کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کورد و دوژمنانی

17:41 - 20 رەزبەر 2719

نەوید کەرەمی

مێژووی دوور و نزیکی کورد، لێوانلێوە لە کارەساتی جگەرسووتێن و خوێناوی کە لە ئاکامی پەلاماری داگیرکەرانی کوردستان بۆ سەر خاک و خەڵکی کورددا هاتوونەتە ئاراوە.

گەر لاپەڕەکانی مێژووی کوردستان هەڵدەینەوە، هەر لە کۆن ساڵەوە هەتاکوو دەگاتە سەدەکانی ٢٠ و ٢١، هەتاکوو دەگاتە پەلامارەکانی سپای تێرۆریستی پاسدارانی ئێران و قەتڵ و عامی خەڵکی شار و گوندەکانی ڕۆژهەڵات، هێرش و کیمیابارانەکانی سەدام، داعش و حەشد بۆ سەر باشوور، زەبروزەنگی بەناو یاسایی ئاتاتۆرکییەکان بۆ لەنێوبردن و ئەنفالی نەتەوەیی و زمانی لە باکوور و هەروەها هێرشەکانی سەر کۆبانی و عەفرین، شەنگال لە سەردەمی هاتنی داعش، بیانووگرتنەکانی تورکیە و هێرشەکانی بۆ سەر خاکی ڕۆژئاوا، هەر هەموویان سەرچاوەکەیان بۆ گەمەی پشتی پەردەی وڵاتانی ئێران، عێراق، سووریە، تورکیە و ڕووسیە دەگەڕێتەوە.

ترسی ئەو وڵاتانە لە مێژووی شارستانییەتی کۆنی کورد، بووەتە بیانوویەک بۆ هەموو شەڕ، هێرش، پەلامار، ئەنفال و... هتد، بووەتە بیانووی دوژمنانی ئەم گەلە مافپێشێلکراوە و بێدەنگیی زلهێزان لە بەرانبەر ئەو هەموو زوڵم و دڕەندەییەی کە دەرحەق بە کورد دێتە ئاراوە.

کورد و کوردستان لە زۆربەی شەڕ و ململانێکانی دەوڵەتانی زلهێزی جیهانی کە لە ڕۆژهەڵاتی ناڤیندا ڕوویانداوە، هەروەها لە زۆرانبازیی سەربازی و پەلاماری دەوڵەتانی ناوچەیی بۆ سەر خاک و سنووری یەکدی، هەمیشە سەرەکیترین و گرینگترین سەرچاوەی مرۆیی و دابینکەری پێداویستییە سەرەکییەکانی ئەو شەڕانە بوون، بە شەڕکەری کورد شەڕیان کردووە و بە سەرمایە و سەرچاوەکانی کوردستان تێچووی شەڕەکەیانیان دابین کردووە.

کوردی بێدەوڵەت، کوردستانی پارچەپارچەکراو، کوردی فرەئایین، کوردی عەشیرە و خێڵەکی و کوردی...، سەرمایەیەکی یەکجار بەنرخ و گرانبەهایە کە هەرگیز دوژمنان ناتوانن چاوپۆشیی لێ بکەن و لەدەستی بدەن، هەر بۆیە بەردەوامن لە دوورخستنەوەی کورد لە یەکدی و پارچەپارچە کردن و سازکردنی دوژمنایەتی لە نێوانیان.

لە کۆتاییدا و بە کورتی، تا ئەو کاتەی کورد نەتوانێت خۆی لە فیکرییەتی چەقبەستووی خێڵەکی و بنەماڵەیی و فرقەیی دەرباز بکات و سەرەڕای هەموو جیاوازییە ئایینی، بنەماڵەیی و حیزبی، خۆی لە بەرژەوەندییە باڵاکانیدا گرێ نەدات، بەردەوام دەکەوێتە بەر هێرش و پەلاماری دوژمنان و لە جیهانیشدا بێپشتیوان دەمێنێتەوە.

جگە لە پەیماننامەکانی زەهاو و سێڤەر کە بوونەتە سەرەکیترین دوژمنی یاسایی بۆ کورد و کوردستان، هەندێک لە حیزبە کوردییەکانیش بە هەوڵدان بۆ سەرەڕۆیی، قەبووڵ نەکردنی حیزبەکانی دیکە و نەحەوانەوە لەگەڵیان، نایەکگرتوویی، نامەنتقی و مەیلیان بۆ وڵاتێک کە خۆی دوژمنی کوردە، ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ بوونەتە خۆخورە و بەردەوام دەسکەوتەکانی گەلەکەمان بە فێڕۆ دەدەن و دەبنە بەشێک لە هۆکاری کارەساتەکان و ماڵوێرانییەکانی گەلەکەمان.

بە هیوای دەرسوەرگرتن لە ڕابردوو و هەنگاونان بۆ گوشینی دەستی برایەتی و پشتئەستووربوونمان بە هێزی خۆمان، بە هیوای کۆدەنگیمان لەسەر خاکی هاوبەشی کوردستان و ژیانی برایانەمان لەسەر ئەو خاکە.

ناوەڕۆکی ئەم بابەتە ڕا و تێبینیی نووسەرە و ماڵپەڕی کوردستان میدیا لێی بەرپرسیار نییە.