلسۆرخی"، ئەندامی ڕێکخراوی ڕاوێژکارانی خانوبەرەی پارێزگای کرمان، باسی لە پەیدابوونی دیاردەی چادرنشینی لەو پارێزگایەدا کردووە.

ناوەندی ئاماری ڕێژیم، نرخی هەڵاوسانی کرێی خانووی بە ١٧ هەتا  ٢٥ لەسەد ڕاگەیاندووە، بەڵام "عەلی گۆلسۆرخی" باسی لە ڕێژەی بەرزبوونەوەی ١٠٠ لەسەدی کرێی خانوو کردووە.

پێشتریش ناوەندە حکومەتییەکانی ڕێژیم هەواڵی گرانبوونی نرخی خانووبەرە و یەکەکانی نیشتەجێبوونیان لە پارێزگاکانی گوڵستان و لوڕستان بڵاو کردبووەوە.

هەر لەم ڕاستایەدا، پێشتر، بەرپرسی گشتیی بونیادی مەسکەنی پارێزگای گوڵستان، باسی لە بەرزبوونەوەی نرخی زەوی لە ناوچە لافاولێدراوەکانی ئەم پارێزگایەی کردبوو و وتبووی: "نرخی یەک هێکتار زەوی، پێش لە هاتنی لافاو و ڕۆچوونەکانی زەوی، بە ٧٠ ملیۆن تمەن بووە، بەڵام ئێستا هەر هەمان زەوی بە نرخی ٣٠٠ ملیۆن تمەن دەفرۆشرێت."