میرۆ عەلیار
تایبەتمەندییەکانی خەباتی نەتەوەیی
خەباتی نەتەوەیی خەباتێکی ئاستەم، نابەرابەر و پڕتێچووە. بۆیە، گه‌لی ژێرسته‌م بۆ ئه‌وه‌ی هەوڵ و تێکۆشانی بۆ ئازادی به‌لاڕێدا نه‌چێ و سه‌ربکه‌وێ، ده‌بێ تایبه‌تمه‌ندییه‌کانی خه‌باتی نه‌ته‌وه‌یی باش بناسێ و ڕه‌چاویان بکا و بەوردی پابەند بێ به "قواعد بازی" خه‌باتی نه‌ته‌وه‌یی.
خه‌باتی نه‌ته‌وه‌یی وه‌ک له ناوه‌که‌یه‌وه دیاره، به‌پێچه‌وانه‌ی خه‌باتی ئیدئۆلۆژیکی یان چینایه‌تی یان فیرقه‌یی یان مه‌زهه‌بێکی تایبه‌تی، خه‌باتی یه‌ک نه‌ته‌وه‌یه به هه‌موو چین و توێژ و پێکهاته‌کانیه‌وه به‌هه‌ر بیروباوه‌ڕێکی سیاسی و مه‌زهه‌بییه‌وه.
پرسی نه‌ته‌وه‌یی، پێوه‌ندیی به هه‌موو لایه‌نه‌کانه‌وه هه‌یه و مه‌سه‌له‌ی ڕەوتێک و حیزبێک و دوو حیزب نییه و ته‌نیا به‌به‌شداریی به‌رفراوان و هێزی یه‌کگرتووی لایه‌نه‌کانی نێو بزووتنه‌وه به ئامانج ده‌گا.
ئه‌زموونی جووڵانه‌وه‌کانی کورد له ئێستا و ڕابردوودا ده‌یسه‌لمێنێ که هه‌رکاتێک حیزبێک ویستبێتی به پشتبه‌ستن به چه‌ک یان به‌هه‌ر هۆیه‌ک، پاوانخوازیی بکا و خۆی به تاقه‌خاوه‌نی جووڵانه‌وه بزانێ و پرسه نه‌ته‌وه‌ییه‌کان بکا به پرسی حیزبه‌که‌ی و لایه‌نه‌کانی دیکه لەبەرچاونەگرێ، به‌ده‌ستی خۆی جووڵانه‌وه به‌ره‌و دووبه‌ره‌کی و هه‌ڵدێر و هه‌ره‌سهێنان پاڵ پێوه‌ده‌نێ. ئه‌وه سروشتی خه‌باتی نه‌ته‌وه‌ییه و نه‌سه‌لماندنی ئه‌و ڕاستییه ڕێگای گه‌یشتن به ئازادی دوورتر و هه‌زینه‌ی خه‌بات زیاتر ده‌کات.
"نه‌ته‌وه" مڵکی تایبه‌تی هیچ حیزب و لایه‌نێک نییه و هه‌ر به‌و جۆره‌ش، خه‌باتی نه‌ته‌وه‌یی له پاوانی هیچ حیزب و ڕێکخراوێکدا نییه. سروشتی خه‌باتی نه‌ته‌وه‌ی ژێرسته‌م ئه‌و ئه‌سڵه ده‌سه‌لمێنێ و ده‌سه‌پێنێ که هه‌موو لایه‌نه‌کان مافی ئه‌وەیان هه‌بێ به‌پێی توانایان له خه‌باتدا ده‌ور بگێڕن و له‌پێناو سه‌رخستنی جووڵانه‌وه‌دا، مافی به‌شداربوون له دیاریکردنی سیاسه‌ته‌کانی جووڵانه‌وه‌یان بۆ ده‌سته‌به‌ر بکرێ.
خەباتی نەتەوەیی گەلێکی ژێرستەم لە ماهییەتدا جیاوازە لە خەباتی هێزێکی سەرانسەری بۆ بەدەستەوەگرتنی دەسەڵات لە ناوەنددا. ئەو دوو خەباتە خاوەنی بارودۆخ و "قواعد بازی"ی جیاوازن.
جووڵانه‌وه‌ی گه‌لی بنده‌ست بەتەنیا، بەدیل نییه بۆ حکوومه‌تی ناوەندی، واتە ئێمە بۆ جێگرتنەوەی دەوڵەت لە ناوەند تێناکۆشین. لە ئێرانێکی فرەنەتەوەی دێموکراتیک‌دا، کورد بە یەکگرتوویی دەتوانێ ببێتە به‌شێکی قورس و کاریگەر له به‌دیلێک و لە نیزامێکی فیدراڵیدا، بەپێی ئاستی بەهێزبوون و سەقامگیریی سیاسی کوردستان به‌هۆی نوێنه‌ره‌وه لە دەسەڵاتی ناوەندیدا بەشدار بێ.
چه‌ک و پووڵ بۆ بەڕێوەبردن و به‌رده‌وامیی ڕاپه‌ڕین و خۆڕاگری پێویستن و دەوری گرنگی خۆیان دەگێڕن، به‌ڵام مێژووی خه‌باتی کورد و نەتەوەکانی دیکە ده‌یسه‌لمێنێ که چه‌ک و پووڵ، هەرچەندی زۆریش بن، به‌ته‌نیا بۆ سه‌رخستنی بزووتنه‌وه و گەیاندنی بە ئامانج بەس نییه.
هێزی نیزامی ئەوکاتە دەتوانێ دەسکەوتی سیاسی- نەتەوەیی دابین بکا یان بیانپارێزێ کە ڕێبەرایەتی سیاسیی هەواهەنگ و یەکگرتووی لە پشت وەستابێ. ڕووداوەکانی سێ چوار ساڵی ڕابردووی بەشەکانی کوردستان ڕاستبوونی ئەو بۆچوونە بە باشی دەردەخەن.
مێژووی خەباتی ڕزگاریخوازی نیوسەدەی ڕابردووی کورد بەڕوونی شایەدی دەدا کە لە هیچکام لە جووڵانەوەکاندا ، لاوازیی نیزامی هۆکاری سەرەکی شکان و هەرەسهێنانی ڕاپەڕین نەبووە، بەڵکوو لاوازیی سیاسی بۆتە هۆی بە ئاکامنەگەیشتنی لێبڕاوی و فیداکاری هێزی پێشمەرگە.
·له تایبه‌تمه‌ندییه دیاره‌کانی خه‌باتی نه‌ته‌وه‌یی ئه‌وه‌یه که ڕێژیمی حاکم سه‌رجه‌م نه‌ته‌وه‌که بە هەموو پێکهاتەکانییەوە به دوژمن ده‌زانێ و دەیکاتە ئامانجی سەرکوت. لە چەوساندنەوە و هەڵاواردنەدا جیاوازی دانانێ و بۆ سەرکوتکردنی نەتەوەی ژێرستەم لە هیچ جینایەتێک دەست ناپارێزێ: کاولکردنی کوردستان، هێرشی نیزامی، دووبەرکینانەوە، تێرۆری ڕێبەران و چالاکانی سیاسی- مەدەنی، شێواندنی وەزعی ئابووری، کوشتنی کۆڵبەری زەحمەتكێش، ئێعدامی ڕووناکبیر و لاوانی کورد، تووشکردنی تەنانەت قوتابیان بە ماددە هۆشبەرەکان، تاڵان‌کردنی سەرچاوە و ئاو و ئاسەوارە مێژووییەکانی کوردستان، هەوڵدان بۆ سڕینەوەی هەرچەشنە هێمایەکی نەتەوەیی... تەنانەت ئەو کەسانەش کە خزمەت بە ڕێژیمەکە دەکەن، ئەگەر کار بە خزمەتەکەیان نەما، بۆ لەنێوبردنیان سڵ ناکرێ.
بۆیه هه‌موو پێکهاته‌کانی کۆمه‌ڵگا هه‌زینه‌ی خه‌باتی نه‌ته‌وه‌یی ده‌ده‌ن و مافیان به‌سه‌ر خه‌باته‌وه هه‌یه.
هه‌زینه‌ی خه‌باتی نه‌ته‌وه‌یی قورس و گرانه و هیچ حیزب و لایه‌نێک به‌ته‌نیا هه‌تا سه‌ر تاقه‌تی وه‌خۆگرتنی ئه‌و تێچووه‌ی نییه و ده‌بێ دابه‌ش بکرێت. هەروەها، بۆ ئه‌وه‌ی چاره‌نووسی خه‌بات به تاقه لایه‌نێکه‌وه نه‌به‌سترێته‌وه و شکان یان پاشەکشەی حیزبێک نه‌بێتە هۆی شکستی جووڵانەوە و به‌رده‌وامبوونی خەبات ده‌سته‌به‌ر بکرێ، دەبێ هه‌موو لایه‌نه‌کان خۆیان بە بەرپرسیار و بەشێک لە خه‌باته‌که بزانن.
یەکێک لە چەکە هەرە کاریگەییەکانی خەباتی نەتەوەیی ڕزگاریخواز، بوونی کولتووری سیاسیی دێموکراتیکی سەربەخۆیە، کولتوورێک کە پێویستە لە هەموو ڕەهەندەکانی (ئەبعاد) خۆیدا جیاوازیی ئاشکرای لەگەڵ کولتووری دەسەڵاتی کۆنەپەرست و چەوسێنەر هەبێ.
ئه‌و جیاوازییه کولتوورییه ده‌بێ به‌ته‌واوی بۆ خه‌ڵک و بیروڕای گشتی دیار و ئاشکرا بێ و ببێ به ئۆلگوو. خەبات پێویستیی به کولتووری به‌دیل هه‌یه، کولتوورێک که خه‌ڵک و حاکمییه‌ت لێک جیا ده‌کاته‌وه و خه‌ڵک و خه‌بات به‌یه‌که‌وه گڕێ ده‌دا.
پێوەندی ڕاستەوخۆی نێوان خەباتی نەتەوەیی و دێموکراسی: بە لەبەرچاوگرتنی ئەو خاڵانەی لەسەرەوە ئاماژەیان پێکرا، دەبێ بەو قەناعەتە بگەین کە خەباتی نەتەوەیی بە هێز و ئیعتبار سەردەکەوێ و هێز و ئیعتباری جووڵانەوەی ڕزگاریخواز بە تێکۆشانی بەردەوام و هەواهەنگ و بە هێزی یەکگرتووی سیاسی و نیزامیی ئەکتەرەکانی نێو بزووتنەوە دابین دەکرێ و ئەو ئامانجەش، تەنیا لەژێر سێبەری دێموکراسی و دەروەستبوون بە پێوەرەکانی دێموکراسی وەدی دێ و دەبێتە واقعییەت.
جووڵانەوەی نەتەوەیی- دێموکراتیک بۆ گەیشتن بە ئامانج، دەبێ بەکردەوەش نەتەوەیی و لە نێوخۆشیدا دێموکراتیک بێ و بڕوای بە مناسباتی دێموکراتیک هەبێ، دەنا تووشی ئاڵۆزی نەزەری و فیکری و ناتەبایی و دووبەرەکی دەبێ.
لەگەڵ هیچ مەنتقێک ناگونجێ کە ئامانجەکانی جووڵانەوەیەک دێموکراتیک بن، بەڵام خودی جووڵانەوەکە پێوەرەکانی دێموکراسی بەهەند نەگرێ و بە شێوەی دێموکراتیک بەڕێوە نەچێ!
دێموکراسی لانیکەم لە سێ لاوە بۆ جووڵانەوەی ڕزگاریخواز پێویست و یەکلاکەرەوەیە:
١- لە خەباتی نەتەوەییدا ژمارەیەکی زۆر حیزب و ڕێکخراوەی سیاسی بە بەرنامە و پلان و تێڕوانینی جیاوازەوە بەشدارن و بۆیە ئاساییە کە هەمیشە کۆمەڵێک پرس و ناکۆکی و بیروبۆچوونی جیاوازیش بێنە پێشێ کە ئەگەر بمانەوێ ئەو مەسەلانە نەبنە کێشە و دووبەرەکی و گرژییان لێ ساز نەبێ، دەبێ بەشێوەی سیاسی و دیالۆگ یەکلا بکرێنەوە.
٢-جووڵانەوەی نەتەوەی بندەست، بەتایبەتی بۆ قەرەبووکردنەوەی نابەرابەریی هێز لە بەرامبەر ڕێژیمی پۆشتە و دیکتاتوردا، پێویستیی بە یەکیەتی و هاوپێوەندی و خەباتی یەکگرتوو و بەشداریی چالاکانەی خەڵک و حیزب و ڕێکخراو و لایەنەکانی دیکەی نەتەوە هەیە.
٣-دەروەستبوون بە پێوەرەکانی دێموکراسی پێش بە هەڵایسانی شەڕی نێوخۆ و ئەسپاردنی "چارەسەرکردنی" ناکۆکی و جیاوازییەکان بە چەک، دەگرێ. بزووتنەوەی نەتەوەی بندەست بەرگەی دووبەرەکی و کێشەی نەبڕاوە و پێکهەڵپڕژان ناگرێ.
بەپێی ئەزموون، تەنیا دێموکراسی دەتوانێ بەستەڵەکی ئیدئۆلۆژیک بیرکردنەوە و تێڕوانینی ئیدئۆلۆژیک لە سیاسەت بتوێنێتەوە. دێموکراسییە کە توانای دابینکردنی ئەو سێ ئامانجەی سەرەوەی هەیە. دێموکراسییە کە زەرفییەت و ئیستعدادی کۆکردنەوە و وەسەریەکخستن ومودیریەتکردنی جیاوازی و ناکۆکییەکانی هەیە و ناهێڵی ناکۆکی و جیاوازیی بیروڕا و بەرنامەی سیاسی، شەڕی نێوخۆیی و کارەساتی بۆ جووڵانەوە لێبکەوێتەوە.
بەکورتی: هەرچەندی لێی ورد ببیەوە و بە هەر بارێک‌دا هەڵیبسنەگێنی و لێکیبدەیەوە، بەبێ بڕوا بە دێموکراسی و پابەندبوونی ئەکتەرەکانی نێو جووڵانەوە بە ئوسووڵی دێموکراسی، بەستێنی یەکگرتن و هاوپێوەندی و خەباتی هاوبەش و بەشداری خەڵک و لایەنەکان ئامادە نابێ و خەباتی نەتەوەیی ڕزگاریخواز گەشە و پەرە ناستێنێ و سەرکەوتن و گەیشتن بە ئامانج دەستەبەر نابێ.
بۆ بەڕێوەبردنی خەباتی نەتەوەیی ئاڵتێرناتیڤێک بۆ دێموکراسی و سەلماندنی ئوسووڵی دێموکراسی نییە.
لە پێوەندی لەگەڵ کوردستانی ڕۆژهەڵاتدا: جووڵانەوەی ئەو بەشە ئیمکان و پوتانسیەلی بەهێزبوونی زۆرە و دەتوانێ وەک فاکتەرێکی یەکلاکەرەوە بکەوێتە نێو هاوکێشەکانی سیاسی ئێران و ناوچەوە، بەو مەرجەی لێبڕاوانە و خێرا بەخۆیدا بچێتەوە، لەبەر تیشکی خەسارناسێکی بوێرانەی ڕابردوو جارێکی دیکە خۆی پێناسە بکاتەوە، کەموکورتییەکانی خۆی چارەسەر بکا، خۆی لەگەڵ ویست و پێداویستییەکانی سەردەم بگونجێنێ و حیزبەکان بە هاوبەشی ستراتێژییەکی نوێ و واقیعبینانە بۆ خەباتەکە دابڕێژن.
ئەو ئەرکە ناکەوێتە سەر شانی تەنیا حیزبێک، بەڵام هیچ حیزبێکیش ناتوانێ خۆی لە بەشداربوون لەو ئەرک و پڕۆسەیە دەرباوێژێ. سەردەمی خەبات بەتەنیا بەسەرچووە!