کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کرێکارانی کوردستانی ڕۆژهەڵات زیاتر لە جاران ڕوو دەکەنە هەرێمی کوردستان

18:19 - 2 رێبەندان 2720

دۆخی خراپ و نەمانی کار وای کردووە کە کرێکارانی نانەواخانە و بیناسازی زیاتر لە جاران ڕوو بکەنە هەرێمی کوردستان و لەوێدا بە دۆخێکی سەخت و دژوارەوە کار بکەن.

چالاکێکی کرێکاریی لە پەیوەندی لەگەڵ کۆچکردنی کرێکارانی ڕۆژهەڵاتی بۆ هەرێمی کوردستان ڕایگەیاندووە کە نزیکەی ٢ ساڵە بە بیانووی پیشەی بوونەوەی نانەواخانەکان دەزگایەک جێی کرێکارانی گرتووەتەوە و زۆربەی کرێکاران بێکار و ئاوارەی وڵاتانی دراوسێ بوونە.

ئەو هەروەها وتوویەتی کە کرێکارانی بێکاری ڕۆژهەڵات ماوەیەکی زۆرە کە هەرێمی کوردستانیان لە جیاتی تاران و شارە گەورەکانی ئێران بۆ کار هەڵبژاردووە.

بارودۆخی کارکردن لە هەرێمی کورستاندا زۆر ئەستەمە و کرێکاران تێچووی زۆریان دەبێت و هەروەها ئەمنییەتی کارییان نییە.

هەروەها دۆخی کرێکارانی بیناسازیش لە دۆخی کرێکارانی نانەواخانەکان نالەبارترە و کرێکاران ناچارن ئەو دۆخە لەبەر نەبوونی کار لە شارەکانی خۆیاندا قەبووڵ بکەن.

دۆخی نالەباری ئابووریی ئێران و نەبوونی کار، خەڵکی بێکاری شارەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵاتی ناچار کردووە بە دوای کاردا ڕوو بکەنە شارەکانی هەرێمی کوردستان.