کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کرێکارانی شارەداریی خوڕەمئاوا ٧ مانگە موچەیان پێ نەدراوە

17:11 - 5 رەشەمه 2720

مووچەی دواکەوتووی کرێکارانی شارەداریی خۆرەمئاوا گەیشتووەتە ٧ مانگ و لەم دۆخە خراپە ئابوورییەدا کرێکاران بۆ وەرگرتنی مووچەکەیان لەنێوان شارداری و پەیمانکاراندا هاتوچۆیان پێ دەکرێت.

لەم دۆخە نالەبارە ئابوورییەدا کە سفرەی زۆربەی بنەماڵەکان هەروا بچووکتر دەبێتەوە، سفرەی ئەم کرێکارانە کە ٧ مانگە مووچەیان پێ نەدراوە بەتاڵتر بووەتەوە.

مووچەی دواکەتووی کرێکارانی فەزای سەوزی خوڕەمئاوا ٧ مانگی تێپەڕاندووە و بە قسەی کرێکاران هەتا ئێستا هیچ هەواڵێک لە پێدانی مووچەکەیان نییە.

شارەداری خوڕەمئاوا خۆی بە لایەنی بەرپرسی پێدانی مووچەی کرێکاران نازانێت و دەیخاتە ئەستۆی پەیمانکاران، لە بەرامبەردا پەیمانکارانیش دەڵێن کە شارەداری دەبێ مووچەی کرێکاران بدات.

لەم دۆخەدا کە ئەم کرێکارانە بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی ژیانیان ناچارن ڕۆژانە داوای یارمەتی لە خەڵک بکەن، کاربەدەستانی ڕێژیم هیچ ئاوڕێک لەو کرێکارانە نادەنەوە و تەنانەت ئەوەندی دیکە بێزاریان دەکەن.