کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کرێکارانی فوولادی ئەهواز ڕاگەیەندراوێکیان بڵاو کردەوە

12:16 - 26 خەزەڵوەر 2718

کوردستان میدیا: کرێکارانی گرووپی پیشەییی فوولادی ئەهواز، ڕاگەیەندراوێکیان بڵاوکردەوە؛ لەم ڕاگەیەندراوەدا داوا لە کرێکارەکان کراوە، کە لە کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیدا بەشداری بکەن.

بەپێی ئەم ڕاگەیەندراوە، ئەمڕۆ شەممە، ٢٦ی خەزەڵوەری ٩٧ی هەتاوی، کرێکارانی گرووپی پیشەییی فوولادی ئەهواز کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی بەڕێوە دەبەن.

لە سەرەتای ئەم ڕاگەیەوندراوەدا هاتووە: "سبەی نەک ڕۆژێکی تر، کە درێژەی دوێنێ و ئەمڕۆیە. درێژەی ڕێگایەکی درێژ و ئەستەمە کە نیوەی تێپەریوە و سەرەڕای هەبوونی مەترسییەکان، زۆرینەی ئامانجەکانمان وەدەست هێنا. گرینگترین و بەنرخترین دەستکەوتی ئێمە کە شانازی پێوە دەکەین، ڕۆحی یەکگرتوویی و برایەتی بوو کە ڕۆژ لە دوای ڕۆژ بەهێزتر دەبێتەوە."

لە لایەکی تریشەوە، بە سەدان کەس لە کرێکارەکانی نەیشەکەری هەفت‌تەپە، ڕۆژی هەینی، ٢٥ی خەزەڵوەری ٩٧ی هەتاوی، لە دوازدەهەمین ڕۆژی ناڕەزایەتییەکانی خۆیاندا، چوونە شوێنی نوێژی هەینی و لەوێ درێژەیان بە ناڕەزایەتییەکانیان داوە.

ئەوان تا گەیشتن بە شوێنی نوێژەکە دروشمی "نەمان بۆ زاڵم، بژی کرێکاران" وتووەتەوە. هەروەها پاش چوونە ژوورەوە دروشمی  "حوسێن حوسێن دروشمیانە، دزیکردن شانازییانە" و "کرێکار دەمرێت بەڵام سەرشۆڕی قەبووڵ ناکاتـ"ـیان بەرانبەر بە پێشنوێژی هەینی وتووەتەوە.

کرێکارەکان داوایان لە بنەماڵەکان کردووە، کە ڕوژی شەممە، ٢٦ی خەزەڵوەر منداڵەکانیان نەنێرن بۆ قوتابخانە و پەیوەست بە ناڕەزایەتییەکانەوە بن.

لە ڕۆژانی ڕابردووشدا، کرێکارەکان لە بەرانبەر بینای فەرمانداریی شووش کۆ بوونەوە، ئەوان تابووتێکیان بە شێوەی سەمبۆلیک لەسەر شانیان دانا،  کە لەسەری نووسرابوو: ئەمڕۆ شینە، شینی کرێکاری بێچارەیە.

ناڕەزایەتییەکانی کرێکارەکان لە شارەکانی ئێراندا بەردەوامە و ڕۆژ لە دوای ڕۆژ پەرە دەستێنێت؛ دەستبەسەرکردن و هەڕەشەکردن لە کرێکارانیش نەیتوانیوە پێش بە داخوازییە ڕەواکانی کرێکاران بگرێت.