کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کرێکارانی شارەداریی ڕوانسەر ٢ مانگە مووچەیان وەرنەگرتووە

13:21 - 21 بانەمەڕ 2720

لە دۆخی نالەباری ئێستادا کە نەخۆشی کۆرۆنا ژیانی خەڵکی ئەوەندی دیکە ئەستەم کردووە، کرێکارانی شارەداریی ڕوانسەر ٢ مانگە مووچەیان وەرنەگرتووە و لە دۆخیکی زۆر دژەواردا ژیان بەسەر دەبەن.

لەم دۆخە نالەبارەی کە بەهۆی سیاسەتەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران بەسەر خەڵکی ئێران و بەتایبەت کوردستاندا سەپاوە و ڕۆژ لەگەڵ ڕۆژ ژیانی خەڵک ئەستەمتر دەبێتەوە، هیچ ئاوڕێک لە دۆخی کرێکاران نادرێتەوە.

کرێکارانی شارەداریی ڕوانسەر کە ٢ مانگە مووچەیان پێنەدراوە و هەروەها کە بڕیار بوو لە بەرەبەری سەری ساڵی نوێ جێژنانەیان پێ بدەن ئەویشیان لی ڕاگرتوون.

شارەداری ڕوانسەرباسی لەوە کردووە کە لەئێستادا ئەم ناوەندە ٤٥ میلیارد ڕیاڵ قەرزدارە و ئەم کێشەیەی بۆ ئەوە گەڕاندووتەوە کە شارەداریی ڕوانسەر سەرچاوەی داهاتی بەردەوامی نییە.

ئەم کرێکارانە بەردەوام لەلایەن بەرپرسانی ئەو ناوەندەوە بەڵێنیی درۆیان پێ دەدرێت.

بەهۆی داڕمانی ئابووری و گەندەڵی و بێکیفایەتی بەرپرسانی ڕێژیم، لە ئێستادا لە زۆربەی شارەدارییەکانی ئێران و کوردستاندا، مووچە و حەقدەستی کرێکاران نادرێت و هیچ چاوەدێرییەکیش بەسەر ئەو کێشەیەدا ناکرێت.