کوردستان میدیا: کورتە فیلمی "ورم" لە دەرهێنانی "ئەسغەر لایی" دەرهێنەری کورد، بەشداریی لە سی و پێنجەمین فستیڤاڵی نێونەتەوەیی "کورتە فیلم"ـی تاران دەکات.
کورتە فیلمی "ورم" کە باس لە چیرۆکی ژیانی کچە لاوێکی کرێکار دەکات لە دەرهێنانی "ئەسغەر لایی" دەرهێنەری کورد، خەڵکی شاری کرماشان بەشداری لە سی و پێنجەمین فستیڤاڵی نێونەتەوەیی "کورتە فیلم"ـی تاران دەکات، کە بڕیارە ۱۸ی خەزەڵوەر تاکوو ۲۲ی خەزەڵوەر لە شاری تاران بەڕێوە بچێت.
کورتە فیلمی "ورم" دووهەمین ئەزموونی ئەو دەرهێنەرە کوردەیە لە فستیڤاڵە نێونەتەوەییەکانی کورتە فیلم، ناوبراو ساڵی ڕابردوو بۆ یەکەم جار بە کورتە فیلمی "تروفە" لە چەندین فستیڤاڵی ناوخۆیی ئێران و نێونەتەوەیی کورتە فیلمدا بەشداریی کردووە و پلەی باشترینەکانی ئەو فستیڤاڵانەی بەدەست هێناوە.
سی و پێنجەمین فستیڤاڵی کورتە فیلم بە بەشداری سەد و هەشت (۱۰۸) کورتە فیلم لە ئێران و بە بەشداری زیاتر لە سەد وڵات، ڕۆژی هەینی ۱۸ی خەزەڵوەر بەرانبەر ۹ی نۆڤامبر لە شاری تاران دەست پێدەکات و ڕۆژی چوارشەممە ۲۲ی خەزەڵوەر بەرانبەر ۱۳ی نۆڤامبر، کۆتایی پێدێت.