"حەسەن زارعی"، ناسراو بە "حەسەن سەرسپی"، لە ساڵی ١٣١٨ی هەتاویدا، لە گوندی سەڵواتاوا، هەڵکەوتوو لە خۆرهەڵاتی سنەدا، هاتووەتە دنیا. ئەو سێ ساڵ لە دەورانی سەرەتایی خوێندنی بە وانەی قورئانەوە لە زێدی خۆی دەست پێ کرد و پاشان لەگەڵ بنەماڵەیدا لە گەڕەکی گەلەخانی (پیرمحەممەدی ئێستا) سنە نیشتەجێ دەبن.
لەوێ قوتابخانەی سەرەتایی دەست پێ دەکات و هەر لە مێرمنداڵییەوە لەگەڵ بابی بۆ کار سەردانی باشووری کوردستان دەکات. لەوێ لەگەڵ شۆڕشی باشووری کوردستان ئاشنا دەبێت و لە ساڵی ١٣٤٣ی هەتاویدا بڕیار دەدات شان بداتە ژێر خەمی نیشتماندا و پەیوەست بە ڕیزی پێشمەرگەکانی شۆڕشی ئەیلوول دەبێت. بە هۆی لێهاتووییەوە، مام حەسەن دەکرێت بە سەرپەل و پاشان دەبێتە جێگری لک لە هێزی زمناکۆدا.
لە ڕیزی شۆڕشدا ژیانی هاوبەشی لەگەڵ خاتوو "نەسرین زارعی" پێک دێنێت و دەبن بە خاوەنی کوڕێک بە ناوی "غەریب". ساڵی ١٩٧٥ کە قەراردادی ئەلجەزایەر لە نێوان ئێران و ئێراقدا واژۆ دەکرێت و دەبێتە هۆی لاوازی و داڕمانی شۆڕشی کورد، لەو بەشەی کوردستان مام حەسەن نایەوێت خۆی تەسلیمی دەسەڵاتی داگیرکەری عێراق بکات و بەناچار دەچێتەوە بۆ شاری سنەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و چەکەکەیشی لەگەڵ خۆی دەهێنێت و دەیشارێتەوە.
لە شاری سنە دەبێتە خاونی سێ منداڵی دیکە بە ناوەکانی "سەمیرە"، "کاوە" و "سەبری" و ژیانی ئاسایی بەڕێوە دەبات تاکوو شۆڕشی گەلانی ئێران، کە کورد دەتوانێت لە ڕۆژهەڵاتدا دەسەڵاتی بەشێکی گەورە لە ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەدەستەوە بگرێت کە بەداخەوە داگیرکەر دووبارە تەنگ بە خەڵکی ڕۆژهەڵات دەچنێت.
پاش شەڕی سێ مانگە، مام حەسەن کە مرۆڤێکی نیشتمانپەروەر و خولیای ئازادیی گەلەکەی دەبێت، ناتوانێت زوڵم و زۆری دەسەڵاتی ڕێژیمی نوێی ئێران ببینێت و لە کاتێکدا کە پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە نێو شاری سنەدا دەبن، دەڕواتەوە بۆ ماڵ و چەک و ڕەختەکەی شۆڕشی ئەیلوولی لەبەر دەکات و دەڕواتە بنکەی حیزبی دێموکرات لە شاری سنەدا کە بە مەقەڕی ژاندارمری ناوبانگی دەرکردبوو.
مام حەسەن خۆی دەیوت: ((کاتێک کە چەکەکەم هەڵگرت و بەرەو بنکەی حیزب بەڕێ کەوتم، هەموو ئەو چەرمەسەریانەی کە لە پێشدا بە هۆی بەشداریم لە ڕیزی شۆڕشی کوردانی باشوور بە سەرمدا هاتبوو، هێنایەوە پێشی چاوانم و بە ڕوونی دەمزانی چ ئەرکێکی قورس چاوەڕوانم دەکات)).
لەو کاتەدا هێزەکانی دیکەی ڕۆژهەڵات وەکوو ئیسلامییەکان داوایان لێ کردبوو کە هاوشانی ئەوان خەبات بکات و بەڵێنیی داهات و ژیانێکی باشیان لەو پەیوەندییەدا پێی دابوو، بەڵام مام حەسەن کە مرۆڤێکی نیشتمانپەروەر بوو، ڕیزی پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکراتی هەڵبژارد.
لە ماوەی نێوان شەڕێ سێ مانگە و شەڕی ٢٦ رۆژەی سنە وەکوو یەکەم ئەرک بووژاندنەوە و ڕێکخستنی هێزی نیزامیی ناوچەی لەیلاخی پێ ئەسپێردرا کە بە هاوڕێیەتی دوو ئەندامی کۆیتە شارستانی سنە لەوانە کاک بابەشێخ ناسری بۆ یەکەمجار بنکەی حیزبیان لە شاری دێولان دامەرزاند و ڕێکخراوی دێولانیان ڕێکخست. مام حەسەن بەسەرکەوتوویی توانی هەر لەسەرەتاوە لکێ پێشمەرگە ڕێک بخا کە پاش شەهیدبوونی نەمر مەحموود کەرەمی ئەو لکە بە ناوی ئەو ناودێر کرا.
مام حەسەن سەرسپی لە شەڕی ٢٦ رۆژەی شاری سنە ڕۆڵێکی بەرچاوی هەبوو و وەکوو بەرپرسێ پەلی ناوچەی لەیلاخ ئەرکی پێشگرتن بە ستوونی هێزی داگیرکەری بۆ سنە لە ئەستۆ بوو و پێشمەرگەکانی دێمۆکرات لە لادێی کەرگاوا گورزی چاکیان لەو هێزە گەورە و تەیارە وشاند و بەرگریەکی قارەمانانەیان کرد و توانیان بۆ ماوێکی کورت پێش بە پێشڕەوی ئەو هێزانە بگرن کە پاشان شەڕەکە کێشرایە ناو شار و ٢٦ ڕۆژ درێژەی هەبوو.
پاشان هێزی شەریفزادە کە دابەش ئەبوو بەسەر ڕێکخراوی ناوچەکاندا پێشمەرگەکانی ڕێکخراوەکان هەرکام گەڕانەوە بۆ ناوچەی خۆیان و مام حەسەنیش وەکوو بەرپرسی ڕێکخراوی دیگولان گەڕایەوە بۆ ناوچەی لەیلاخ.
هەتا ساڵی ١٣٦٢ی هەتاوی لەو ناوچە چالاکییە نیزامییەکانی ئەم ڕێکخستنە توانی هەتا نزیکی شاری هەمەدان بڕوا و مام حەسەن توانی متمانەی خەڵکی ئەو ناوچە بەدەس بێنێ و جگە لە ئەرکی نزامی زۆر خزمەتی دیکە وەکوو ئەرکی قەزایی بۆ چارەسەرکردنی کێشە کۆمەڵایەتیەکان بەو ناوچە پێشکەش بکا. تا جێگایەک کە خەڵکی ناوچەی نەڕان، سوور سوور و کولیایی لەیلاخ بۆنی سنجەرخان و کەوەسواریان نیابووە حەسەن سەرسپیەوە.
لە کۆتاییەکانی ساڵێ ١٣٦٢ی هەتاوی مام حەسەن وەکوو کادری کۆمەڵایەتی و تەشکیلاتی چوو بۆ کۆمیتەی کرماشان و هێزی بێستوون.
هەر لە چوارچێوەی ئەرکی نیزامی و تەشکیلاتیدا ماوەێک لە گەورەدێ بوو. ساڵی ١٣٦٤ی هەتاوی ڕێژیم گوشاری خستە سەر بنەماڵەی کە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەجێ بێڵن کە لە کاتی تێپەڕاندنی سنووردا خێزانی و یەكێک لە کچەکانی تووشی ڕووداوی نەخوازراو ئەبن و لەم ڕووداوەدا بە سەختی تووشی برین ئەبن و خێزانی تووشی کەم ئەندامی ئەبێ.
هەروەها لە بۆمبارانی شیمیایی هەڵەبجەدا کاوەی کوڕی کە لە ماڵی باپیریدا ئەبێ ئەکەوێتە بەر هێرشی شیمیایی و پاش ماوەیکی درێژەخایەنی دەرمان کردن چاک ئەبێتەوە.
مام حەسەن ماوەیەک لە شیوەڕێز و قەڵادزی و وەسوودار لە تەشکیلاتی حزب دەمێنێتەوە کە بە پێی خواستی شەهید دوکتور قاسملوو لەگەڵ بنەماڵەکەیدا دەڕواتە قەندیل و دەبێ بە مامۆستای نیزامیی فێرگە. لەو ماوەدا دەبێتە خاون کوڕ و کچێکی تر بە ناوەکانی کامڕان و سۆما. لە ساڵی ١٩٩٥ لە ڕووداوێکی گوماناویدا کوڕە گەورەکەی لە کۆیە گیانی لەدەست دەدا. لە قەندیل و دواجاریش پاش هاتنە خوارەوەی بنکەی دەفتەری سیاسیی حیزب بۆ کۆیە کاری تەدارۆکاتی ئەنجام ئەدا.
نەسرین خانمی خێزانی لە لایەن حیزبەوە بۆ دەرمان ڕەوانەی فەرانسە دەکرێ کە بەداخەوە زۆر بارودۆخی گۆڕانکاری بەسەر نایەت. بە ناچار مام حەسەن لە ڕێگەی تورکیەوە لەگەڵ بنەماڵەکەیدا بەرەو هەندەرەان بەڕێ دەکەون و لە وڵاتی سۆئێد نیشتەجێ دەبن. لە وڵاتی سۆئێددا کاوەی کوڕی لە ڕووداوێکی دڵتەزێندا دەکوژرێت.
مام حەسەن چەند ساڵی کۆتایی ژیانی لەگەڵ خاتوو مەلکی دادگووش ژیانی هاوبەشی پێک هێنا.
فەرماندە حەسەن هەتا دوایین ساتەکانی ژیانی بە گەلەکەی وەفادار مایەوە و قەد لە چالاکی بۆ مسۆگەرکردنی مافەکانی کورد ڕانەوستا.
مام حەسەن بە هۆی نەخۆشێ شیرپەنجەوە لە ٩ی بانەمەڕی ساڵی ١٣٩٨ی هەتاوی ماڵاوایی لە ژیان کرد.