کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کرێکاران لە کوردستان ناڕەزایەتییان دەربڕی

17:59 - 4 بانەمەڕ 2719

کوردستان میدیا: ژمارەیەک لە کرێکارانی شاری بانە لە کوردستانی ڕۆژهەڵات لە هەمبەر بەرزبوونەوەی نرخی بیمەی دابینکردنی کۆمەڵایەتی ناڕەزایەتییان دەربڕی.

ڕۆژی چوارشەممە ٤ی خاکەلێوە، ژمارەیەک لە کرێکارانی بیناسازیی شاری بانە، بە نیسبەت "بەرزبوونەوەی نرخی بیمەی دابینکردنی کۆمەڵایەتی" لە بەرانبەر نووسینگەی ئەنجومەنی کرێکارانی بیناسازیی ئەو شارەدا ناڕەزایەتییان دەربڕی.

کرێکارانی ناڕازی خوازیاری دابەزینی نرخی بیمەی دابینکردنی کۆمەڵایەتی بوون و هەتا ئێستا وڵامێکی ئەرێنیان لەو بارەیەوە دەست نەکەوتووە.

ساڵی ٩٨ ساڵێکی خراپ بۆ ئێران وەسف کراوە و کاربەدەستانی ڕێژیمیش خۆیان دانیان بەوە داناوە کە ئەمساڵ گوشارێکی زۆریان لەسەرە.

به هۆی گەمارۆ ئابورییەکانی ئامریکا، پێشگرتن لە هەناردەکردنی نەوتی ئێران و کشانەوەی کۆمپانیاکان لە ئێراندا ئابووریی ئێران تووشی داڕمان بووە.

نزیکەی ٢ میلیون و ٢٠٠ هەزار کرێکاری بیناسازی لە ئێران بوونی هەیە و کرێکارانی بیناسازی، زیاتر لە هەموو کرێکارانی دیکە لە ئێراندا تووشی ڕووداوی کار دەبن و زۆرترین ئاماری قوربانیانی ڕووداوی کار، کرێکارانی بیناسازی لەبەر دەگرێت و سەدان هەزار کەسیش لەو توێژە لە خەدەماتی دەرمانی و بیمە دابینکردنی کۆمەڵایەتی بێبەشن.