کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کرێکاران دەبێ ١٣ ساڵ بۆ کڕینی ماشینێک پاشەکەوت بکەن

11:04 - 11 رەشەمه 2719

کرێکاران لە ئێراندا بۆ کڕینی هەرزانترین ماشین دەبێ ١٣ ساڵ پاشەکەوت بکەن جا دەتوانن ماشینێک لە "ئیران خۆدرۆ" بکڕن.

بەپێی ئەو زانیاریانە کە بڵاو کراوەتەوە هەر کرێکارێک کە بیهەوێ ماشینی جۆری "پێژۆ ٢٠٠٨" بکڕێت دەبێ نزیک ٦٤ ساڵ، ۆ کڕینی ماشینی "هایما" دەبێ ٤٨ ساڵ و بۆ "ڕێنۆ تۆندەر" دەبێ ٣٤ ساڵ کار بکات.

بازاڕی کڕین و فرۆشتنی ماشین لە ئێراندا بەهۆی ئەوەیکە یاسایەکی چاودێریی لەسەر نییە بووەتە بازاڕێک بۆ دەڵاڵەکان؛ به جۆرێک کە جیاوازیی نرخی کارخانە و نرخی بازاڕ قازانجێکی ٥٠ هەتا ٧٠ لەسەدی دەخاتە گیرفانی دەڵاڵەکان.

یەکێک لە هۆکارەکانی ئەوەیکە کرێکاران ناتوانن ماشین بکڕن دابەزینی ئاستی توانایی کڕینی کرێکارانە.

لە ئەمساڵدا مووچەی کرێکارێکی سادە، مانگانە ١ ملیۆن تمەن بەراورد کراوە و کۆی گشتییەکەی لە ساڵێکدا دەبێتە ٢١ ملیۆن تمەن کە ئێستا هەرزانترین نرخی ماشین لە بازاڕەکانی ئێراندا سێ هەتا ٤ قات لە داهاتی کرێکارێک زیاترە.

لە ئیستادا هەر کرێکارێک لە ئێراندا بۆ کڕێنی ماشینەکانی "ئیران خۆدرۆ" دەبێ ٣٣ لەسەدی داهاتی خۆی بۆ کڕینی ماشینێک پاشەکەوت بکات.