کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کرێکارانی شارەداریی پیرانشار و ڕوانسەر مووچەیان پێ نەدراوە

13:26 - 5 جۆزەردان 2721

کرێکارانی شارەداریی پیرانشار لە ساڵی ١٤٠٠ی هەتاویدا مووچەیان پێنەدراوە و ناڕەزایەتییان بەرانبەر بە پێنەدانی مووچەکانیان دەربڕیوە.

ئەو کرێکارانە وتوویانە: "ئێمە  ماوەی ٢ مانگە مووچەمان پێنەدراوە و لە دۆخێکی خراپدا ژیان بەسەر دەبەین و داوامان لە شارەداری هەیە مووچەکانمان پێ بدات و بۆ جارێکیش بێت شارەداری خۆی لەجێگای ئێمە دابنێت بۆ ئەوەی بزانین لەم دۆخەی ئێمەدا بەرگە دەگرێت".

ئەو کرێکارانە هەروەها وتوویانە کە مووچەی فەرمانبەران لەسەر کاتی خۆی تێدەکرێت و حیساب ئاوەڵایە، بەڵام کاتێک دەگاتە ئێمە حیسابی شارەداری بەستراوە.

کرێکارانی ناڕازی ڕوو لە شۆراکانی شار وتوویانە: "بۆچی لەکاتی هەڵبژاردنەکاندا کە پێویستیتان پێمان بوو ئێمەتان لە دەوری خۆتان کۆ دەکردەوە بەڵام ئێستا هیچ بایەخێکمان پێ نادەن".

هەر لەو پەیوەندییەدا کرێکارانی ڕوانسەر ماوەی ٤ مانگە مووچەیان پێ نەدراوە و داوا لە بەرپرسان دەکەن کە کێشەی پێنەدانی مووچەکانیان بۆ چارەسەر بکەن.