کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کشانەوەی شیرکەت و بانکەکان لە ئێران درێژەی هەیە

12:48 - 9 جۆزەردان 2718

کوردستان میدیا: بانکی " بی.سی.پی" سویس لە دوای هاتنەدەرەوەی ئامریکا لە ڕێککەوتنی بەرجام چالاکییەکانی خۆی لە ئێراندا ڕاگرت.

هەواڵدەریی "ڕۆیتێرز" بڵاوی کردووەتەوه،  لە دوای هاتنەدەری ئامریکا لە ڕێککەوتنی بەرجام  بانکی "بی.سی.پی" وڵاتی سویس سەجەم چالاکییەکانی خۆی لە ئێراندا ڕاگرت.

ئەو بانکە سویسییە که وام بۆ بەشی بازرگانی و مەسکەندا دابین دەکات ڕایگەیاندووە، بە هۆی ئەوەی کە ئامریکا لە ڕێککەوتنی بەرجامدا نەماوە، سەرجەم مامەڵەکانی خۆی لەگەڵ ئێران ڕادەگرێت.

هاوکات چەند ڕۆژ پێش، بانکی " DZ"ی ئاڵمان کە نووسینگەی ناوەندیی لە شاری فرانکفورتە ڕایگەیاند، کە هەر جۆرە ئاڵۆگۆڕێکی ماڵیی لەگەڵ ڕێژیمی ئێران ڕادەگرێت، هەروەها شیرکەتی" پی.جی.نیگ "ی لەهستان کە لە ئێران پرۆژەی گازی هەیە، ڕایگەیاند، بە هۆی ڕیسکی گەمارۆوەکانی ئامریکا، پرۆژەکانی خۆی لە ئێراندا سڕ کردووە.

هەروەها، شیرکەتی پۆڵاسازی ئیتالیا و کەشتیڕانی دانمارک، بازەرگانییەکانیان لەگەڵ ڕێژیمی ئێران ڕاگرتووە، بەگشتی لە کاتی هاتنە‌دەرەوەی ئامریکا لە ڕێککەوتننامەی بەرجام، شیرکەتی ئەیرباس، توتاڵی فەڕانسە، شیرکەتی نەوتی ئێنی ئیتالیا، سریکا ئنێرژی بریتانیا، بویینگی ئامریکا، ئۆتۆموبیلسازیی سیتروئێنی فەڕانسە، زیمنسی ئاڵمان و چەندین کومپانیای دیکە، پڕۆژەکان و مامەڵەکانی خۆیان لەگەڵ ڕێژیمی ئێران ڕاگرتووە.

لە درێژەی چوونەدەرەوەی کۆمپانیا و بانکەکان لە ئێراندا، کۆمپانیای نەوتی  BP بەهۆی تەحریمە نوێیە ئابوورییەکانی لەدژی ئێران تەواوی چالاکییەکانی خۆی لە مەیدانی گازی "رام" لە دەریای باکوور ڕاگرت.

بریتیش پێترۆلیۆم ٥٠% لە کۆی پشکەکانی پێوەندیدار بە جێبەجێکردنی پڕۆژەی مەیدانی گازی ڕامی لە ئەستۆ بوو و ٥٠%ی دیکەشی لە ئەستۆی کۆمپانیای نەوتی ئێران بووە؛ پشکدار بوونی کۆمپانیای نەوتی ئێران لەم پڕۆژەیەدا، بریتیش پێترۆلیۆمی ناچار کردووە، پاش چوونەدەری ئامریکا لە بەرجام واز لە هاوکاری و چالاکییە هاوبەشەکانی لەگەڵ کۆماری ئیسلامی بهێنێت.