کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کورد و نەبوونی ستراتیژی نەتەوەیی

18:35 - 2 خەزەڵوەر 2718

زانیار بەهاری

سەرەتا

فەرهەنگی وەزارەتی بەرگری ئامریکا بۆ وشە سەربازی و پەیوەندیدارەکانی ئەو بوارە بەم شێوەیە ستراتیژی نەتەوەیی پێناسە دەکات: "ستراتیژی نەتەوەیی بریتییە لە هونەر و زانستی پەرەدان و بەکارهێنانی توانای دیپلۆماسی، ئابووری و زانیاریی نەتەوەیەک لەپاڵ هێزی سەربازیدا بۆ دابینکردنی ئاسایشی ئامانجە نەتەوەییەکان لە شەڕ و ئاشتیدا"؛ هاوکات ئەم پێناسەیە بۆ چەمکی ستراتیژی ئاسایشی نەتەوەییش بەهەمان شێوە هاتووە کە ئەوەش دەرخەری گرینگی ئەم چەمکەیە لە ڕووی سیاسی و سەربازییەوە. لەم نووسینەدا هەوڵ دەدەین گرینگی و پێویستی هەنووکەیی هەبوونی ستراتیژێکی نەتەوەیی بۆ کورد و هۆکارە ڕێگرەکانی بەردەم پێکهاتنی ستراتیژێکی ئەوتۆ نیشان بدەیەن. ئاشکرایە کە هۆکار و ڕێگرەکان زۆرن و تێکەڵێکیشن لە هۆیە دەرەکی و ناوخۆییەکان بۆیە ئێمە هەوڵ دەدەین بە کورتی دوو هۆکار کە پێمانوایە تا ئێستا کەمتر باس کراون و بەرچاوبوون بخەینەڕوو و هیوادارین کە ئەم نووسینە سەرەتایەکی نوێ بێت بۆ باس‌کردن و گفتوگۆکردن لەسەر بابەتێکی گرینگ و چارەنووسسازی وەک ستراتیژی نەتەوەیی.

پێویستیی هەبوونی ستراتیژێکی نەتەوەیی

رەنگە رێکخستنی توانای سیاسی و سەربازی و ئابووریی جووڵانەوەیەکی نەتەوەیی رزگاریخوازی وەک کورد لە چوارچێوەی ستراتیژێکی هاوبەشدا سەخت و ئەستەم بێتە بەرچاو بەتایبەتیش کە تاوەکوو ئێستا لە هیچ بەشێکی کوردستاندا بە گشتی کیانێکی نەتەوەیی سەربەخۆ لە فۆرمی دەوڵەتدا پێک نەهاتووە، تا زەمینەی دروستبوونی ئەم ڕێکخستنە پێک بهێنێت و بەداخەوە دابەشبوونی کوردستان بە سەر چوار وڵاتی جیاواز و دابڕانی کوردان لە یەکتری ئەگەرەکانی بەردەم پێکهاتنی ئەم ستراتیژەی دژوارتریش کردووە. چونکە ئەم دابەشبوونە کاریگەری لەسەر پێکهاتنی تێگەیشتنێکی سیاسی جیاواز لە یەکتری هەبووە لە بەشەکانی کوردستاندا و هەوڵ دراوە لەڕێی ئەم تێگەیشتنە سیاسییەشەوە لێکدانەوە و تێڕوانین بۆ دۆزی کورد لە هەر بەشێکی دیکەدا بکرێت، بەڵام تەواوی ئەمانە ناتوانێ نکۆڵی لە گرینگی و پێویستی هەبوونی ستراتیژێکی هاوبەشی نەتەوەیی بکات. ئەگەر خوێندنەوەیەکی واقیعبینانە بۆ پێشهات و ڕووداوەکانی ئەم ساڵانەی دوای جووڵانەوەی رزگاریخوازی کورد لە هەر چوار بەشی کوردستاندا بکەین دەبینین لە کاتێکدا کە چەندە دابەشبوونی کوردستان و جیاوازی ویست و داخوازی و تێڕوانینی سیاسی هەر بەشێک ڕاستییەکی حاشاهەڵنەگرە هاوکات هاوچارەنووسی و کاریگەربوون و کارتێکەری بەشەکانی کوردستانیش لەسەر یەکتری فاکتێکی دیار و جێی تێبینی کردنە ، جێی تێبینی کردنە لەبەرئەوەی کە نیشاندەری پێویستی هاوهەنگاوی و جووڵانەوەیە لە چوارچێوەی سیاسەتێکی نەتەوەیی هاوبەش کە بتوانێت خەساری نەتەوەیی لە ئاستی مرۆیی و مەعنەویی و دەسکەوتە نەتەوەییەکان بهێنێتە خوار و هاوکات توانای وەڵامدانەوەیەکی بە‌هێز و کاریگەری هەبێت لە بەرامبەر مەترسییەکانی بەردەم جووڵانەوەی رزگاریخوازی کورد، سەرەڕای ئەوەیکە هاوئاهەنگی دیپلۆماسی و هەبوونی سیاسەتێکی دیپلۆماسی هاوبەشی وەڵامدەر بە ویست و داخوازییەکانی هەر بەشێک کاریگەری و شوێندانەری ئەم سیاسەتە چەندقات دەکات لە دنیای دەرەوەدا، کەواتە گرینگە بپرسین ئاخۆ بۆ تا ئێستا کورد سەرکەوتوو نەبووە لە پێکهێنانی ستراتیژێکی نەتەوەیی؟ هەرچەندە نکۆڵی لەوەش ناکرێت کە دەوڵەتانی داگیرکەری کوردستان بێ کاریگەری نەبوون لە پێکنەهاتنی ئەم ستراتیژەدا بەڵام لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا ئیرادەیەکی واقیعی و کردەییش لە خودی کورد نەبینراوە بۆ هەنگاونان بە ئاڕاستەی پێکهێنانی ستراتیژی نەتەوەیی؟

دوو هۆکاری کاریگەر لە ڕوانگەی ئەم نووسینەوە

ڕەنگە یەکێک لە هۆکارە دیار و بەرچاوەکان ئەوە بێت کە کورد لە ئاستی کوردستاندا بەگشتی و تەنانەت لەسەر ئاستی پارچەییشدا، تا ئێستا باوەڕی بە هاوچارەنووسی و چارەنووسی هاوبەش نەهێناوە. ئاماژەمان بە گرینگی کاریگەری و کارتێکەری بەشەکانی کوردستان کرد کە چەمکی سیاسی کاریگەری دۆمینۆی ڕەنگە باشترین دەربڕین بێت بۆ ئەم بارە واتە چۆن کەوتنی دانەیەکی دۆمینۆ کاریگەری لەسەر هەموو دانەکانی تر دەبێت بە هەمان شێوە سەرکەوتن و شکستی ئەزموونێکی کوردی لە بەشێک لە بەشەکانی کوردستان کاریگەری راستەوخۆی لەسەر بەشەکانی دیکەش دەبێت، هەر ئەم کاریگەربوونەش خوازیاری پێکهێنانی تێگەیشتنێکی سیاسی هاوبەشە تا لە ئەگەری سەرکەوتندا گەرەنتی بباتە سەر و لە ئەگەری شکستیش خەسارەکان بهێنێتە خوار و لە ئاستی پارچەییشدا کاریگەرییەکانی کە باسمان کردن زیاتر دەبن چونکە هەر چەندی کە هاوئاهەنگی و ڕێکاری هاوبەش و گەمەکەری سیاسی لە چوارچێوەیەکی وەڵامدەر بە دونیابینی و تێڕوانینی هێزە جیاوازەکان بوونی هەبێت ئەوەندەش کاریگەری پارچەی دیاریکراو لە راستای بەدیهێنان و دابینکردنی زەمینەی هاوبەش بۆ دروستبوونی ستراتیژێکی گشتی نێوان پارچەیی و نەتەوەیی دەچێتە سەرێ. هۆکارێکی دیکەی دیار و بەرچاو تێڕوانینی ئێمەی کوردە بۆ جیاوازییەکانمان، بێ گومان جیاوازی لە هەر ڕەهەندێکدا بابەتێکی سروشتییە و دەکرێت وەک خاڵی بەهێز و هۆکاری دەوڵەمەندی کلتووری و مێژوویی هەر کۆمەڵگە و نەتەوەیەک چاوی لێبکرێت بەڵام ئەم وتەیە تا ئەوکاتە ڕاستە کە جیاوازییەکان نەبنە هۆی دروستکردنی کەلێن و درز لە بەردەم پێکهاتنی شوناسێکی سیاسی و کلتووری یەکگرتوودا کە زامنی دەستەبەربوونی ستراتیژێکی نەتەوەیی هاوبەشە؛ هەڵبەت پێکهاتنی شوناسێکی یەکگرتوو بە واتای سڕینەوە و داننەنان بە جیاوازییە سیاسی و فکرییەکان نییە بەڵکوو بە واتای کۆکردنەوە و ڕێکخستنی هەموو ئەمانەیە لە چوارچێوەی شوناسێکی گەورەتر و گشتیتر، لە ڕاستای بەدیهێنانی هەرچی زیاتری ویست و داخوازییە نەتەوەییەکان و پاراستنی ئەزموون و دەسکەوتە بەدیهاتووەکان.

ناوەڕۆکی ئەم بابەتە را و تێبینیی نووسەرە و ماڵپەڕی کوردستان میدیا لێی بەرپرسیار نییە.