کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کلینیکی سۆنۆگرافی و ڕادیۆلۆژیی کەرتی تایبەتی سەردەشت بە هۆکاری نادیار داخرا

12:00 - 16 خەزەڵوەر 2721

ماوەی چەند ڕۆژە کلینیکی سۆنۆگرافی و ڕادیۆلۆژیی کەرتی تایبەتی سەردەشت بە هۆکاری نادیار داخراوە و کێشەی بۆ دانیشووانی شاری سەردەشت و گوندەکانی دروست کردووە.

لە ئێستادا نەخۆشانی ئەو شارە بە تایبەت ژنانی دووگیان کە پێویستییان بە سۆنۆگرافی هەیە، سەرگردان ماونەتەوە و یان دەبێ چاوەڕوانی کرانەوەی بن یان ئەوەیکە بچنە شارەکانی دیکەوە.

سەردەشت تەنیا کلینیکێکی سۆنۆگرافی و ڕادیۆلۆژیی لە کەرتی تایبەتدا هەیە و هاووڵاتییان بە داخرانی ئەو کلینیکە ناچارن سەرەڕای دۆخی خراپی ڕێگاوبانەکان و کۆرۆنا بە تێچوویەکی زۆر بۆ چارەسەرکردنی نەخۆشییەکانیان بۆ شارەکانی دیکە بچن.

کێشەی نەبوونی "کەرەستەی پێویستی پزیشکی، پزیشک و کادری دەرمانیی پسپۆڕ" لە کوردستان وەک قەیرانێکی لێ هاتووە و ڕۆژانە هاووڵاتییان ناچارن سەردانی گەورەشارەکان بکەن.