کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کرێکارانی مێترۆی ئەهواز درێژە به مانگرتنەکەیان دەدەن

10:53 - 11 رێبەندان 2718

کوردستان میدیا: کرێکارانی پرۆژەی درووستکردنی مێترۆی شاری ئەهواز بۆ چەندەمین جار لەهەمبەر نەدرانی مووچەکەیان لە بەردەم بینای مێترۆی ئەم شارەدا کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان بەڕێوە برد.

ڕۆژی چوارشەممە، ١٠ی ڕێبەندان، کرێکارانی مێترۆی ئەهواز بۆ جارێکی دیکە و به نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین به نەدرانی مووچەکانیان لە بەردەم بینای مێترۆی ئەم شارەدا کۆبوونەوە .

نزیک به ٢٠٠ کرێکاری ئەم مێترۆیە کە بە گرێبەست لەوێ کار دەکەن، لە مانگی خەرمانانەوە تاکوو ئێستا مووچەیان وەرنەگرتووە.

کۆمپانیای پەیمانکاریی کیسۆن کە ئەم کرێکارانەی به شێوەی پەیمانی لە سەر کار داناوە، هیچ وڵامێک به داخوازییەکانیان ناداتەوە.

لەلایەکی دیکەشەوە لە چەند ڕۆژی ڕابروودا، کرێکارانی شارەداریی مەریوان، به نیشانەی ناڕەزایەتیدەربڕین لەهەمبەر دواکەوتنی مووچەکەیان، لە بەرانبەر بینای شارەداری و شۆرای ئیسلامیی ئەم شارە سفرەی بەتاڵیان ڕاخست.

نەدانی مووچە بە کرێکاران لە سەرتاسەری ئێراندا بووەتە هۆی ئەوەی کە ئەم چینە غەدرلێکراوە هەر ڕۆژەو لە شارێکدا مانگرتن و کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی بەڕێوە ببەن؛ بەرپرسانیش هیچ گرینگییەک به خواستی کرێکاران نادەن و لە کاتی بەڕێوەبردنی ناڕەزایەتییەکاندا هەوڵ دەدەن به هەڕەشە و ترساندن، کرێکاران و ناڕازییان لە خواستەکانیان پاشگەز بکەنەوە.