کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کشانەوەی کۆمپانیایەکی دیکە لە ئێران

17:28 - 2 رەزبەر 2718

کوردستان میدیا: لە بەرەبەری پەسندکردنی خولی دووهەمی گەمارۆ ئابوورییەکان لە لایەن ئامریکاوە دژی ڕێژیمی ئێران، کۆمپانیای "وڵڤۆ" (VOLVO) لە ئێران چووە دەرەوە.

 "فرێدریک ئیورسن"، وتەبێژی کۆمپانیای "وڵڤۆ" گوتوویەتی، بە هۆی گەڕانەوەی دووبارەی گەمارۆ ئابوورییەکانی ئامریکا دژی ڕێژیمی ئێران و کێشەی ڕاگواستنی پاره و کەرەستەکان؛ بڕیاری داوە چالاکییەکانی خۆی لە ئێراندا ڕابگرێت.

ئەو بەرپرسەی کۆمپانیای وڵڤۆ باسی لەوە کردووە، گەمارۆ ئابوورییەکانی سەر ئێران وای کردووە کە ئێمە جیا لە چوونەدەرەوە لە ئێران هیچ چارەیەکی دیکەمان نەبێت.

ئەو کۆمپانیایە پێش گەمارۆ ئابوورییەکان سەرەکیترین و گەورەترین بەشی خزمەتگوزاریی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و باکووری ئافریقای لە ئێراندا دامەزراندبوو.

پاش دەستپێکردنەوە و تەندتربوونەوەی گەمارۆوەکانی ئامریکا بۆ سەر ڕێژیمی ئێران، کۆمپانیا دەرەکییەکان بەتایبەت کۆمپانیا ئوروپایییەکان لە کشانەوە لە ئێران بەردەوامن و هەتا ئێستە ٥٢ کۆمپانیای ئورووپایی لە ئێران کشانەتەوه.

دوای کشانەوە ئامریکا لە بەرجام، زۆرینەی وڵاتان پەیوەندیی ئابوورییان لەگەڵ ڕێژیمی ئێران ڕاگرتووە و تەنانەت وڵاتە ئوروپاییەکان کە بە بەرجام پێبەندن، لە دوای هەڕەشەی ئامریکا لە بانکەکان و کومپانیا ئوروپاییەکان لە پیوەندی لەگەڵ هاوکاریی لەگەڵ ڕێژیمی ئێران، گرێبەستەکانی خۆیان لەگەڵ ئێران هەڵدەوەشێنن.