کوردستان میدیا: کورتەفیلمێکی دێکۆمێنتاریی پێشمەرگە، خەڵاتی ۱۸هەمین فستیڤاڵی نێودەوڵەتیی بەیرووتی پێ بەخشرا.
کورتەفیلمێکی دێکۆمێنتاریی لەسەر پێشمەرگە بە ناوی "ڕووبەڕووبوونەوەی مەرگ"، لە دەرهێنانی سەروەر عەبدوڵڵا، خەڵکی باشووری کوردستان، لە ۱۸هەمین فستیڤاڵی نێودەوڵەتیی بەیرووتی پێتەختی وڵاتی لوبنان، وەکوو باشترین فیلمی دێکۆمێنتاری هەڵبژێردرا و خەڵاتی ئەو فستیڤاڵەی پێ بەخشرا.
ئەو کورتەفیلمە دێکۆمێنتارییە، باس لە قارەمانی و ئازایەتی پێشمەرگە لە شەڕ دژبە تێرۆر و تێرۆریستانی داعش دەکات و بەتایبەت باس لەو پێشمەرگانە دەکات، کە ئەرکیان پووچەڵکردنەوە و هەڵگرتنەوەی مین و بۆمبە چێندراوە بەجێماوەکانی تێرۆریستانی داعش بووە.
لێژنەی هەڵسەنگاندنی ئەو فستیڤاڵە، لەسەر ئەو کورتەفیلمە دێکۆمێنتارییە، ڕایانگەیاندووە، چیرۆکی ئەو کورتەفیلمە دێکۆمێنتارییە باسی چیرۆکێکی گرینگ دەکات، کە پێشمەرگەکان بە بەخشینی ژیان و گیانی خۆیان، ژیان و گیانی خەڵکی وڵاتەکەیان دەپارێزن.
سەروەر عەبدوڵڵا، دەرهێنەری ئەو دێکۆمێنتارییە، لەسەر دروستکردن و دەرهێنانی ئەو کورتەفیلمە دێکۆمێنتارییە بە میدیاکانی باشووری کوردستانی ڕاگەیاند: فیلمەکە لە کاتێکی وێنەگری کراوە، لەو کاتەدا کە شەڕی تێرۆریستانی داعش بوو، ئێمە سەرقاڵی دروستکردنی ئەو فیلمە بووین و زۆر جاریش بەم هۆکارەوە لە مەرگ نزیک بووینەوە.
هەژدەهەمین فستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی بەیرووت، کە کەمتر لە یەک حەوتوو لە شاری بەیرووتی پێتەختی وڵاتی لوبنان بەڕێوە چوو، ڕۆژی دووشەممە ۲ی بانەمەڕ، بە بەشداریی سەدان فیلمی جیاواز و جۆراوجۆر لە وڵاتانی جیهاندا دەستی پێ کرد و ڕۆژی یەکشەممە ۸ی بانەمەڕ، کۆتایی پێ هات.