کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کورتکردنەوە، لە پێناو بەرژەوەندی دیکتاتۆردا

18:04 - 22 رێبەندان 2720

سندووس

لە مێژوودا ڕووداوگەلێک دێنەئاراوە کە وەک چرای ناو تاریکستانێکی کاکی بە کاکی، سروشتی نیزامی سیاسی ناو کۆمەڵگاکان ڕووناک دەکەنەوە. چەند وەخت بەر لە ئێستا شاهیدی وەها ڕووناکییەک بووین کە نێوەرۆکی لیخن و ڕەشی کۆماری ئاخوندی زیاتر بۆ دەرخستین.

عەلی خامنەیی لە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا و بە چەند ڕستەی کورت، کەڵکی لە حوکمی حکومەتی وەرگرت و پێشی بە کڕینی واکسێنی دژەڤایرۆسی کۆڕۆنای "فایزێر" و "مۆدێرنا" گرت و کڕینەکەی قەدەغە کرد.

خامنەیی بەم بڕیارە نیشانیدا کە ئایدئۆلۆژی نەک هەر نابێتە ئامرازێک بۆ بەڕێوەبردنی وڵات و جێبەجێکردنی پێداویستییەکانی کۆمەڵانی خەڵک و داڕشتنی بنەمایەکی ئابووری بۆ بەرەکانی داهاتوو، بگرە تەواوی "بوون" و "هەستی"، لە بایەخێکی پووچ، بە ناوی "بوونناسی" ئاخوندیدا کورت دەکاتەوە.

ئەم شێوە بۆچوونە، وەبیرهێنەرەوەی هەوڵدانە، لەپێناو گەشەپێدانی دیکتاتۆری پڕۆلتاریادا، هەوڵدان بۆ باڵادەستکردنی نەتەوەی پیرۆز و بەرزنرخاندنی حەقیقەتی ئایینێکی تایبەت. دیارە لە بەرابەر ئەم بایه‌خە گرینگانەشدا، بایه‌خەکانی مرۆڤایەتی بەکەم وەردەگیرێ و هیچ جێگەوپێگەیەکی نامێنێ.

کاتی خۆی لە سیستمی یەکێتی سۆڤییەتی سەردەمی ئیستالین، ئاڵمانی هیتلێری، چینی مائویی و ئێرانی خومەینی لێدراودا، پڕۆسەی کورتکردنەوەی بایخەکان دەبیندرێ و لە ماوەیەکی زەمانیدا، کۆی ئایدیۆلۆژی ئەم سیستمانە بۆ قۆچکی دەسەڵات کورت‌کراوەتەوە و کەسیش بۆی نەبووە پرسیار بکات.

بۆ وێنە لە سۆڤییەتی جاران و لە سەرەتای دەسەڵاتی بولشڤیکەکاندا، ئایدئۆلۆژی ئەوان، سەرکەوتنی دیکتاتۆری پڕۆلیتاریای پێ سەرووترین بایخ بوو و "لێنین"، بۆ پارێزگاری‌کردن لەو ئایدیۆلۆژییە ئامادە بوون تەواوی سەرزەوییەکانی ئەورووپای ژێردەسەڵاتی ڕووسییە، لە سەر گرێبەستی برێست - لیتۆفسک، بدات بە ئاڵمان.

بەڵام دوای ماوەیەک، دیکتاتۆری پڕۆلیتاریا کورتکراوە بۆ دیکتاتۆری "حیزبی چینی کرێکاران"، بەدوای ئەوەشدا، بەرژەوەندی حیزبیش کورتکراوە بۆ کۆمیتەی ناوەندی و دەفتەری سیاسی و دواجاریش کۆمەڵە داواکارییەکانی حیزب کورتکراوە بۆ شەخسی "ئیستالین"، ئیستالینیش وەکوو ڕزگاریدەری مرۆڤایەتی چاوی لێدەکرا.

لە چل و یەک ساڵی ڕابردوودا، هەر ئەم پڕۆسەیە، ڕەفتاریی بە کردەوە و ڕێگەو ڕێچکەی ئاخوندەکان بووە. لە سەرەتادا ئایدیۆلۆژی خومەینی، لای وابوو کە ئیسلام بەرزترین بایخە، بەڵام هەر خێرا، بە زیاد کردنی ئاوەڵناوی "شۆڕشگێڕ"، گەورەترین بایخ بوو بە ئیسلامی شۆڕشگێڕ، لە بەرابەر ئیسلامی ئامریکاییدا. لە دوای ئەمە، ئیسلامی شۆڕشگێڕ، کورتکراوە بۆ "هێڵی ئیمام" و پێداگری لە سەر ئەوەکە، ئەگەر پێویست بێت ئیسلامیش بکرێتە قوربانی نیزام و دواجار هێڵی ئیمام.

لە وەها بارودۆخێکدا کارکردە زانستی و کردارییەکانی کۆمەڵگا بە تەواوی لە ناو دەچێت، بۆ وێنە: ئابووریی نەخۆش، داتەپینی ڕەوشت و گشت ماکە پێکهێنەرەکانی کۆمەڵگا، نەخۆشی کۆمەڵایەتی، گەندەڵی ناو سیستمی داد، گرانی و ئاوسانی لە ڕادە بەدەر، هەڵوەشانەوەی پێوەندیی دەگەڵ وڵاتانی جیهان و داڕمانی هەموو گرێبەستە کۆمەڵایەتییەکان، هیچیان بە گرینگ وەرناگیرین، گرینگ ئەوەیە کە "هێڵی ئیمام"، زیندوویە.

دوای ماوەیەکی کورت، بە تایبەت لە ١٠ ساڵی ڕابردوودا، "هێڵی ئیمام"یش، کورتدەکرێتەوە بۆ "زهووری ئیمام"، ئالێرەدا دەگەڵ کێشەیەکی مانایی و کەلامی ڕووبەڕوو دەبینەوە:

ئیمام بۆ لایەنگرانی سیستم، یانی خومەینی و بۆ ڕێڕەوانی شیعەی دوازدە ئیمامیش یانی عەلی کوڕی ئەبو تالب و ١١ کوڕەکەی.

لە دە ساڵی ڕابردوودا هێندێک لە زووڕناچییانی نیزام، ناسناوی "ئاغا"، یان "ئاغای خۆمانـ"ـیان بۆ خامنەیی بە کار بردووە. بۆ وێنە لە ڕۆژنامەی کەیهاندا نووسراوە:

"لە هەر شوێنێک ئاغا پێی‌لێ‌دانێ، بەهار زوو دەگاتێ". لەولاشەوە، هێندێک لە قاپەلێسەکانی تریان، ناسناوی "ڕێبەری مەزنیان"، بەلاوە گرینگترە. لەم نێوەدا فەیلەسووف - گەمژەکانی کۆماری ئاخوندی وەک "محەممەد تەقی میسباحی یەزدی" و "ڕەزا داوەری ئەردەکانی"، لە واژەی "ولایەت"، لە جێگەی "وەلی"، بۆ وەسفی خامنەیی کەڵکیان وەرگرتووە.

با وردتر ئاماژەی پێ‌ بکەین: ڕاپەڕینی گەلانی ئێران لە دژی نیزامی پاشایەتی، بە شۆڕش دەست‌پێدەکات و دوایە دەبێتە شۆڕشی ئیسلامی و دواجار ئیسلام و شۆڕش جێگەی خۆیان دەدەن بە "ولایەتی فەقیە"، وەلی فەقیهیش دەبێتە ڕێبازی خومەینی و لە کۆتادا، کۆی بابەتەکان کۆ دەکرێنەوە لە شەخسی خامنەییدا.

شۆڕشی گەلانی ئێران "شۆڕشی ئیسلامی" ولایەتی فەقیە "خومەینی" خامنەیی.

عەلی میسباح یەزدی کوڕی تەقی میسباح یەزدی دەڵێ:  "باوکم ئیسلام و ڕێگەی ئیمامی لەو دێڕەدا کورتدەکردەوە: "پەیڕەوی بێ‌ئەملاو و ئەولا لە ڕێبەر".

مانگی ڕابردوو، مەجلیسی ئاخوندیش، شەرتەکانی بەربژێرانی سەرۆک‌کۆماریی لە ڕاگەیەنراوێکی ٧ مادەییدا ئاوا گەڵاڵە کرد و بڵاویکردەوە. لە مادەی یەکەم دەڵێ:
"هەبوونی باوەڕی بە کردەوە بە ولایەتی موتڵەقی فەقیە".

بە وتەیەکی‌تر، کۆماری ئاخوندی لە شکڵی ئێستای خۆیدا پێکهاتەیەکە لە سەر بناغەی کەسایەتی عەلی خامنەیی دامەزراوە، لەم پێکهاتەیەدا تەواوی دامەزراوەکان، دەبێ ئامرازی دەستی مەڕامە چەپەڵ و شەڕانگێزییەکانی عەلی خامنەیی بن.

ناوەڕۆکی ئەم بابەتە را و تێبینیی نووسەرە و ماڵپەڕی کوردستان میدیا لێی بەرپرسیار نییە.