کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کرێکارەکانی ئەهواز: کێشەکانمان چارەسەر نەبن، لە تاراندا کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی بەڕێوە دەبەین

11:25 - 26 سەرماوەز 2718

کوردستان میدیا: کرێکارانی فوولادی ئەهواز، لە ٣٧ـەمین ڕۆژی ناڕەزایەتیدەربڕینەکانی خۆیاندا، ڕایانگەیاند، کە لە ئەگەری چارەسەر نەبوونی کێشەکانیان، ئەم جارە لە تاران کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی بەڕێوە دەبەن.

ڕۆژی یەکشەممە، ٢٥ی سەرماوەزی ١٣٩٧ی هەتاوی، کرێکارانی فوولادی ئەهواز لە ٣٧ـەمین ڕۆژی ناڕەزایەتییەکانی خۆیاندا، لە شەقامەکان و بازاڕی ئەم شارەدا کۆ بوونەوە.

ئەم کرێکارانە  به دروشمگەلی، "دەنگی هەر کرێکار، نەمانە بۆ ستەمکار"، "ئەم هەموو نادادپەروەرییە، هیچ نەتەوەیەک نەیدیوە" و "ئەهواز بووەتە فلستین، خەڵکینە بۆ دانیشتوون"، درێژەیان به ناڕەزایەتییەکەی خۆیان دا.

"تارق خەلەفی" یەکێک لە کرێکارە ناڕازییەکان، لە ناڕەزایەتییەکانی ڕۆژی یەکشەممەدا، ڕایگەیاندووە: "ئەگەر تا کۆتاییی ئەم حەتوویە کێشەی ئەم کرێکارانەتان چارەسەر نەکرد، چاوەڕوانی کۆبوونەوەی زیاتر لە ١٥٠٠ کەسی لە شاری تاراندا بن".

هەر لەم پێوەندییەدا، ٤٠٠ کەس لە کرێکارانی خانەنشینکراوی موخابراتی شیراز، به هۆی نەدانی مووچەکانیان، لە بەرانبەر پارێزگاریی ئەو شارە کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان بەڕێوە برد.

ئەم کرێکارانە هۆکاری کۆبوونەوەی خۆیان بۆ  وەرنەگرتنی پارەکانیان پاش ١٢ ساڵ گەڕاندووەتەوە.

کرێکارە خانەنشینکراوەکان لەسەر بەنێرێک نووسیبوویان: "بەرپرسانی بەڕێز، ئێمە ١٢ ساڵ سەبرمان کرد، ئێوە بۆ وڵامی داخوازییەکانی ئێمە چیتان کرد"؟

کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی خانەنشینکراوان ڕۆژ لە دوای ڕۆژ زیاد دەکات؛ تا ئێستا خانەنشینکراوانی پێترۆشیمیی ئابادان، زانکۆی زانستی پزشکیی زەنجان، پەروەردە و بارهێنان، زانکۆی زانستی پزیشکیی یاسووج، شیرکەتی ئاو و ئاوەڕۆی ئەهواز و زانکۆی زانستی پزیشکیی بووشێهر چەندین کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان بەڕیوە بردووە.