کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کورد هیچ کەس دۆستی نییە، خۆی نەبێت!!

16:19 - 26 رەزبەر 2719

جەماڵ فەتحی

کورد یەکێک لەو دەگمەن نەتەوانەیە کە لە سەر ئەم گۆی زەوییە بێدەوڵەت و بێکیانە و سەدان ساڵە بۆ گەیشتن بە دەوڵەت و بەدەوڵەتبوون خەبات دەکات و قوربانی دەدات، ئەگەر بێت‌و ئامارگیرییەکی ورد لەسەر هەموو ئەو کارەساتانەی بکرێت کە بەسەر کورددا هاتووە، ڕەنگە ئامارێکی هاوتەریب لەگەڵ قوربانیانی شۆڕشە گەورەکانی دنیا وەکوو شۆڕشی فەڕانسە، شۆڕشی ئۆکتۆبری ١٩١٧ی یەکیەتیی سۆڤیەت و دەیان شۆرشی دیکە بەدەست بێت کە دەرئەنجامەکەی ڕزگاربوونی خەڵکی ئەو وڵاتانە بەدەست دیکتاتۆر و ملهۆڕەکانەوە بووە و ئێستە لە ژێر سێبەری ئەو شۆڕش و قوربانیدانە دەحەسێنەوە و  باشترین ژیانیان دەستەبەر کردووە.

بەڵام کورد کە ماوە بە ماوە ئەو هەمووە قوربانییە داوە بۆچی هەتا ئێستە نەیتوانیوە دەستی بە ژیانێکی سەربەخۆ و ئارام ڕابگات و لەژێر سێبەری خەبات و بەرخۆدانی چەند سەد ساڵەیدا وچانێک دەر بکات؟ یان باشتر وایە بڵێین بۆچی هەنووکەش کورد لە قۆناغی شۆڕشدایە و بەردەوام هەر قوربانی دەدات؟  هۆکاری نەهامەتییەکانی کورد بۆ چی دەگەڕێتەوە؟ ئایا نەتەوەیەکە کە ئاشقی شۆڕشە و حەزی لە ژیانێکی ئارام و سەقامگیر نییە؟ یان هۆکارگەلێکی دیکەن کە ناهێڵن کورد دەستی بە مافەکانی بگات و لە چوارچێوەی دەسەڵاتێکی کوردیدا نەهامەتییەکانی سەر خۆی کەم بکاتەوە؟

ڕەنگە لە ئەدەبیاتی سیاسیدا جوان نەبێت کە باس لە شانس و ئێقباڵ بکرێت، بەڵام بەدوور لە حاڵەتی هەستەکی و سۆزداری، ئەگەر بڵێن نەتەوەی کورد جیا لە هۆکارە نێوخۆیییەکانی، نەتەوەیەکی بێشانسە، بەهەڵە نەچووین. بەڵگەی بێشانسی و چارەڕەشی ئەم نەتەوەیە هەبوونی دەوڵەت و نەتەوەگەلێکن لە دەراوسێیەتی کوردەوەن کە هیچ باوەڕێکیان بە ماف و بوونی کورد نییە و بوونی خۆیان لە نەبوونی کورددا دەبیننەوە و ئەم بۆچوونە کە لە ڕاستیدا تەوەهۆمێک زیاتر نییە، چارەسەریی دۆز و پرسی کوردی تووشی گرفت کردووە و وای کردووە لە کوردستاندا شەڕ و ئاژاوە و خوێنڕشتن بەردەوام بێت، کە نە تەنیا کورد بەڵکوو دوژمنانیش لەم پێوەندییەدا خوێنی ڕۆڵەکانیان بەفێڕۆ بدەن و هەتا کوردێک خوێنی بڕێژرێت دەیان سەرباز و هێزی داگیرکەر لە پێناو تەوەهۆم و ساویلکەییدا ببنە قوربانی، کە بەپێی شێواز و چۆنیەتیی خەباتی کورد لە هەر چوار پارچەی کوردستاندا ئەم دۆخە دۆخێکی نادڵخوازی کورد بووە و هەیە و بەردەوام بانگی ئاشتیخوازی و تەبایی لە لایەن کوردەوە بە گوێ دوژمنان دراوە، بەڵام لە لایەن دوژمنانەوە بە ئاگر و ئاسن وڵام دراونەتەوە.

ئەگەرچی کورد نەتەوەیەکی ئاشتیخوازە لە بەرانبەریشدا نەتەوەیەکی کۆڵنەدەر و خۆڕاگرە و هیچ کات لە بەرانبەر هێرش و هەڕەشەکانی دوژمن چۆکی دانەداوە و لە ویستەکانی خۆی پاشگەز نەبووەتەوە، ئەم تایبەتمەندییەی کورد بۆ دوژمنان بە ڕوونی سەلمێندراوە، بەڵام بە هۆی هەستی پاوانخوازی و خەیاڵ و ڕوانگەیەکی هەڵە کە لەسەر کوردستان و کورد هەیانە، ناتوانن ڕێگاچارەیەکی گونجاو لەم پێوەندییەدا هەڵببژێرن و تەنیا شتێک کە دەستی بۆ دەبەن کوشتن و سەرکوتە کە تێیدا سەرکەوتوو نەبوون ئەگەر چی کورد بە ئامانجەکانی نەگەیشتووە.

وەک باس کرا، بێشانسی کورد ئەوەیە کە لەگەڵ دوژمنانێک بەرەوڕوویە کە هیچ ئاوڕێک لە مەنتق و هەقێقەت نادەنەوە و ئەم تایبەتمەندییەی کە لە هەموویاندا دەبینرێت وای کردووە کە لەو کاتانەی کە کورد لە مافەکانی نزیک دەبێتەوە، کۆک ببن و سەرەڕای ناکۆکییە نێودەوڵەتییەکان و ململانێیە سیاسییەکانیان بە تێکڕا بە دژی کورد بوەستنەوە و یەکهەڵویست و یەکدەنگ بن.

لەم چەند ڕۆژەی کە دەوڵەتی تورکیە هێرشەکانی بۆ سەر کوردستانی رۆژاوا دەست پێ کردووە، بۆ نەتەوەی کورد دەرکەوتووە کە هیچ دۆستێکی جگە لە خۆی نییە و زۆربەی وڵاتانی ناوچەکە و دنیا لەسەر ئەو باوەڕەن کە کورد نابێت ببێتە خاوەن کیان و دەسەڵاتی خۆی، بەتایبەت و لە گشت گرنگتر ڕێژیمی ئاخوندی تارانە کە لەم نێواندا بە دوو سیمای جیاوازەوە خۆی دەرخستووە، لە لایەک ڕێگا بە خەڵکی کوردستانی رۆژهەڵات دەدات کە بە دژی دەوڵەتی تورکیە خۆپیشاندان بەڕێوە ببەن و لەم ڕێگاوە هەم وا پیشان بدات کە لە کوردستانی بندەستی خۆی پرسێک بە ناوی کورد بوونی نییە و کورد لە کوردستانی ڕۆژهەڵاتدا بە هەموو مافەکانی خۆی گەیشتووە و هەمیش چالاکان و دڵسۆزانی گەل و نیشتمان زیاتر بناسێت و دەسبەسەریان بکات و لە لایەکی دیکەوە لە مەجلیسیدا نوێنەرانی ئەو ڕێژیمە پشتگیریی لە هێرشەکەی تورکیە دەکەن و هێرش دەکەنە سەر نەتەوەی کورد لە هەموو پارچەکانی کوردستاندا. ئەمە کەتواری کورد و دوژمناننی کوردە و بەو ئاکامەمان دەگەینێت کە کورد جگە لە خۆی هیچ کەس دۆستی نییە.      

ناوەڕۆکی ئەم بابەتە ڕا و تێبینیی نووسەرە و ماڵپەڕی کوردستان میدیا لێی بەرپرسیار نییە.