کورتەفیلمی "ئارگۆن" لە دەرهێنانی دەرهێنەری کورد "شۆڕش وەکیلی" لە فێستیڤاڵی "میترۆپۆلیسـ"ـی ئیتالیا خەڵاتی باشترین "کورتەفیلمی ترسناکـ"ـی لەو فێستیڤاڵەدا بەدەست هێنا.
کورتەفیلمی " ئارگۆن" کە لەم دواییانەدا قۆناخەکانی کۆتایی خۆی بڕی و لە چەندین فێستیڤاڵی جۆربەجۆری نێودەوڵەتیدا بەشداریی کردووە، لە فێستیڤاڵی "میترۆپۆلیسـ"ـی ئیتالیادا بووە براوەی خەڵاتی باشترین فیلمی ترسناک.
کورتەفیلمی "ئارگۆن" یەکەمین کورتەفیلمی "ترسناکـ"ـە لە سینەمای کوردیدا. فیلمەکە لە ئاخاوتنی کوردی و لۆکەیشنی ناوچەیی کەڵکی وەرگرتووە. لە شاری "سنە" بەرهەم هاتووە و دەرهێنەر و ئەکتەرانی فیلمەکە هەموو کوردن.
فیلمەکە لەسەر دوو تەوەری "تۆقاندن و سۆبژانری زامبیـ"ـیە و چیرۆکی چەند کەسێکە کە لە شارێکی "زامبیلێدراو" لە گاراژێکی چۆڵدا خۆیان حەشار داوە و تووشی کێشە دەبن و هەوڵی چارەسەرکردنی کێشەکان دەدەن.
"شۆڕش وەکیلی" دەرهێنەری فیلمەکەیە و "موبین قادری، میلاد مورادی، ڤیان خەیرابادی، جەهانگیر نیلی، ڕەزا ساعدی، دانش کازمی، هیوا وەکیلی، هومەن نەجەفی، ئەمین حەبیبی، میلاد نەزەری و بەرزان خۆشقسە" لە فیلمەکەدا ڕۆڵ دەگێڕن.
"شۆڕش وەکیلی" دەرهێنەری کورد ساڵی ١٣٦١ی هەتاوی لە شاری "کامێران" سەر بە پارێزگای "سنە" لەدایک بووە. "وەکیلی" وەکوو دەرهێنەری "کورتەفیلم" ناوی دەرکردووە و تا ئێستا فیلمەکانی لە چەندین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیدا بەشدارییان کردووە و خەڵاتیان بەدەست هێناوە.