کوردستان میدیا: ژمارەیەک لە پارێزەرانی کرێکارە دەسبەسەرکراوەکانی هەفتتەپە، لەبارەی ڕەفتاری نەشیاو و ئەشکەنجەدانی بریگرتەکانیان بەیاننامەیەکیان بڵاو کردەوە.
ڕۆژی هەینی، ٩ی سەرماوەز، ٢٥ کەس لە پارێزەرانی کرێکارە دەسبەسەرکراوەکانی هەفتتەپە لە بەیاننامەیەکدا وێڕای بوونی بەڵگە و پشتبەستن بە یاسای بنەڕەتیی ڕێژیمی ئێران، گرێبەستەکانی ژنێف و کۆنوانسیۆنی قەدەغەکردنی ئەشکەنجە نووسیویانە: "ئەشکەنجە نەشیاوترین هەڵسوکەوتی نامرۆییانەیە کە بەرانبەر بە گیراوێک ئەنجام دەدرێت کە هەموو یاسا نێودەوڵەتییەکان مەحکومی دەکات".
ئەم پارێزەرانە لەم بەیاننامەیاندا بە توندی ئەشکەنجە و ڕەفتاری نەشیاویان بەرانبەر بە کرێکارانی دەسبەسەرکراو بە تایبەتی "ئیسماعیل بەخشی" مەحکووم کردووە.
لەم بەیاننامەیەدا ئاماژە بە بارودۆخی ئیسماعیل بەخشی، نوێنەری کرێکارانی هەفتتەپە کراوە و داوا لە سەرکۆمار و بەرپرسی هێزی بەناودادوەری ڕێژیمی ئێران کراوە کە بەدواداچوون بۆ ئەم کەیسە بکەن و سزای ئەو کەسانە بدەن کە بڕیاری ئەشکەنجەی ناوبراویان داوە.
بەپێی ڕاپۆرتی "ڕێکخراوی نێونەتەوەیی پشتیوانی لە کرێکارانی ئێران" ئیسماعیل بەخشی دوای دەسبەسەرکردنی لەلایەن مەئمورانی ئەمنیەتی ڕێژیمەوە دراوەتە بەر لێدان و ئەشکەنجەی توند، بەشێوەیەک کە دەموچاوی شین بووەتەوە و ئاوساوە، هەروەها ئەم ناوەندە نووسیویەتی کە بەهۆی لێدانی توندی مەئمورانەوە، تووشی خوێنڕێژی گەدە بووە و لە نەخۆشخانەدا خەوێنراوە.
ڕۆژی ڕابردوو، منداڵانی ئەم کرێکارانە بە هەڵگرتنی دروشمی "منیش هەفت تەپەییم" پشتیوانیان لە ناڕەزایەتی دەربڕینی باوکەکانیان کرد.