کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کرێکارانی ڕێگای ئاسنی پارێزگای تەورێز مانیان گرت

12:02 - 27 رێبەندان 2718

کوردستان میدیا: کرێکارانی ڕێگای ئاسنی پارێزگای تەورێز، لە ناڕەزایەتی لە هەمبەر نەدرانی مووچە مانیان گرت.

هەواڵە بڵاوکراوەکان باس لە درێژەکێشانی مانگرتنی کرێکارانی ڕێگای ئاسنی پارێزگای تەورێز، لە ڕۆژانی ٢٥ و ٢٦ی ڕێبەنداندا دەکەن.

ئەم مانگرتنە لە درێژەی مانگرتنەکانی کرێکاران لە شارەکانی مەرەند و جوڵفا، تەورێز و عەجەبشێر هاتنە ئاراوە.

مانگرتن لە شارەکانی تەورێز و عەجەبشێر، لە ٢٣ی ڕێبەندانەوە دەستی پێ كردبوو.

کاناڵی تێلێگرامیی کرێکارانی ڕێگای ئاسن، هەروەها باسی لە نەدرانی مووچەی چەند مانگی کرێکارانی ڕێگای ئاسنی لوڕستانیشی کردووە .

کرێکارانی ڕێگای ئاسن، کە لە ڕێگەی کۆمپانیا پەیمانکارییەکانەوە لە ڕێگای ئاسندا کار دەکەن، چەند مانگە کە بەردەوام بە هۆی ناڕەزایەتی بە نیسبەت دواکەوتنی مووچە و نەبوونی ئەمنییەتی کاری مان دەگرن.

لە ڕۆژانی ڕابردوودا، مامۆستایانی ٦ شاری ئیرانیش لەوانە کرماشان، مەریوان و سنە لە هەمبەر داخوازییە سێنفییەکانی خۆیان لە بەردەم بینای پەروەردەی ئەم شارانەدا کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان بەڕێوە برد و ڕایانگەیاند، کە لە ئەگەری وڵام نەدانەوەی داخوازییەکانیان، درێژە بە مانگرتنەکانیان دەدەن.