کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کرێکاران بەرەو کوێ؟

22:36 - 11 بانەمەڕ 2719

دڵنیا لوتفی

لە هەر کۆمەڵگایەکدا کرێکاران و کەسانی خاوەن پیشە، وەک چەرخی سووڕێنەری ئابووری و پیشەسازیی کۆمەڵگا دێنە هەژمار و ڕێژەی گرینگیپێدان بە دۆخی کرێکاران لە هەر وڵات و سیستەمێکی سیاسیدا و دەرەنجامی هەوڵی کرێکاران لە ئاکامدا نیشانەی پێشکەوتنی ئابووری یان داڕمانی ئابوورییە لەو سیستمە دەسەڵاتدارییەدا.

١ی ئایاری هەموو ساڵێک وەکوو ڕۆژی جیهانی کرێکار ناسراوە کە مێژووی ناودێرکردنی ئەم ڕۆژە وەکوو ڕۆژی کرێکار دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ١٨٥٦ی زایینی کە کرێکارانی ئوستراڵیا، لە پێناو چەسپاندنی ٨ کاتژمیر کار لە ڕۆژدا کۆبوونەوە، ئەوان لە سەرەتادا تەنیا بارودۆخی کرێکاران لە ساڵی ١٨٥٦ی زایینییان لە بەرچاو گرتبوو، بەڵام دواتر ڕێوڕەسمی یەکەمین ساڵ کاریگەریی لە سەر جەماوەری پرۆڵتاریا(چینی کرێکار) دانا و ئەمە بوو بە هۆکار تا هەموو ساڵێک ڕۆژی ١ی ئایار وەک ڕۆژی کرێکار دیاری بکرێت و مەجالێک بێت بۆ دەربڕینی ویست و خواست و تەنانەت ناڕەزایەتیی چینی کرێکار لەو ڕۆژەدا.

لە ١ ئایاری ١٨٨٦ی زایینیدا واتە رێک ٣٠ ساڵ پاش کۆبوونەوەی کرێکارانی ئوستراڵیا زیاتر لە ٣٤٠ هەزار کرێکار لە ئامریکا دەستیان لە کار کێشایەوە و لەم ڕێژەیە تەنیا لە شیکاگۆدا هەژماری کرێکارانی مانگرتوو ٤٠ هەزار کەس بوو کە چەند ڕۆژ دوای کۆبوونەوەکە لە ئەنجامی شەڕ و پێکداداندا لە نێوان کریکاران و هێزی پۆلیسی ئەو وڵاتەوە چەندین کەس کوژران و بریندار و دەستبەسەر بوون.

دواتر پاش تێپەڕبوونی ماوەیەکی زۆر لە شەڕ و توندوتیژی لە ساڵی ١٨٨٩ی زایینیدا، کۆنگرەی دامەزراندنی ڕۆژنامەی نێونەتەوەیی "سوشیال دێموکرات" ١ی ئایاری وەک ڕۆژی خەباتی "کرێکاران" ناساند.

ئەگەر بمانەوێ ئاوڕێک لە بارودۆخی کرێکاران لە ئێران و بەتایبەت ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا بدەینەوە  بۆمان دەردەکەوێ، کە کرێکاران لە ئێراندا، تەنانەت لە مافە سەرەتاییەکانی هەر کرێکارێک بێبەشن و لە بەرانبەریشدا دەسەڵاتی زاڵ لەو وڵاتەدا، چاوەڕوانیی لەڕادەبەدەری لە کرێکاران هەیە، کە کێشەگەلێک وەک پێنەدانی مووچە و حەقدەست، زۆربوونی سەعاتی کاری، نەبوونی ڕەزامەندی و ئەمنییەتی کاری، نەبوونی بیمەی کار وهتد، بوونە بە هۆکاری ناڕەزایەتی و دەست لە کار کێشانەوەی کرێکارانی کارگە و کارخانە و کۆمپانییاکان لەو وڵاتەدا.

سیستەمی سەقەتی کارو پیشە لە ئێراندا و هەروەها داڕمانی پلە بە پلەی ئابووری لەو وڵاتەدا و بچڕاندنی شادەمارەکانی بازرگانیی و سەرچاوە ئابوورییە دەرەکییەکانی ئەو ڕێژیمە بە هۆی گەمارۆوەکانی ئامریکا ڕێژیمی لە ئاست دەستەبەر کردنی ویست و داخوازەکانی کرێکاران بێدەسەڵات کردووە و نابەرپرسانی ئەو ڕێژیمەش هەر بەو بیانوویەوە هیچ هەوڵێکی کردەیی لە پێناو چارەسەریی دۆخی کرێکار لەو وڵاتەدا نادەن و لە ئێستادا کرێکاران لە ئێراندا لە ژێر هێڵی هەژاریدا ئەژین و لە پێناو کارێکی زۆر و تاقەت پڕووکێن، حەقدەستێکی کەم وەردەگرن یان هەر پێیان نادرێت.

لە لایەکی دیکەشەوە سەرەڕای کەمتەرخەمیی ڕێژیم، بەرانبەر بە دۆخی چینی کریکار لە ئێراندا، ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانەکانیش بە شێوەیەکی توندئاژۆوانە سەرکوت دەکرێن و خۆپیشاندەران دەستبەسەر دەکرێن و بە شێوەگەلێکی نامرۆڤانە ئازار و ئەشکەنجە دەدرێن و تەنانەت دەکوژرێن.

لە نموونەی ئەو نارەزایەتییانەو کاردانەوەی دەسەڵاتی زاڵ بەرانبەر بەو خۆپیشاندانانە دەتوانین ئاماژە بە کێشەی بێبڕانەوەی کرێکارانی "نەیشەکەری هەفت تەپە" بکەین کە ساڵەهایە لە گەڵ کێشە بەرەوڕوون و ناڕەزایەتی دەردەبڕن و لە ئاکامدا بە هیچ ئامانجێک ناگەن و تەنانەت لەگەڵ توندوتیژیی هێزە نیزامییەکان ڕووبەڕوو دەبنەوە.

لە لێکەوتەکانی دۆخی خراپی کرێکاران لە کوردستاندا، کە بە شێوەیەکی سیستماتیک، لە ئاکامدا دەگات بە لە نێو بردنی تاکەکان و کوشتنیان، دەتوانین ئاماژە بە بابەتی کۆڵبەری بکەین، کە تاکی کرێکاری کورد بەهۆی دۆخی خراپی بازاڕەکانی کورد و نەبوونی حەقدەستی گونجاو یان هەر نەبوون و نەمانی کار، ڕوو دێننە پیشەی کۆڵبەری و ڕێژیم بە بیانووی بڕینی سنوور و هێنانی شتومەکی قاچاغ، بە شێوازێکی نامرۆڤانە تەقەیان لێ دەکەن و لە پێناو پارووەک ناندا دەیانکوژن.

وەک دەرەنجامی باسەکە، لە ئێراندا و بەتایبەت لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لە ڕوانگەی دەسەڵاتدارانەوە، کرێکاران ئەو چینەی کۆمەڵگا دێنە هەژمار کە دەبێ بە بێ هیچ چاوەڕوانییەک لەپێناو ئامانجەکانی ڕێژیمدا کار بکەن و ئەمە دەرخەری ئەوەیە کە لە ڕێژیمی ئێراندا هەموو بابەتێک دەبرێتە چوارچێوەی سیاسی بوونەوە و هەر چالاکییەک لە پێناو ئەو بابەتانەدا یاساغەو لەگەڵ سەرکوت و توندوتیژی بەرەوڕوو دەبێتەوە.

ناوەڕۆکی ئەم بابەتە را و تێبینیی نووسەرە و ماڵپەڕی کوردستان میدیا لێی بەرپرسیار نییە.