کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کرێکارە ناڕازییەکان، کۆتاییهاتنی مانگرتنەکەیان بە درۆ خستەوە

11:56 - 4 سەرماوەز 2718

کوردستان میدیا: کرێکارە نارازییەکانی هەفت‌تەپە، سەرەڕای ڕەتکردنەوەی کۆتاییهاتنی مانگرتن و ناڕەزایەتیدەربڕینەکانی خۆیان، جەختیان کردەوە کە تا گەیشتن بە هەموو داخوازییەکانمان، بەردەوام دەبین و ناوەستین.

بەپێچەوانەی قسەکانی وەزیری تەعاوەن و کاروباری کۆمەڵایەتیی ڕێژیم، سەبارەت بە دەستپێکردنەوەی کاری کرێکارەکانی مانگرتووی هەفت‌تەپە، کە وتبووی: لە ڕۆژی شەممە، ٣ی سەرماوەزەوە دەست بەکار دەکەنەوە، کرێکارە مانگرتووەکان لە کاناڵی تێلێگرامی خۆیاندا ئەوەیان به دەنگۆ و درۆ ناو برد و کۆتاییهاتنی مانگرتنەکەیان ڕەت کردەوە.

ئەم کرێکارانە پاش ٢٠ ڕۆژ لە ناڕەزایەتیدەربڕینەکانی خۆیان، جگە لە دانی مووچە دواکەوتووەکانیان، خوازیاری ئازاد کردنی هاوکارە دەستبەسەر کراوەکانیشیانن.

هەر لەم پێوەندییەدا، زیاتر لە ١٠٠ کەس لە کرێکارەکانی کارخانەی ڕۆنی جیهان، ڕۆژی شەممە، ٣ی سەرماوەزی ١٣٩٧ی هەتاوی، لە بەردەم پارێزگاریی شاری زەنجان کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان بەڕێوە برد.

کرێکارەکانی ئەم کارخانەیە، شەش مانگی ئەمساڵ و چوار مانگی ساڵەکانی ٩٥ و ٩٦یان مووجەیان وەر نەگرتووە؛ ئەوان هەروەها ٢٨ مانگە پارەی بیمەکەیان بە بیمە نەدراوە و هەر بەم بۆنەوە ناتوانن لە بیمە دەرمانییەکانیان کەڵک وەر بگرن.

گرانی و دۆخی ئەستەمی ئابووریی بووەتە هۆی پەرەسەندنی ناڕەزایەتییە کرێکارییەکان و بەرپرسانی ڕێژیمیش جگە لە بەڵێنی درۆ هیچی تریان بۆ ئەو خەڵکە پێ نییە.