کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کرێکارانی شارەداریی سێ شار کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان بەڕێوە برد

11:03 - 4 رێبەندان 2718

کوردستان میدیا: کرێکارانی شارەداریی سێ شاری مەریوان، شادگان و برووجێرد، لە هەمبەر نەدرانی مووچەکەیان دەستیان دایە ناڕەزایەتیدەربڕین و لە بەرانبەر بینای شارەداریی ئەو شارانەدا کۆ بوونەوە.

کرێکارەکانی شارەداریی مەریوان، ڕۆژی ڕابردوو، ٣ی ڕێبەندان، بۆ دووهەمین ڕۆژ و کرێکارانی برووجێرد بۆ پێنجەمین ڕۆژ، لە دوای یەک دەستیان دایە کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی و کرێکارانی خزمەتگوزاریی شاری و فەزای سەوزی شادگانیش دیسانەوە دەستیان لە کار کێشایەوە.

کرێکارەکانی شارەداریی مەریوان، به نیشانەی ناڕەزایەتیدەربڕین لەهەمبەر دواکەوتنی مووچەکەیان، ڕۆژی سێشەممە، ٢ی ڕێبەندان، لە بەرانبەر بینای شارەداری و شۆرای ئیسلامیی ئەم شارە سفرەی بەتاڵیان ڕاخست.

کرێکارەکانی شارەداریی برووجێرد، لە سەرەتاکانی ئەمساڵەوە تاکوو ئێستا، مووچەیان وەرنەگرتووە؛ ئەوان لە ناڕەزایەتیدەربڕینی خۆیان لە ڕۆژی چوارشەممەدا، خوازیاری دەست لەکارکشانەوەی ئەندامانی شۆرای ئیسلامیی شاری برووجێرد بوون.

هەر لە درێژەی ئەم مانگرتن و ناڕەزایەتییانەدا، کرێکارانی خزمەتگوزاریی شاری و فەزای سەوزی شادگانیش، لە هەمبەر نەدرانی مووچەکەیان کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان بەڕێوە برد.

نەدانی مووچە بە کرێکارەکان لە سەرتاسەری ئێراندا بووەتە هۆی ئەوەی کە کرێکارەکان هەر ڕۆژ لە شارێکدا مانگرتن و کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی بەڕێوە ببەن؛ بەرپرسانیش هیچ گرینگییەک به خواستی کرێکاران نادەن و لە کاتی بەڕێوەبردنی ناڕەزایەتییەکاندا هەوڵ دەدەن به هەڕەشە و ترساندن کرێکاران و ناڕازییان لە خواستەکانیان پاشگەز ببنەوە.