کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

"کورد هیچی نییە بیدا بە کۆماری ئیسلامی..."!

19:03 - 16 گەلاوێژ 2719

میرۆ عەلیار

 بەدوای بڵاوبوونەوەی دەنگۆی وتووێژی حیزبە کوردستانییەکانی ئەندامی "ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران" لەگەڵ کۆماری ئیسلامی، بە بەرەکەتی   تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان، خەڵکێکی زۆر بە شێوەی جۆراوجۆر بیر و بۆچوونی خۆیان لەمەڕ ئەو بابەتە دەربڕی.

 ئەگەر هێرش و بێڕێزی و تۆمەتلێدانەکانی لێدەرکەین، بەشداریکردنی خاوەنبیران و ڕووناکبیران و چالاکانی سیاسی و مەدەنی لە باسەکەدا یارمەتییەکی بەنرخی داوە بە دەوڵەمەندکردنی پرسی وتووێژ بەگشتی و بەرچاوڕوونیی زیاتر بە حیزبەکان بەتایبەتی.

یەک لەو بۆچوونانەی کە سەرنجی ئەمنی زۆر ڕاکێشا ئەوە بوو کە گوترابوو "... کورد هیچی نییە بیدا بە کۆماری ئیسلامی" و لەوەڕا بەو ئاکامە گەیشتبوو کە "وتووێژ تەسلیمبوونە"!

سەرفینەزەر لەوەی ئەوڕۆ کورد لە کوردستانی ڕۆژهەڵات بە دەیان هەزار ژن و پیاوی لێهاتوو و خوێندەوار و پێگەیشتووی هەیە کە ئەگەر لە حکوومەتێکی ئاساییدا ڕێگای بەشداریی لە ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتی لە ئێرانیاندا پێبدرێ، سەروەت و سامانێکی گەورەی ئینسانین و دنیایەک یارمەتی بە بووژانەوە و بەرەوپێشچوونی وڵات دەدەن، ئەو بۆچوونە کە "کورد هیچی نییە بیدا بە کۆماری ئیسلامی"، نادروستە.

ڕێژیم هەموو جینایەتێکی دەرحەق بە کورد تاقی کردۆتەوە، بۆیە ڕەنگە بڵێین کورد شتێکی وای بۆ لەدەستدان نییە، بەڵام چارەسەرکردنی پرسی کورد زۆر ئیمتیازی گەورەی بۆ حکوومەتی ناوەندی هەیە و هەر دەوڵەتێک لە تاران دەسەڵاتی بەدەستەوە بێت و پرسی کورد چارەسەر بکا، زۆر دەسکەوتی گرینگ بۆ ئێران دابین دەکا.

ئەوە کە کۆماری ئیسلامی چل ساڵە بە هەموو هێز و توانایەوە هەوڵ دەدا کورد سەرکوت بکا و وەک ڕێژیمێکی توتالیتێر و ئیدئولوژیک، تەنیا بیر لە پاراستن و مانەوەی خۆی لە دەسەڵاتدا دەکاتەوە و زەرفییەتی چارەسەرکردنی پرسی کوردی نییە و لەو چل ساڵەدا ڕێژیم پرسی وتووێژی وەک ئامرازێک بۆ بەڕێوەبردنی پیلان دژ بە کورد بەکارهێناوە نەک بۆ چارەسەریی پرسی کورد،  بۆ هەموو کەس ڕوون و ئاشکرایە.

هەروەها، هیچ نیشانەیەکیش بەدی ناکرێ کە کۆماری ئیسلامی لە سیاسەت و کرداری خۆی بەرامبە بە کورددا، ئاڵوگۆڕی پێکهێنابێ.

کەوایە لێرەدا مەبەست کۆماری ئیسلامی نییە، مەبەست دەوڵەتێکی بەرپرسیار و تێبینە کە بەرژەوەندیی ئێرانی بەلاوە گرینگە و فارس گوتەنی: "دغدغە منافع ملی ایران"ی هەیە.

حکوومەتێکی ئەوتۆ بە چارەسەرکردنی پرسی کورد دەتوانێ زۆر دەسکەوت بۆ ئێران دابین بکا:

  • بە چارەسەرکردنی پرسی کورد یەکێک لە گرینگترین و لەمێژینەترین کێشەکانی  ئێران یەکلا دەبێتەوە.
  • یارمەتی یەکلاکەرەوە دەکا بە دابینبوونی ئەمنییەت و سەقامگیریی سیاسی لە وڵاتدا.
  • چارەسەرکردنی پرسی کورد ڕێگە خۆش دەکا بۆ چارەسەرکردنی پرسی نەتەوە بندەستەکانی دیکەش و یارمەتییەکی زۆر دەدا بە دابینبوونی یەکێتیی دڵخوازانە و هاوپێوەندیی قایمی نێوان گەلانی ئێران. ئەو سیاسەتە، بەبێ پەنابردن بۆ شەڕ و سەرکوت و جینایەت، یەکێتیی خاکی وڵاتیش دەستەبەر دەکا.
  • کۆمەڵگای ئێران هەنگاوێکی گەورە لە وەدیهاتنی دێموکراسی نزیک دەکاتەوە.
  • ڕەوایی سیاسی دەدا بە حکوومەت لە نێوخۆ و بەرامبەر بە دەرەوەدا. ئیعتبار و پڕستیژی سیاسیی ئێران لە ناوچە و دەرەوەی ناوچە دەباتە سەرێ.
  • لە ململانەی ناوچەیی و لە ئاستی نێودەوڵەتیدا پێگە و هەڵوێستی ئێران بەهێز و قایم دەکا.
  • بە چارەسەرکردنی پرسی کورد لە ئێراندا، حکوومەت قووڵایی ستراتێژیکی بەهێز و پایدار و دڵخوازانە لە بەشەکانی دیکەی کوردستان بۆ خۆی دابین دەکا.

بەپێی هەموو مەنتقێک، مەرج و بنەمای پێوەندیی سالم و متمانەی کورد لە هەر چوار بەشی کوردستان بە یەکێک لە ڕێژیمەکانی چوار وڵاتەکە، سیاسەت و هەڵوێستی ئەو ڕێژیمەیە بەرامبەر بە پرسی کورد لە وڵاتەکەی خۆیدا.

ئێستا هیچ کوردێک لە هیچکام لە بەشەکانی دیکەی کوردستاندا بڕوا و متمانەی بە ئێران نییە. کۆمەڵێک فاکتەری دیکە پێوەندیی نێوان ئێران و نەتەوەی کورد لە پارچەکانی دیکە دیاری دەکەن و ئەو پێوەندییە سەقامگیر و دەوامدار نییە.

 

  • ڕێژیم ساڵانە پارە و ئیمکاناتی سەرسووڕهێنەر بۆ سەرکوتی کورد و جووڵانەوەکەی تەرخان دەکا. بە چارەسەرکردنی ئاشتییانەی پرسەکە، هەموو ئەو هەزینانە دەگەڕێتەوە بۆ خەزێنەی دەوڵەت.
  • بە لە پەڕاوێزخستن و هەڵاواردنی کوردستان لە بواری ئابووریدا، تەنیا کورد زیان نابینێ بەڵکوو حکوومەت خۆشی لە سەروەت و سامان و بەرهەمەکانی کوردستانی "بالقوە" دەوڵەمەند، بێبەش دەکا.
  • لە باری مەزهەبییەوە، بە چارەسەرکردنی پرسی کورد و گەلانی ستەملێکراوی دیکە لە ئێراندا کە زۆربەیان سوننەمەزهەبن، ئێران ئیعتبار و نفووزێکی یەکجار زۆر لەنێو دنیای ئیسلام و گەلانی سوننەمەزهەب، بۆخۆی دەستەبەر دەکا.

 بۆیە، کاتێک لە مەسەلەکە ورد دەبینەوە، دەردەکەوێ کە حیزبە کوردستانییەکان دەتوانن لە مەوزەعی هێزەوە وتووێژ بکەن و ئەگەر وتووێژێک بێتە گۆڕێ و سەرنەکەوێ، حکوومەت زیاتر زەرەر دەکا هەتا کورد، ڕێژیم دۆڕاوی پرسەکە دەبێ.

لە هەمووی گرینگتر: لە خەبات دژی ڕێژیمی حاکم، حیزبە کوردستانییەکان هێزێکی لەشکاننەهاتوو و یەکلاکەرەوەیان لە پشتە، ئەویش پشتیوانیی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستانە. کۆماری ئیسلامی زۆر باش ئەوە دەزانێ.

با خۆمان و جووڵانەوەکەی خۆمان وەک هەیە واقیعبینانە ببینین، لە هەموو لایەنەکانی پرسەکە وردبینەوە و تەنیا لە ڕوانگەی فاکتەری هێزی نیزامییەوە خوێندنەوەی بۆ نەکەین.  کورد بە دەستی بەتاڵەوە ناکەوێتە وتووێژەوە لەگەڵ حکوومەتی ناوەندی.

کورد بڕوای بەخۆی و ئامانج و هێزی خەڵکی خۆی هەیە، حەتمەن دەبێ وشیار بێ بەڵام بە "اعتماد بنفس"ـەوە بەرەنگاری ڕووداو و پرسە سیاسییەکان، یەک لەوان پرسی وتووێژ، بێتەوە.

کۆماری ئیسلامی چل ساڵە بە هەموو شێوەیەک و بە هەموو چەکێکی بەردەستی بۆ بێدەنگ و سەرکوتکردنی جووڵانەوەی ڕزگاریخوازیی خەڵکی کوردستان و ئاسمیلەکردنی کورد هەوڵی داوە و بە هیچکوێ نەگەییوە.  

پێوەنان نییە ئەگەر بڵێین کە کۆماری ئیسلامی لە کوردستان ئەوڕۆ لە هەمووکاتێک بێزراوترە و دوای چڵ ساڵ نەیتوانیوە هیچ پێگەیەکی سیاسی و کۆمەڵایەتی لە کوردستان بۆ خۆی دەستەبەر بکا.

لە لایەکی دیکەوە، هەستی نەتەوەیی خەڵک لە گەشەسەندنی بەردەوامدایە و ئاڵای خەبات هەروا شکاوەیە و پرسی زەروورەتی یەکگرتن و یەکهەڵویستبوون و هاوکاریی حیزبەکان ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر دەبێتە قەناعەت و باوەڕ و زیاتر گرینگیی پێدەدرێ. ئەو ڕەوتە گەڕانەوەی بۆ نییە.

لەوەش بەولاوە، ڕێژیمەکان دەزانن کە پرسی کورد بەگشتی، سنووری چوار وڵاتەکەی بڕیوە و بۆتە پرسێکی گرینگی ناوچەیی و نێودەوڵەتی و کەوتۆتە نێو هاوکێشەکانی ناوچەوە کە بە پیلانگێڕیی و بە هێزی نیزامی ڕەنگە بتوانن ڕەوتەکە بۆ ماوەیەک خاوبکەنەوە و لێرەولەوێ کۆسپی بۆ دروست بکەن، بەڵام ناتوانن پێش بە پڕۆسەکە بگرن و بیوەستێنن.

مەبەست ئەوەیە کە هۆکار زۆرن بۆ ئەوەی حکوومەتی ناوەندی هان بدا یان ناچار بکا داوای وتووێژ لەگەڵ کورد بکا.

سەرفینەزەر لەوەی ئامانجی ڕێژیم لە وتووێژ چییە، وتووێژ لە خەباتی ڕزگاریخوازدا بەشێکە لە سیاسەت و ستراتێژیی هەر حیزب و لایەنێک. گرینگ ئەوەیە کەنگێ و چۆنی دەکەی و چەندە لایەنی بەرانبەرت دەناسی؟

کورد دەبێ وشیار، یەکگرتوو و بە بڕوابەخۆبوونی تەواوەوە خۆی بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەرچەشنە ڕووداوێک ئامادە بکا.

جووڵانەوەی کورد لە کوردستانی ئێران بەشێوەی "بالقوە" لە هەموو بارێکەوە زۆر بەهێزە. ئێمە بە هەموو لایەکمانەوە دەبێ تێبکۆشین بە یەکگرتوویی و پلان و ستراتێژیی هاوبەشی واقیعبینانەوە ئەو هیزە "بالقوە"یە  بکەین بە هێزی "بالفعل". گومانی تێدا نییە سەرکەوتوو دەبین.