کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کرێکارێکی شیرکەتی نەوت لە خووزستان خۆی کوشت

11:55 - 22 جۆزەردان 2720

کرێکارێکی شیرکەتی نەوت که بەهۆی گوشاری ئابووری و نەبوونی پارە بۆ کڕینی کەلوپەلی ژیانی خۆی داوای ٥٠٠ هەزار تمەن یارمەتی کردبوو و ئەو پارەیان پێ نەدابوو، خۆی کوشت.

"عومران" یەکێک لە کرێکارانی بەشی نیگابانیی چاڵی نەوتی "ئێف ١٩ " (F19)  لە مەیدانی نەوەتیی "یادئاوەران" بەهۆی ئەوەیکە  گرێبەستکارەکەی پارەی پێ نەداوە، دەستی دایە خۆکوژی.

هاوکارانی ئەو کرێکارە باسیان لەوە کردووە، "عومران" خراپترین گرێبەستی بۆ بژیوی ژیانی لەگەڵ خاوەنکارەکەی واژۆ کردبوو، بەڵام دیسانەوە بەهۆی هەژاری دەستی دایە خۆکوژی.

کرێکاران باسیان لەوەش کردووە، ماوەی ٥ ساڵە کە شیرکەتی " نەزم ئافەرینانی ئیمان" مووچەی کرێکارانی کەم کردووەتەوە.

خۆکوژیی کرێکاران لە ئێراندا بەهۆی نەبوونی مووچە و دەرکرانیان لە سەر کارەکانیان بابەتێکی نوێ نییە.

لە یاسای ڕێژیمی ئێراندا، مافی کرێکاران خوراوە و ناڕەزایەتیی کرێکاران و داکۆکی لە مافی کرێکاران بە ئەنجامێک نەگەیشتووە.

پارێزگای خووزستان گەورەترین سەرچاوەی نەوتی ئێرانە، بەڵام خەڵکی ئەو پارێزگایە لە خراپترین دۆخی ئابووریدا دەژین.