کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کوردانی خۆراسان

14:00 - 11 بانەمەڕ 2718

خەزان

کورد لە ئێران بە درێژایی مێژوو زیاتر لە هەموو بەشێک لە زێد و وڵاتی خۆی دور خراوەتەوە۰ بۆ نمونە لە ناوچەکانی شیراز، کرمان، سیستان، مازندەران، قەزوێن، خۆراسان و ... هتد بە سەدان بنەماڵە و هۆزی گەورەی کورد هەن کە هێشتا لە نێو نەتەوەی باڵادەستدا نەتواونەتەوە و زمان و کولتوری خۆیان پاراستووە. زۆر هۆز و بنەماڵەی دیکەش هەن کە پاش دوورخرانەوە بەرە بەرە لە رەسەنایەتی خۆیان دوور کەوتونەتەوە و ئاسێمیلە بوون. 

لە ئێراندا زۆرترین کەمینەی کورد کە لە خۆرهەڵاتی کوردستان دورخراونەتەوە، کوردەکانی خۆراسان و پاشان هۆزی گەورەی عەبدولمەلەکییە لە زاغمەرزی باکووری ئێران واتە مازەندەران. کوردەکانی خۆراسان بە هۆی دووری لە ناوەندیی ئێران و زۆربوونی حەشیمەت و ژیانی کۆچەری لە سەر نەریت و ڕەسەنایەتی خۆیان بە باشی ماونەتەوە و شوناسی خۆیان پاراستووە۰ ئەو بەشەی کوردستانی دوورخراوە بێجگە لە پاراستنی شوناسی نەتەوەیی لە باری سیاسیشەوە هەتا سەرهەڵدانی دەسەڵاتی رەزاخان دەسەڵاتی سیاسی خۆیان لە چەشنی شێوە فیدڕاڵی لەو دورگەیەدا پاراستووە. 

لە چاخی ئێستەدا کە شوناسی نەتەوەخوازی گەشەی کردووە، پێویستە ئەو بەشەی کوردستان بە شێوازی نوێ خەباتی خۆی فورمۆلیزە بکات. لە دوای شۆڕشی گەلانی ئێران بە تایبەتی لەم چەند دەیەی دواییدا پێوەندی کوردەکانی ئەو بەشە لە گەڵ وڵاتی دایک گەشەی کردووە و ئەو هاوپێوەندییە لەباری فەرهەنگی و سیاسییەوە شوێنی ئەرێنی لە سەر ئەوان داناوە. 

خەسارناسی سیاسی ئەو رەوتە کوردییە کە لەو بەشەدا گەشەی کردووە بە شێوەی سەرەکی بریتییە لەوەیکە چالاکوانانی سیاسی و فەرهەنگی بەتایبەت سیاسی بە سەر ئەحزابی کوردی خۆرهەڵات و باکوور و باشووردا دابەش بوون و لە قەوارەی ئەو حیزبانەدا خەریکی چالاکیی سیاسین. 

دەوڵەت هەرچەند بە هەموو شێوازێک دژی داخوازە نەتەوەییەکانە لە ئێراندا بەڵام ئەو پەرتەوازەیی و نایەکڕیزییە بە خاڵی پۆزەتیڤ ئەزانێ، چوونکە هەتا خەبات بەو جۆرە لەو مەڵبەندە بچێتە پێشەوە، دەوڵەت کەمتر تووشی خەسار ئەبێتەوە.

تەنیا رێگەچارەی ئەو خەسارە ئەوەیە کە ئەحزابی خۆرهەڵات بە پێی ئەو پڕەنسیپە ئەخلاقی و رەسەنەی کە گرتویانەتە پێش و دەستێوەردانی لە هیچ بەشێکدا نەکردووە، داوا لە چالاکوانانی سیاسی ئەو دەڤەرە چ لە دەرەوە و چ لە ناوخۆ بکەن کە بۆ بردنە پێشی خەباتی روون ودیار و شوێندانەر و دوژمنتەزێن بە شێوەی رێکخراوەیی خەبات بگوازنەوە بۆ ئەو مەڵبەندە.

هەبوونی حیزبێکی میللی ـ دێموکراتیک لە خۆراسان بە راستی لە باری سیاسییەوە دەوڵەت لەو گۆشە مەنگەی ئێران هەراسان ئەکات و کاریگەری ئەرێنی لە سەر کەمینە نەتەوەییەکانی وەک تورکمەن لەو ناوچەیە دائەنێ بۆ دامەزراندنی حیزبی نەتەوەیی و دەوڵەتتەزێن.

ناوەڕۆکی ئەم بابەتە را و تێبینیی نووسەرە و ماڵپەڕی کوردستان میدیا لێی بەرپرسیار نییە.