کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کورتەیەک لە ژیانی چەکۆ لە فێرگەی سیاسی نیزامی (زانکۆ)

11:45 - 19 بانەمەڕ 2721

من لە ١ی مانگی ڕەزبەری ساڵی ١٣٦٣ی هەتاوی بۆ یەکەم جار چاوم بە فێرگەی سیاسی نیزامی کەوت. فێرگە لە دێیەک لە باشووری کوردستان بە ناوی گەڵاڵە هەڵکەوتبوو کە ئەو سەردەمە پێیان دەوت زانکۆ. لە دواییدا ناو نرا فێرگەی سیاسی نیزامی. ئەوە ئەو شوێنە بوو کە بەشی ئاموزشی و سیاسی و نیزامی لەلایەن چەکۆ، دۆستان و هاوسەنگەرانی بە پێشمەرگەکان دەوترایەوە. بۆ من جوانترین و دڵڕفێنترین شوێنی ئەو دنیایە بوو. ژیانی هاوبەشمان لەوێ دەست پێکرد.

یەکەم ماڵی ژیانی هاوبەشمان لە گەڵاڵە

بەیانان بە سروودی ئەی ڕەقیب لە خەو هەڵدەستاین. لەو شوێنەدا چ فیداکارییەک و لەخۆبوردەییەک نەدەکرا. هەر لەو ژن و پیاوانەی کە کاری نانەوایی و ئاشپەزییان بە ئەستۆ گرتبوو تا ئەوانەی کە دەرسی زمانی دایکی، کاری هونەری، میوزیک، شانۆ، وەرزش، و دەرمان، خەیاتی، سەرتاشی و ماڵی و دەرسەکانی سیاسی و نیزامی بە شێوەی ئەکادیمی و بە پڕۆفیشناڵانەوەیان دەوتەوە. دەرسی نیزامیش هەر بەو شێوەیە چەندین کلاسی جۆراوجۆری بە خۆوە گرتبوو. ئەگەر لە ڕووی ئێحساسات و لە ڕووی تەعەسوبەوە نەیڵێم، دەتوانم بڵێم وەک شارێکی بچووکم دەهاتە بەر چاو. هەرکەس هونەرێکی هەبا یان پسپۆڕییەکی هەبا لەوێ بەکاری دەهێنا تا مامۆستایەکان بتوانن بە باشترین شێوە پێشمەرگەکان پەروەردە بکەن. هەر کەسێک کە بۆ یەکەم جار لە دوورەوە هاتبا و ئەو شوێنەی دیتبا، هەستیان بە نەزم و دیسیپلینی فێرگە دەکرد. من بۆ جاری یەکەم کە ئەو شوێنەم دیت وەک شارێکی چووکە و جوان و دڵڕفێن هاتە پێش چاوم. هەرچەندە ئەو شوێنە حکوومەتی عێراق هەمووی سووتاندبوو و وێرانی کردبوو بەڵام حیزبی دێموکرات ئەو شوێنەی ئاوەدان کردبۆوە و ئامادەی پێشوازیکردن بوو لە پێشمەرگەکانی کوردستان. دەستە بە دەستە لە سەرتاسەری کوردستان پێشمەرگەکان ڕوویان لە فێرگە دەکرد بۆ ئەوەی پەروەردە بکرێن و زۆربەشیان هەر لەوێ فێری خوێندن و نووسینی کوردی دەبوون. ئەو کەسانەی کە لەوێ کاریان دەکرد بە دڵ و بە گیان لەخۆیان مایەیان دادەنا تا کارەکان بە باشی بچنە پێش. وەک بۆ منیان باس کرووە کە زانکۆ بۆ یەکەم جار دامەزراوە، شوێنەکەی گەڵاڵە نەبووە، بەڵکوو ماوەیەکی لە دێهاتەکانی ڕۆژهەڵات دەورەکانیان بەڕێوە بردووە، چەکۆ و هاوڕێیەکانی دێ بە دێ و شاخ بە شاخ، کەلوپەلە نیزامییەکانیان گواستووەتەوە تا لە کۆتاییدا لە گەڵاڵە نیشتەجێ بوونە. کارێکی ئاسان نەبووە، بەڵام ئەوەندە باوەڕیان بەو ڕێبازە پڕشنگدارە هەبووە کە هەموو سەختییەکانیان بە گیان کڕیوە تا پێشمەرگەکان لەو پەروەردانە بێبەش نەبن. زۆر چەلان ڕۆژنامەنووس و هەواڵنێری بیانی ڕوویان لە فێرگەی سیاسی نیزامی دەکرد و ڕاپۆرتیان لە فێرگە ئامادە دەکرد کە بە خۆشییەوە ئێستاش هەر بەردەوامە. هەر دەورەیەک کە کۆتایی دەهات، جێژنیان بۆ دەگرت و دەورەیەکی دیکە چاو لەڕێ بوون کە دەست بە ڕاهێنانەکانیان بکەن.

فێرگە لە قەندیل

شور و شۆق لە چاوی پێشمەرگەکاندا دەدیترا کە کۆتایی بە دەورەکەیان هاتووە و دەبا بچن بۆ ئەو بنکانەی کە بۆیان دیاری کرابوو. دەنگی ئەو پێشمەرگانە ئێستاش کە ئێستایە لە بن گوێمدا دەزرنگێتەوە کە دەیانوت مامۆستا چەکۆ. مامۆستا وشەیەکی جوان و دڵنشینە. چونکە ئەو وشەیە لە دوای باب و دایک دێ کە دەڵێن مامۆستا. لەهەر لایەکی ئاوڕم دەداوە، دەنگی مامۆستام بە گوێدا دەهات. ئەوانە هەمان ئەو مامۆستایانە بوون کە لە ئێرانێ ئەفسەر بوون، وەک کاک سەرگورد عەباسی، کاک سەرگورد عەلیار و سەروان چەکۆ کە خزمەتیان دەکرد بە ناوی مامۆستا لەنێو شۆڕشدا. لە ڕاستیشدا مامۆستا بوون؛ چونکە بە عیشق و بە عەلاقە و بە دەستێکی پڕ هاتبوون بۆ خزمەتکردن بە خاک و نیشتمان. هەروەها ئەو ئەفسارانەی دیکەش کە لە بەشەکانی دیکەی دی کوردستان ئەرکی نیزامییان لە ئەستۆ گرتبوو، بریتی بوون لە شەهید حەتەم، شەهید هەژار، شەهید خەلیل خەلەبان و شەهید ئەفشین کە لەو ڕێگایە گیانیان بەخت کرد.

ئەو پێڵاوانەی کە لەبەر پێشمەرگەکان دابوو، هەمان پێڵاوی ئادیداس بوو کە لاقیان لە ئەرزی دەکوتا، دەشت و کێو گوێیان لە دەنگی هێز و توانای پێشمەرگەکان دەبوو. ئەوە دەنگی پۆتینی سەرباز و پاسدار و بەسیج نەبوو، بەڵکوو ئەوە دەنگی ورە و بەرخۆدانی پێشمەرگەکان بوو.

پاش شەهیدبوونی ئەو ئەفسەرانە و دوای ئەوەی کە ئەفسەرەکانی دیکە بەرەو هەندەران کۆچیان کرد، چەکۆ بەرپرسیاریەتییەکی قورستری کەوتە سەر شان بەتایبەتی لە بەشی نیزامیدا. دوای کۆنگرەی هەشتیش ئەرکەکەی دوو بەرابەر بوو. بەڵام باوەڕ و هیمەتی وای لێکرد کە ئەرکدارتری بکا و بە هاوکاریی ئەو مامۆستایانەی کە لە فێرگە وانەکانیان دەوتەوە لە بەڕێوەبردنی ئەرکەکانیان بەردەوام بن، تا بتوانن بۆشاییەکان بەهەر شێوەیەک کە بتوانن پڕ بکەنەوە. سەرەڕای ئەوەش غافڵ نەبوو لە نووسین بۆ گۆڤارێک بە ناوی "پێشمەرگەکان و ٢٦ی سەرماوەز" کە لەنێو حیزبدا چاپ و بڵاو دەبۆوە. بەڵام لەو سەردەمەیدا کەس ناوی خۆی لە گۆڤار و نووسراوەکانی حیزبیدا نەدەنووسی، تەنها بایەخ بەوە دەدرا کە نووسینەکان بخرێنە بەر دەستی خوێنەران و پێشمەرگەکانیش کەڵکی لێ وەربگرن کە بەڕاستی جێی سپاس و قەدردانین.

لە بیستەمین ساڵی فێرگەدا بڕیار درا مەراسمێک بۆ فێرگە بگیرێت و ڕێز لەو کەسانە بگیرێت کە لە ماوەی ئەو ٢٠ ساڵەدا لە فێرگە ئەرکیان بە ئەستۆی خۆیان گرتبوو. چەکۆش یەکێک لەو کەسانە بوو کە ڕێزی لێ دەگیرا. بە بیرەوەرییەکی کورتیش بێت بە پێویستی دەزانم کە ئیشارەیەکی پێ بکەم. چەکۆ باوەڕی بە یەکسانیی ژن و پیاو هەبوو نەتەنها بە قسە بەڵکوو بە کردار. هاتەوە ماڵێ و وتی ئەوڕۆ لە فێرگەی مەراسمە، زۆرم پێخۆشە ئەتۆش بێی. هەرچەندی دەیزانی کە ئەمن لە زۆربەی مەراسمەکانی حیزبیدا بەشداریم دەکرد، بەڵام تەئکیدکردنی مانایەکی دیکەی هەبوو بۆ من. بنەماڵەکان و کادر و پێشمەرگەکان وردە وردە لای نزیکەی کاتژمێر ٣ی دوانیوەڕۆ بەرەو فێرگە وەڕێ دەکەوتن و منیش لەگەڵ هاوڕێ و دۆستان بەرەو فێرگە چووم. مەراسیمەکە لە هەوایەکی ئازاددا لە فێرگە بە سروودی ئەی ڕەقیب و ساتێک بێدەنگی بۆ گیانی پاکی شەهیدان دەستی پێکرد. دوای وتار خوێندنەوە و سروود، لەوێدا بوو باسی چەکۆیان کرد کە یەکێک بووە لە کۆڵەکەکانی ئەو فێرگەیە بۆ دامەزراندن و بەڕێوەبردنی. دوای ڕێزلێنان لە چەکۆ، چوو بۆ پشت تریبون و چەند وتەیەکی پێشکەش کرد، لە کۆتایی وتەکانیدا وتی من بە تەنیا ئەو مەسئولییەتەم لەسەر شان نەبووە، بەڵکوو هاوسەرەکەم هێرۆ یارمەتیدەرم بووە. هەرچەندی ئەو وتانەی چەکۆی بۆ من زۆر ئاشنا بوون، چونکە هەردووکمان باوەڕمان بەو ڕێگایە هەبوو و یارمەتیدەری یەکتر بووین. بەڵام ئەوەی کە لە پشت تریبوندا وتی، دوو سێ مانای دەبەخشی. من وای بۆ دەچم، یەک ئەوە بوو کە ڕێزی لە من دەگرت، دوو ئەوە بوو کە هانی هاوسەنگەرانی دەدا کە ڕێز لە بەرامبەری خۆیان بگرن، سێش ئەوە بوو کە ژنانیش لە مەیدانی خەبات بێبەش نەبن.

گەڵاڵە، ساڵی ١٣٦٣

دوای ئەوەش کە هەرچەندی چەکۆ بەرپرسایەتی لە فێرگەی نەمابوو بەڵام قەت غافڵ نەبوو لە فێرگە و هاوکاریی فێرگەی دەکرد هەم وەک مامۆستا و هەم لە بەشی نووسیندا، تا ساڵی ٢٠١٥ کە ڕاسان ڕاگەیەندرا و لەسەرڕاوە حیزب سازماندەیی فێرگە و پێشمەرگەکانی کردەوە، چەکۆ وەک بەشی ئاموزشی و ستادی هەواڵنێری دیاری کرا.

ڕاسان

زۆر دڵی پێ خۆش بوو. ئەوە جاری دووەمە کە وتەکانی چەکۆی دووبارە دەکەمەوە، دەیوت ئەوجار فەڕقی هەیە، کۆڵەکەکانی حکوومەت لەرزۆک بوونە، دەبێ هەموومان هیمەت بکەین و حەرەکەتێکی جەماوەری وەڕێ بخەین، لە زۆر شت دەبێ بگوزەرێین... تا بتوانین بە ئامانجی گشتیمان بگەین. شەو و ڕۆژی لەسەر یەک دانابوو و هەر دەرسێکی کە دەیوتەوە نۆت بەرداری لێ دەکرد و دەیوت دەبێ لە فێرگەدا بمێنیتەوە هەتا مامۆستایانی فێرگە بتوانن لە داهاتووشدا بەکاریان بهێنین. زۆر زەحمەتی بۆ دەکێشا و دەیوت ئەوە دەبێتە بنەمایەکی دەرسی لە فێرگەدا. هەرچەندی لە ساڵانی ڕابردووش لە فێرگەدا ئەو کارە کرابوو، بەڵام بۆ نموونە وەک ئەوەی کە لەو سەردەمەدا ڕاگەیاندن و دنیای مەجازی فەڕقی کردووە، لەباری نیزامیشدا ئاڵوگۆڕێکی بنەڕەتی بەسەر ئەو بەشەدا هاتووە. ئەویش زۆرتر هەوڵی ئەوەی دەدا کە فێرگەش بە شێوەیەکی ئەوڕۆیانەوە کەڵک لە کەلوپەلی نیزامی و تاکتیکە نوێیەکانی نێو شەڕ وەربگرێت بەتایبەتی لە شەڕی پارتیزانیدا. چەکۆ هەمیشە دەیوت دوژمن لەنێو شار و دێهات و ماڵەکانماندایە و ئێمە دەبێ شۆڕشەکەمان بگوێزینەوە نێو دێ و شارەکان کە بە خۆشییەوە ئێستا ڕاسانی شار و شاخ بە یەک گرێدراونەتەوە. ئەگەر هاوڕێ و هاوسەنگەران دیقەتتان دابیتێ، چەکۆ لەگەڵ ئەوەی کە دەمانچەی دەبەست لە قەدی هەمیشە قوتبنمایەکیشی لەگەڵ دەبەست و زۆر گرنگی بە نەخشە دەدا بۆ کاروباری نیزامی، کە لەو سەردەمەیدا زۆر پێویستە.

بەڵام بەداخەوە تەمەن مۆڵەتی پێنەدا کە بتوانێت لەگەڵ هاوڕێ و هاوسەنگەرەکانی ئەو ڕێگایە پڕ سەروەری و شانازییە بەرێتە سەر. من دەتوانم بڵێم نە تەنها کە من هاوسەری ئەوم و باس لەو دەسکەتانەی دەکەم، پاشەخۆی هەرچی بەجێی هێشت دەسکەوتی گەورە بوون بۆ نەتەوەی کورد. وەختی بەفیڕۆ نەدەدا و ڕۆژی هەینیش خەریکی ئاموزشدانی مامۆستاکانی فێرگە بوو. بەداخەوە هیندێک لەو مامۆستایانەی فێرگە دوای چەکۆ شەهید بوون. باسی دوانیان دەکەم کە یەکیان مامۆستا سەرکەوت سەمەدی بوو کە دوای گەڕانەوەی لە ڕۆژهەڵاتەوە بینیم، کە چاوی بە من کەوت، چاوی پڕبوو لە ئاو و فرمێسکەکانی هاتنە خوار دەیوت دادە هێرۆ چووبووینەوە ڕۆژهەڵات بەڵام واماندەزانی کە کاک چەکۆ نیسێیە و لەگەڵمانە. شەهید ڕەسوڵی محەمەدزادە یەکێک لەو مامۆستا بەوەجانەی فێرگە بوو، هەم لە باری ڕاگەیاندن و هەم لە باری نیزامیەوەش توانیبووی سەرکەوتنی باش بە دەست بهێنێت. کاک ڕەسوڵ هەر وەخت لە فێرگە دەگەڕاوە حەتمەن سەردانێکی مەزاری چەکۆی دەکرد و دوایە بەرەو ماڵە خۆی دەگەڕاوە. ئەو خۆشەویستییەی نێوان چەکۆ و مامۆستایانی فێرگە وای لێ کردبوون کە بێ وچان بەردەوام بن و ئێستاش بە خۆشییەوە پۆل پۆل لە کچ و کوڕان بەرەو ئەو فێرگەیە دێن و شانازی جلی پێشمەرگایەتیان پێ دەبەخشرێت.

هەرچەند ئەوساڵ پێنجەمین ساڵوەگەری ئەو ڕۆژە تاڵەیە، بەڵام لە لایەکی دیکەوەش دڵخۆشم بەوەی کە کادر و پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران فێرگەیان ناودێر کردووە بە فێرگەی سەروان چەکۆ.

لە کۆتاییدا بۆ من هەروەک ئەو دەمییە و جیاوازییەکی وای نییە، هەر وا دەزانم کە چەکۆ بەیانیان هەڵدەستێ و خۆی حازر دەکا و لیباسی پێشمەرگایەتی لەبەر دەکا و بەرەو فێرگە بەڕێ دەکەوێ. یا لەبەر دەرگای ماڵێمان ڕا یان لە ئەو دارانەی کە بە دەستی خۆی چاندوویەتی، هەنگاو بە هەنگاو بە بن سێبەری دارەکاندا دەڕوا و دەچێتە ئەمنییەت، ڕووحی شاد بێ و هەرچەندی وتم بۆ من هەمیشە زیندووە بەڵام دەبی بیڵێم، بە حورفی ڕۆژگار ڕۆحت شاد و ڕێگات بەردەوام.

هێرۆ جەڵدیانی ٢٠٢١/٥/٦

ناوەڕۆکی ئەم بابەتە را و تێبینیی نووسەرە و ماڵپەڕی کوردستان میدیا لێی بەرپرسیار نییە.