کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کرێکارانی شارەداریی ڕوانسەر کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان بەڕێوە برد

12:50 - 18 گەلاوێژ 2720

کرێکارانی شارەداریی ڕوانسەر بەهۆی پێنەدانی مووچە و حەقدەستی چەند مانگەیان لەبەر بینای شارەداریی ئەو شارە کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان بەڕێوە برد.

ڕۆژی هەینی ١٧ی گەلاوێژ، ژمارەیەک لە کرێکارانی شارەداریی شاری ڕوانسەر لە ناڕەزایەتی بەرانبەر بە پێنەدانی مووچە و حەقدەستی ٥ مانگەیان کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان بەڕێوە برد.

ئەو کرێکارانە هەتا ئێستا چەندین جار داواکاری پێدانی مووچەی وەدواکەوتوویان بوونە و ناڕەزایەتییان دەربڕیوە، بەڵام هیچ بەرپرسێکی پەیوەندیدار بە دەم داواکانیانەوە نەچووە.

کرێکارانی ناڕازی ڕایانگەیاندووە جگە لە پێنەدانی ٥ مانگ مووچە و حەقدەستی وەدواکەوتوویان، جێژنانە و پاداشتی کۆتایی ساڵی ٩٨ـیشیان پێ نەدراوە.

نەک تەنیا لە ڕوانسەر بەڵکوو لە زۆربەی شارەکانی ئێران و بەتایبەتی کوردستان، شارەدارییەکان بەنیسبەت ماف و داواکارییەکانی کریکاران کەمتەرخەمن و هیچ ئاوڕێک لە دۆخیان نادەنەوە.

لە ماوەی ڕابردوودا کرێکارانی پیشە جیاوازەکان لە ئێران و کوردستان، بەهۆی پێنەدانی مووچە و حەقدەست، دۆخێکی خراپیان هەیە و لە چەندین شاری ئێراندا دەستیان داوەتە کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی و داوای مافەکانیان کردووە.