کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کرێکارانی شارەداری مووچەیان پێ نادرێت

11:32 - 13 بانەمەڕ 2719

کوردستان میدیا: شارەدارییەکان لە کوردستان و ئێراندا توانای دابینکردنی مووچەی کرێکارانیان نییە و کاربەدەستانی شارەدارییەکانیش بۆ پێدانی مووچە بە کرێکارانی شارەداری تەنیا دروشم دەدەن.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، شارەداریی شنۆ ماوەی چەند مانگە مووچەی کرێکارەکانی نەداوە و هەتا ئێستا هیچ لایەنێکی ڕێژیمیش وڵامدەری ویستی ئەو کرێکارانە نەبووە.

هەواڵنێری ماڵپەڕی کوردستان میدیا باسی لەوە کرد، سەید "کەماڵ تاهیری" شارەداری شنۆ و کاربەدەستی ڕێژیم لە شاری شنۆ، هەتا ئێستا مووچەی دواکەوتووی چەند مانگی کرێکارانی نەداوە.

دواکەوتن و نەدانی مووچەی کرێکاران لە کاتێکدایە، کە دۆخی ئابووری و بژێوی ژیان لە کوردستان و ئێراندا ڕۆژ به ڕۆژ نالەبارتر دەبێت و کاربەدەستانی ڕێژیمیش تەنیا وادەی پووچ بە کرێکاران دەدەن.

بەپێی راپۆرتەکانی خودی ڕێژیمی ئێران،  بە هۆی هەلومەرجی ئێستامان مەودای نێوان هێڵی هەژاری و هەڵاوسان گەیشتووەتە ٥٣%؛ لە وەها بارودۆخێکیشدا مووچەی کرێکارێک تەنیا بەشی ١٠ ڕۆژ لە مانگێکی دەکات.

بەپێی ڕاپۆرتەکان، گوشارەکان بۆ سەر ئەم چینە کەمداهاتە زیاتریش دەبێ و کێشەکانیان دووقات زیاتر دەبنەوە، کەواتە زیادکردنی ٢٠%ی مووچە و حەقدەست کە بۆ ساڵی ٩٨ لە بەرچاو گیراوە ناتوانێت قەرەبووی جیاوازییە چینایەتییەکان بکاتەوە.

عەلی ئەسڵانی، ئەندامی لێژنەی بەڕێوەبەریی کانوونی کار ڕایگەیاندووە: "ئێوە بیهێننە پێش چاوی خۆتان، کرێکارێک لە ماڵەکەیدا نەخۆشێکی تایبەتی هەیە، کە دەرمانەکانی یان دەست ناکەون یان بە نرخی یەکجار گران لە بازاڕی ئازاددا هەیە، ئەو کرێکارە دەبێت چی بکات؟ یان هەر لە بەشی دەرماندا، بوونی ٧٩ جۆر دەرمان کە بۆ کرێکاران پێویستە لە لایەن بیمەوە ساپۆرت ناکرێت و دەبێت لە بازاڕی ئازاددا بکڕدرێت."