کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کشانەوەی کۆمپانیا نەوتییەکان لە ڕێژیمی ئێران

19:16 - 23 بانەمەڕ 2718

کوردستان میدیا: دوای هاتنەدەرەوەی ئامریکا لە بەرجام، کومپانیا نەوتییە ئورووپایی و ئاسیایییەکان لە هاوکاری کردن لەگەڵ ڕێژیمی ئێران دەکشێنەوە.

دوای ئەوەی کە ئامریکا لە ڕێککەوتننامەی بەرجام کشایەوە و گەمارۆوەکانی لەسەر ڕێژیمی ئێران سەرلەنۆی کارا کردەوە، زۆربەی ئەو کومپانیا جیهانییانە کە لەگەڵ ڕێژیمی ئێران هاوکاری دەکەن، پرۆژەکانیان لەگەڵ ڕێژیمی ئێران ڕاگرتووە و گرێبەستەکانیان هەڵدەوەشێننەوە.

کلۆدیو دسکالزی، بەڕیوەبەری کومپانیای "ئانیـ"ـی ئیتالیا، بە ئاماژە بەوەی کە گەمارۆی نوێ بە سەر ڕێژیمی ئێراندا سەپێندراوە، ئەو کومپانیا گرێبەستەکەی لەگەڵ ئەو ڕێژیمە نوێ ناکاتەوە و نەوتی پێویستی کومپانیاکەیان لە وڵاتێکی دیکە دابین دەکەن.

کومپانیای "سریکا وزەیـ"ـی بریتانیاش، ڕایگەیاندووە، کە گەمارۆوەکانی ئامریکا لەسەر ڕێژیمی ئێران، کاریگەریی لەسەر گرێبەستی ئەو کومپانیا لەگەڵ ئەو ڕێژیمە دادەنێت، ئەو کومپانیایە، لە کێڵگەی گازی "رام" لەگەڵ کومپانیای نەوتیی ئێران، بە شێوەی هاوبەش کاری دەکرد و پشکی بەر دەکەوت.

هەروەها کومپانیای "تووتاڵ" و کومپانیا هیندییەکان کە لە ئێراندا پرۆژەیان هەیە، هاوکارییەکانیان لەگەڵ ڕێژیمی ئێران کەم کردووەتەوە و خۆیان بۆ کشانەوە ئامادە دەکەن.

کشانەوەی ئەو کومپانیا نەوتییانە، دۆخی بەرهەمهێنانی نەوت و بەرهەمی پەیوەندیدار بە نەوت لە ئێراندا تووشی قەیران دەکەن و زۆربەی پرۆژە نەوتییەکان بە هۆی نەبوونی کومپانیایەکی پسپۆڕی ئێرانی دادەخرێن.

ئەمە لە حاڵێکدایە کە بەرپرسانی ڕێژیمی ئیران ڕایانگەیاندووە، کە بە کشانەوەی کومپانیا دەرەکییەکان تووشی کێشە نابین و کارەکان دەدەین بە پەیمانکارە ئێرانییەکان و ئاسانتریش دەتوانین لەگەڵیان کار بکەین.